ههولێر- كهمپی 2
ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، لە کەشێکی پڕ لە شکۆ و سەرفرازیدا و لە ژێر چاودێری و ئامادەبوونی (پ.د. ئیدریس محەمەد تاھیر هەرکی)، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتهكنیكی ههولێر، زانکۆی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر (كهمپی 2)، یادی ڕۆژی ئاڵای کوردستانی بەرز ڕاگرت.
لە مەراسیمەکەدا کە بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، و ژمارهیهك له ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، بەڕێوەبەران، و ژمارەیەکی بەرچاو لە میوانانی حکومی، حزبی و بیانی بەڕێوەچوو، هەریەک لە د. ئامانج برادۆستی بەرپرسی ناوچەی ئاسۆ، خاتوو شیرین بەرپرسی ناوچەی ئایندە، مامۆستا کۆڤان بارزانی بەرپرسی ڕێکخراوی مامۆستایان و کاک ستار بەرپرسی ڕێکخراوی فەرمانبەران ئامادەی بوون، ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ هاوئاهەنگی و ڕێزگرتن لەم یادە نەتەوەییە.
مەراسیمەکە بە بەرزکردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان دەستی پێکرد، کە سیمبولی قوربانی و ئیرادەی گەلی کوردە، وەک وەفایەک بۆ خوێنی شەهیدان و ئەم خاکە. دواتر و هەر بەم بۆنەیەوە، ماراسۆنێکی گەورەی ڕاکردنی ماوەدرێژ بۆ مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیان ئەنجام درا.
ئەم چالاکییە وەرزشییە کە لە ناو کەشی پڕ لە جۆش و خرۆشی زانکۆدا بەڕێوەچوو، کۆتاییەکەی بە دابەشکردنی خەڵات لەلایەن سەرۆکی زانکۆوە بەسەر سەرکەوتووانی ماراسۆنەکەدا هات، کە تێیدا دەستخۆشی لە بەشداربووان کرا بۆ ئەو گیانە وەرزشیی و نیشتمانپەروەرییەی نیشانیان دا.
ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکییانە لە کاتێکدایە کە زانکۆی پۆلیتهكنیكی ههولێر هەمیشە وەک ناوەندێکی زانستی و نیشتمانی، بایەخێکی تایبەت بە چالاکییە وەرزشی و کلتورییەکان دەدات. زانکۆمان بەردەوام پاڵپشت و هاوکارێکی سەرەکی بووە بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار کە تێیدا زانست و نیشتمانپەروەری و تەندروستی جەستەیی یەکبگرن. ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە بەشێکن لە ستراتیژی زانکۆ بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و زیندووکردنەوەی یادە نەتەوەییەکان لەناو دڵی نەوەی نوێ و ناوەندە ئەکادیمییەکاندا.
































































































