Daily Archives: حوزه‌یران 9, 2026

زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بە ھەماھەنگی دەزگای خێرخوازی بارزانی خولێکی ڕاھێنان بۆ مامۆستایان و بەرپرسی تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژ و پەیمانگەکان دەکاتەوە

سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بە ھەماھەنگی دەزگای خێرخوازی بارزانی خولێکی ڕاھێنان بۆ مامۆستایان و بەرپرسانی تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژ و پەیمانگەکانی زانکۆ دەکاتەوە.

خولەکە لەسەر بنەمای ئەو ھەڵمەتەیە کە دەزگای خێرخوازی بارزانی لەژێر دروشمی (ھەڵمەتی نیشتمانی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان) ڕایگەیاندووە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاریی کۆمەڵگا بەگشتی و قوتابیانی زانکۆ بەتایبەتی.

 لە سەرەتای خولەکەدا، کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و سەرۆک بەش و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکانی زانکۆ ئامادەی بوون، پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا لە وتەیەکدا بەناوی سەرۆکی زانکۆوە بەخێرهاتن و سوپاسی بەشداربووانی خولەکەی کرد و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە بەشدارە لەم چالاکییە زانستییەدا.

پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر راشیگەیاند کە پرسی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر بووەتە رۆژەڤی جیهانی و هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئاستی جیاجیادا کار لەم بوارەدا دەکات.

جەختی لەوەشکردەوە کە وەک زانکۆ ستراتیژییەتی تایبەت هەیە بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتە و زانستییانە هەنگاو دەنێن بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و رایگەیاند، ئەم خولەی ئەمڕۆش لەچوارچێوەی هەمان پلان و دیدگای زانکۆیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.

دواتر مونا ئەحمەد محەمەد وانەبێژی هەڵمەتی نیشتمانی رووبەرووبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕاسپێردرابوو بۆ پێشکەش کردنی بابەتەکەی.

پاشان د.نزار گزاڵی بەڕێوەبەری سەنتەری راوێژکاری دەروونی و کۆمەلایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کورتەیەکی لەسەر ئالوودەبوون کرد.

دواتر بەشداربووان بە سەرنج و تێبینییەکانیان بابەتەکانیان دەوڵەمەندتر کرد

جێی ئاماژەیە، هەردوو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی و بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری زانکۆمان ئامادەکاری پێویستیان کرد بۆ بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچوونی خولەکە کە ٤٥مامۆستا و ١٥ فەرمانبەر لەسەر ئاستی کۆلێژ و پەیمانگاکانی سەربە زانکۆمان تیایدا بەشداربوون.