Daily Archives: حوزه‌یران 18, 2026

یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان واژۆ کرا

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازیی کرد لە پ.ی.د.چیا محەمەد حەسەن، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەکادیمی و زانستییەکانی نێوان هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی کرا.

هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی بەردەوام کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی کە بتوانێت بە شێوازێکی کارا خزمەت بە بازاڕی کاری کوردستان بکات.

دوای کۆبوونەوەکە، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان لەلایەن سەرۆکی هەردوو زانکۆوە واژۆ کرا.

ئەم یاداشتە ئامانجی دروستکردنی چوارچێوەیەکی گشتگیرە بۆ هاوکاریی هاوبەش، کە خۆی لە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی هاوبەش لە نێوان مامۆستایان و توێژەرانی هەردوو زانکۆدا، ئاڵوگۆڕی ئەزموون و کارمەند لە بوارە جیاوازەکانی کارگێڕی، تەکنیکی و ئەکادیمیدا، ڕێکخستنی کۆنفرانس، سیمینار و وۆرکشۆپی هاوبەش بۆ بەرزکردنەوەی توانای قوتابییان و ستافی زانکۆ، پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن و سوود وەرگرتن لە تاقیگە و کەمپەسەکانی یەکتر.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوو سەرۆکی زانکۆ هیوای سەرکەوتنیان بۆ ئەم هەنگاوە هاوبەشە خواست و ڕایانگەیاند کە ئەم جۆرە یاداشتانە دەبنە هاندەرێکی بەهێز بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری خوێندنی تەکنیکی لە هەرێمی کوردستان.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر جەخت لە پێویستی هەماهەنگی نێوانیان دەکەنەوە

به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییەکان، شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە سەرۆکایەتی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێری کرد و لەلایەن د.دلۆڤان محەمەدفاتح جەلال بەڕێوەبەری گشتی و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە پێشوازی لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان ئامادەی بوون، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر گرنگی و پێویستیی هەماهەنگی بەردەوام لەنێوان دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و کەرتی تەندروستی بەشێوەیەکی گشتی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بەتایبەتی کرد.

تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی نوێ بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستی لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی شارەزایی و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی هاوبەش کە خزمەت بە کەرتی تەندروستی و ئەکادیمی بکات.

پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری و هۆشیاری تەندروستی بە هاووڵاتییان لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە توانای زانستیی زانکۆ و توانای مەیدانیی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.

لەکۆتاییدا، هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامی ئەم جۆرە دیدارانە و داڕشتنی پلانێکی گشتگیر بۆ جێبەجێکردنی خاڵە هاوبەشەکان کردەوە، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی گشتی و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و تەندروستی کوردستان و هەولێر بێت.

تیپی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر گەیشتە کۆتاییەکانی پاڵەوانییەتی کیا مۆتۆرز بۆ فوتساڵ

لە میانی یارییەکانی پاڵاوتنی پاڵەوانییەتی کیا مۆتۆرز بۆ یاری فوتساڵی زانکۆکان – کۆمەڵەی هەولێر کە لە هۆڵی دووەمی کۆلیژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێوەچوو، تیپی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کۆتاییەکان سەرکەوت.

ئەنجامی یارییەکان بەم شێوە بوون:

تیپی زانکۆی تیشک 3-2 تیپی لوبنانی فەرەنسی

تیپی زانکۆی جیهان 3-1 تیپی زانکۆی کۆیە

تیپی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر 4-0 تیپی زانکۆی تیشک

تیپی زانکۆی سەڵاحەدین 4-0 تیپی جیهان

جێی ئاماژەیە یارییەکان بە شێوەیەکی سەرکەوتوو لە لایەن تیمێک لە ناوبژیوانانی نێودەوڵەتی و پلە یەکی عێراق و سەرپەرشتیاران بەڕێوەبردرا، هەروەها تیمەکانی پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و تەندروستی لە بەڕێوەبردنی یارییەکان بەشداربوون.