Monthly Archives: ئایار 2026

نوێنەری زانکۆمان بەشداریی لە چالاکییەک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان دەکات

بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی و ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە نوێنەرایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشدارییان لە چالاکییەکی تەندروستییدا کرد کە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان ئەنجامدرا.

چالاکییەکە بریتی بوو لە سیمینارێک کە لە پەیمانگای CMC بە هەماهەنگی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا و تیایدا نوێنەری لایەنە پەیوەندارەکان و ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندن ئامادەی بوون.

شایەنی باسە مەبەست لە ئەنجامدانی سیمینارەکە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی سەبارەت بە مەترسی و کاریگەرییە نەخوازراوەکانی جگەرەکێشان بوو، هەروەها گرنگی هەڵبژاردنی شێوازی ژیانێکی تەندروست و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و بەرپرسیارتر.

لە میانی چالاکییەکەدا زانیاری تەندروستی، ڕاوێژکاریی و ڕێنمایی پێویست بە ئامادەبووان درا دەربارەی ڕێگاکانی چۆنییەتی وازهێنان لە جگەرەکێشان.





راگری پەیمانگای تەکنیکی مێرگەسۆر بەشداریی لە کۆنفڕانسی ساڵانەی NAFSA دەکات لە ئەمریکا

پ.ی.د.طالب محەمەد شریف راگری پەیمانگای تەکنیکی مێرگەسۆر بە نوێنەرایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەک لە زانکۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کۆنفڕانس و پێشانگای ساڵانەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی مامۆستایان NAFSA 2026 کرد کە لە ویلایەتی فلۆریدا لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.

لە چالاکییەکەدا، شاندی کوردستان ژمارەیەک دیداریان لەگەڵ شاندە بەشداربووەکان ئەنجامدا و رەوشی پەروەردە و خوێندنی باڵایان لە هەرێمی کوردستان بۆ خستنەڕوو.

لە میانی کۆنفڕانسەکەدا پ.ی.د.طالب محەمەد شریف راگری پەیمانگای تەکنیکی مێرگەسۆر، بابەتێکی لەسەر جێبەجێکردنی فرەچەشنی لە پەروەردە و کاریگەری لەسەر فێربون لە کوردستان پێشکەش کرد.

کۆنفڕانس و پێشانگای ساڵانەی NAFSA 2026 کە لەلایەن کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی مامۆستایان ڕێکخراوە کە گەورەترین کۆبوونەوەی جیهانە کە تایبەتە بە پەروەردە و ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتیی، کە هەزاران کەسانی شارەزا و پسپۆڕی جۆراوجۆری بوارەکەدا کۆدەکاتەوە.

بۆ ئەمساڵیش نزیکەی هەشت هەزار کەس لە چەندین وڵاتی جیهانەوە بانگهێشتی ئەم کۆنفڕانسە کراون بە یەکێک لە کاریگەرترین کۆنفڕانسەکانی جیهان دادەنرێت کە تیایدا گرنگی بە تەوەرە سەرەکییەکانی ئامانجەکانی پەروەردە و خوێندن و کاری هاوبەش و بەستنەوەی خوێندن بە گەشەسەندنی ئابووری و دادپەروەری کۆمەلایەتی و مرۆڤایەتی دەدات، لە هەمان کاتدا دەرفەتی بەردەوام بۆ فێرخوازان لە سەرانسەری جیهان دەڕەخسێنێت. ئامادەبووان دەرفەتیان دەبێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر، هاوبەشکردنی ئەزموونەکان، و گەڕان بەدوای ستراتیژی و باشترین پراکتیزە کاریگەرەکان کە ڕەنگدانەوەی گرنگی پەروەردەی نێودەوڵەتی لە جیهانی ئەمڕۆدا دەبێت.

بەشداربووانی پێشانگای NAFSA 2026 سوودمەند دەبن لە چەندین دانیشتنی جۆراوجۆر کە لەلایەن پسپۆڕانی پەروەردەی نێودەوڵەتییەوە داڕێژراون، کە ڕەوتە سەرەکییەکانی گەشەپێدانی پیشەیی و داکۆکیکردن لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و گشتگیری لەخۆدەگرێت.

جێی ئاماژەیە کۆمەڵەی پەروەردەکارانی نێودەوڵەتیی گەورەترین ڕێکخراوی قازانج نەویستە لە جیهاندا کە تایبەتە بە پەروەردە و ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتیی کە لە ساڵی ١٩٤٨ دامەزراوە، ئەرکی پێشخستنی فێربوون و ئاڵوگۆڕکردنە، ئاسانکاری بۆ لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتنە لە نێوان کەسانی شارەزا و بە ئەزموون و پەرەپێدانی تاکی لێهاتوو لە ئاستی جیهانیدا.

ئامانجە سەرەکییەکانی کۆمەڵەکە بریتییە لە پێشخستنی فێربوون و توێژینەوە لەڕێگەی دابینکردنی سەرچاوە و بەرنامە کە پاڵپشتی پەروەردەی نێودەوڵەتیی دەکات.

پەرەپێدانی لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتن لە نێوان کەسانی شارەزا و بە ئەزموونی جۆراوجۆر.

پەرەپێدانی کەسانی لێهاتوو لە ئاستی جیهانیدا کە توانای چارەسەرکردنی ئاستەنگ و هەلومەرجەکانی جیهانیان هەبێت.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی ئەرکەنساس لە ئەمریکا تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دەکەن

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی ئەرکەنساس لە ئەمریکا تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوانیان دەکەن.

ئەم هەنگاوانە لەمیانی کۆبوونەوەیەکدا هات کە بەشێوەی ئۆنڵاین لەنێوان هەریەک لە پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدان و پ.ی.د.عەبدوڵڵا عومەر یاسین بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆمان لەگەڵ د.ئەحمەد لە زانکۆی ئەرکەنساس هات.
لە کۆبوونەوەکەدا کە د.سوزان عەبدوڵڵا ئەنوەر مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کە لە ئێستادا لەو زانکۆیەدا کار دەکات ئامادەی بوو، هەردوولا خۆشحاڵیان نیشاندا بۆ هەنگاونان بۆ کاری پێکەوەیی.

هەر لە کۆبوونەوەنەکەدا تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو زانکۆ بەتایبەتی لەبواری گەشەپێدانی بەردەوام و پەرەپێدانی تواناکان لە کردنەوەی خول و راهێنانی تایبەت بە مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیانی زانکۆمان، هەروەها وەرگرتنی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ ژمارەیەک لە بەشەکانی زانکۆمان کرا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە ئامادەکاریی بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو زانکۆ کرا تاوەکو ببێتە نەخشە ڕێگای کاری هاوبەش بە ئامانجی پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردو زانکۆ لە بوارە جیاجیاکاندا.

مامۆستایەکی زانکۆمان وەک پاڵێوراوی پڕۆگرامی ITEC بەشداریی لە خولێکی Data Analysis دەکات لە وڵاتی هیندستان

ڕێبین ستار عثمان مامۆستا لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی زانکۆمان بەشداریی لە خولێکی تایبەت بە شیکاری داتا Data Analysis کرد کە لەژێر ناونیشانی (Certificate course in data analytics using Python) کە لە سەنتەری (Centre for development  of advanced computing) لە شاری نیودەلهی پایتەختی هیندستان بەڕێوەچوو.

 شایەنی باسە ئەم پڕۆگرامە سەرپەرشتی دەکرێت لەلایەن هەردوو وەزارەتی دەرەوە و ئەلکترۆنی و تەکنەلۆژیای زانیاری وڵاتی هیندستان کە لە چەندین وڵاتی جیاواز پاڵێوراوان بەشدار دەبن تێیدا، خولەکە ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بوو لەکۆتایی خولەکەدا ناوبراو ڕێزلێنان و بڕوانامەی خولەکەی پێ بەخشرا.

1 2 3 8