Category Archives: Uncategorized

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ژمارەیەک پێداویستی وەرزشی بۆ کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکیەکان دابین دەکات

لە ژێر چاودێری سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمەدتاهیر هەرکی و بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و قوتابییان، بەڕێوبەرایەتی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ ژمارەیەک پێداویستی وەرزشیی بۆ سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان دابین کرد.

پێداویستییەکان پێکهاتبوون لە مێزی تایبەت بە یاری تۆپی سەرمێز و رێکت و تۆپ کە لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆوە بۆ کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان دابین کرابوو و بەسەرپەرشتی بەڕێوبەرایەتی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ دابەش کرا.

هەر بۆ زیاتر گرنگیدان و بەرەوپێش بردنی بواری وەرزشی لە زانکۆمان و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی زانکۆ بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا یاریگای تۆپی پێی بچووککراوە بەشێوەیەکی مۆدێرنانە لە سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان دروست بکرێت.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و رێکخراوی (دەبلیو ئێف پی) دەستیان بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئیمپاکت کرد

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 4ـی کانونی دووەمی 2023 لە سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی د. نجیب تۆما بتو پرۆسەی تۆمارکردنی بەشداربووانی پرۆژەی ئیمپاکت دەستی پێکرد.

پرۆژەی ئیمپاکت بە چاودێری رێکخراوی خۆراکی جیهانی (دەبلیو ئێف پی) لە لایەن زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر  – بەرێوەبەرایەتی سەنتەری پەرەپێدان بۆ کارەوە جێ بەجێ دەکرێت، و لە لایەن حکومەتی ئەڵمانیا و بالیۆزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق پاڵپشتی دارایی دەکرێت.

پرۆژەکە بە مەبەستی هاوکاری کردنی گەنجانی پەنابەری سوری و ئاوارەی ناوخۆی عێراق و گەنجانی سنوری پارێزگای هەولێر و دەوروبەری جێبەجێ دەکرێت بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی پرشنگدار، وە دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی زانستی کە لە ئاست خواستی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگەکان بێت. لە رێگەی کردنەوەی خولی بەهێزکردنی تواناکانی بەشداربووان لە بوارەکانی (زمانی ئینگلیزی و زانستی کۆمپیوتەر) بۆ ماوەی 10 مانگ.

ئەم پرۆژەیە دەبێتە هاندانێک بۆ ئامادەکردنی دەرچووان بۆ بەدەست هێنانی هەلی کار لە ئێستا و لە داهاتوودا، وە دابینکردنی پێداویستییە زانستی و ڕۆشنبیری و مادییەکان.

شیاوی باسە پرۆژەی ناوبراو لە لایەن مامۆستایانی شارەزا و لێهاتووی زانکۆمانەوە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت بۆ 150 دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگەکان.

دوو قوتابی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە راوندی کۆتایی پێشبڕکێی هواوی پلەی شایستە بەدەست دەهێنن

دوو قوتابی بەشی (ئای.سی.تی.ئی) کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشدارییان کرد لە راوندی کۆتایی پێشبرکێی تەکنەلۆجیای هواوی لە بواری گەیاندن لەسەر ئاستی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست کە لە 19 تا 23ـی دیسەمبەری 2022 لە سەڵتەنەی عوممان بەڕێوەچوو.

لە راوندی کۆتایی پێشبڕکێیەکەدا 15 تیم لە 11 وڵاتی جیاواز بەشدار بوون، تیمە بەشداربووەکان لە کۆی 472 زانکۆ سەرکەوتووبوون لە راوندەکانی پێشوو لە سەرجەم وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توانیبویان سەرکەوتن بەدەست بهێنن و بگەنە راوندی کۆتایی پێشبڕکێیەکە.

تیمی زانکۆمان کە پێکهاتبوون لە دوو قوتابی لە ژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی سەنتەری ئەکادیمیای هواوی زانکۆکەمان بەسەرپەرشتی مامۆستا شیرین عبدالله انور بەشدارییان کردبوو لەم ئاستەدا توانیان پلەی حەوتەم بەدەست بهێنن لە کۆی 15 تیمی سەرکەوتوو لە راوندی کۆتایی.

شیاوی باسە سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی دەستخۆشی لە سەنتەری هواوی زانکۆمان و هەریەکە لە مامۆستا شیرین و قوتابییان و کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر کرد بۆ ئەو سەرکەوتنە و بەدەستهێنانی پلەی شایستە لە راوندی کۆتایی هەروەها سەرۆکی زانکۆ پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ دووپاتکردنەوە لەداهاتوودا.

سەرۆکی زانکۆ سەردانی کۆلێژی تەکنیکی سۆران دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەیاوەری د. نەجیب توما بتو، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە کارەکان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان، کۆلێژی تەکنیکی سۆرانی بەسەرکردەوە و و لەلایەن م. پاکستان محەمەدئەمین یوسف، ڕاگری کولێژ و ئەندامانی ئەنوجومەنی کۆلێژ پێشوازییان لێکرا.

لەو سەردانەدا سەرۆکی زانکۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکانی بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی کۆڵییەوە.

هەر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ کۆلێژی تەکنیکی سۆران، سەرۆکی زانکۆ بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی قوتابیان، بەشەناوخۆیی نوێی کۆلێژەکە و بەشێک لە پڕۆژەکانی بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە گوێی لە داخوازییەکانی قوتابیان گرت و بەلێنی پێدان کە هەرچی لە توانایدا بێت هاوکار بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو کێشانەی کە هەن.

دواتر لە رێوڕەسمێکدا کە بەمەبەستی بەخشینی سوپاس و پێزانین بۆ مامۆستایانی سەرکەوتوو لە پرۆسەی دلنیایی جۆریی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢١- ٢٠٢٢ رێکخرابوو، سەرۆکی زانکۆ گوتەیەکی پێشکەش کرد و جەختی لە گرنگی پرۆسەی دڵنیایی جۆری و بەردەوام هەوڵدان و پەرەپێدان بەتواناکان لە لایەن مامۆستایان کرد و دواتر بڕوانامە بەسەر مامۆستایاندا دابەشکرا.