Tag Archives: #EPU

سەرۆکی زانکۆ بەشداری کرد لە دیدارى نەخشەڕێى بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکانی

رۆژی دووشەممە 26ی شوباتی 2024، پ.د. ئیدریس محمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەسەرۆکایەتی شاندێک بەشداری کرد لە “دیدارى نەخشەڕێى بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکانی” کە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستییەوە رێکخرابوو.

لە دیدارەکەدا کە لە هۆتێلی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەچوو بریکارى وەزارەتی خوێندنی باڵا و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆ حکومى و تایبەتەکان و ئەندامانى لێژنەى باڵاى بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و ژمارەیەک لە مامۆستایان و توێژەران و پارێزەران و کەسانى پسپۆڕ ئامادەیبوون.

شاندی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێکهاتبون لە پ.ی.د. یوسف مستەفا رەسول یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابییان، د. هەتاو کەریم و د. عەلی عەبدوڵا مامۆستای زانکۆمان و مامۆستا سەرمەند نەسرەدین بەڕێوبەری کارگێڕی سەرۆکایەتی زانکۆ و هاوکات چالاکی بواری بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان.

دوای خوێندنەوەی چەند وتارێک بەرنامەى کارى دیدارەکە دەستپێکرد، بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕێگەى دوو پانێڵ کە لەلایەن هەریەک لە د. سەباح ئیبراهیم وەیس راوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و د. خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون بەڕێوەچوو، توێژەران و پسپۆڕانى بوارەکە گفتوگۆیان لەبارەى لایەنە جیاکانى مادە هۆشبەرەکان کرد و کۆمەڵێک بیروبۆچونى جیاوازیان خستەڕو بۆ چۆنیەتى دانانى نەخشەڕێى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکان.

وەزارەتی خوێندنی باڵا رۆڵی گەورەى هەیە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، پەرەپێدانی تواناکان، توێژینەوە و پەرەپێدان، ئاوێتەکردنی پرسی مادە هۆشبەرەکان لەگەڵ پرۆگرامەکانی خوێندن، بەکارهێنانی زانستییانەی هۆیەکانی میدیا و سۆشیال میدیا و تەکنەلۆجیا، هەروەها کاراکردنی سێنتەرەکانی راوێژکاری قوتابیان لەناو زانکۆکان بۆ بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکان، هەروەها لەسەر ئاستی حکومەت بە چڕی کار لەسەر ئەم پرسە دەکرێت، لیژنەی باڵای تایبەت بۆ ئەم پرسە بە بەشداری نوێنەرانی هەمو وەزارەتەکان پێکهێنراوە.

لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشدارییەکی کارای کردووە لە داڕشتنی نەخشەڕێگای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.