Author Archives: hemn hemn

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پێشوازی لە پاڵەوانانی جامی فوتساڵی زانکۆکان دەکات

ئه‌مڕۆ 15/1/2026، و لە کەشێکی پڕ لە شانازیدا، به‌ڕێز پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، و بە ئامادەبوونی  به‌ڕێز پ.د. ئازاد حەسەن قادر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و مامۆستا بهزاد حلمی ئاكره‌ی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ، پێشوازییان کرد لە تیپی مامۆستایانی زانکۆ بە سەرپەرشتیی م.ی. ڕەمزی عیسمەت محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری چالاکییەکان. ئەم دیداره‌ دوای ئەوە هات کە تیپەکە توانی بە شایستەیی نازناوی پاڵەوانێتیی تۆپی پێی بچووکراوە (فوتساڵ) لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەدەست بهێنێت، کە تێیدا لە نێو ڕکابەریی شەش زانکۆی هەرێمدا توانییان پلەی یەکەم مسۆگەر بکەن.

لە میانی سەردانەکەدا، یاریزانان و ستافی تیپەکە وەک دەربڕینی وەفایەک بۆ ئەو پشتیوانییە بەردەوامەی کە سەرۆکایەتیی زانکۆ پێشکەشی کردوون، جامە بەدەستهاتووەکەیان پێشکەش بە بەڕێز سەرۆکی زانکۆ کرد. ئەم دەستکەوتە وەرزشییە بەرهەمی ئەو هەوڵ و کۆششە بوو کە تیپەکە لە ماوەی ڕابردوودا خستبوویانە گەڕ بۆ بەرزکردنەوەی ناوی زانکۆ لە پاڵەوانێتییەکاندا.

جێگای ئاماژەیە، ئەم سەرکەوتنە ڕەنگدانەوەی ئەو ستراتیژە ڕوونەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرە کە هەمیشە بایەخێکی تایبەت و گرنگ بە چالاکییە وەرزشی و کۆمەڵایەتییەکان دەدات. سەرۆکایەتیی زانکۆ بەردەوام پەرۆشی ئەوە بووە کە لە پاڵ پرۆسەی ئەکادیمی و زانستیدا، ژینگەیەکی تەندروست و چالاک بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران بڕەخسێنێت و وەک پاڵپشتێکی بەهێز لە پشت سەرجەم چالاکییەکانەوە وەستاوە، بەو بڕوایەی کە وەرزش بەشێکی دانەبڕاوە لە پێشخستنی تواناکان و دروستکردنی گیانی هاوکاری لە نێو ستافی زانکۆدا.

به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری ڕاوێژكاری ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی، سیمینارێكی گرنگ له‌ په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی خه‌بات پێشكه‌ش ده‌كات

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی 14ی كانوونی دووه‌می 2026، له‌ چوارچێوه‌ی گرنگیدانی به‌رده‌وامی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر به‌ پرسه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان و ته‌ندروستی ده‌روونی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، و له‌به‌رده‌وامی زنجیره‌ سیمیناره‌ زانستییه‌كان، به‌ناونیشانی (گوشاره‌كانی ژیان و گرنگیدان به‌ ته‌ندروستی ده‌روونی) له‌ په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی خه‌بات سیمینارێك به‌ڕێوه‌چوو.

ئه‌م چالاكییه‌ به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز پ.ی. د. یوسف مسته‌فا ره‌سول، یاریدەدەری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری قوتابیان و به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان و راگری په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی خه‌بات و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران ڕێكخرابوو، له‌لایه‌ن هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی و سه‌نته‌ری ڕاوێژكاری ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی پێشكه‌شكرا.

د. نزاز گزالی، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری ڕاوێژكاری ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی، وه‌ك پێشكه‌شكاری سیمیناره‌كه‌، سه‌ره‌تا ناساندنێكی كورتی سه‌نته‌ره‌ نوێیه‌كه‌ی خسته‌ڕوو و گرنگی ئه‌و سه‌نته‌ره‌ی بۆ ئاماده‌بووان ڕوونكرده‌وه‌. پاشان بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی كاتژمێرێك به‌شێوه‌یه‌كی ورد باسی له‌ فشاره‌ ده‌روونییه‌كانی سه‌ر تاكه‌كان كرد، كه‌ له‌ ئه‌نجامی فاكته‌ره‌ جۆراوجۆره‌كان و سه‌ختییه‌كانی ژیان دروستده‌بن.

له‌ كۆتاییدا، شێوازه‌كانی مامه‌ڵه‌كردن و باشتركردنی باری ده‌روونی به‌ تێروته‌سه‌لی خرایه‌ ڕوو. دواتر ده‌رفه‌ت به‌ ئاماده‌بووان درا بۆ به‌شداریكردن له‌ڕێگه‌ی پرسیاركردن و گفتوگۆ، كه‌ له‌لایه‌ن دكتۆر نزار وه‌ڵام درانه‌وه‌. پاشان به‌ڕێز پ.ی. د. یوسف مسته‌فا ره‌سول، یاریدەدەری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری قوتابیان و به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان و راگری په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی خه‌بات سوپاس و پێزانینی پێشكه‌ش به‌ دكتۆر كرد.

ئه‌م چالاكییه‌ خۆی له‌ زنجیره‌ سیمینارێك ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ هه‌ردوو سه‌نته‌ر به‌ هه‌ماهه‌نگییه‌وه‌ بڕیاریان داوه‌ له‌ سه‌رجه‌م كۆلێژ و په‌یمانگه‌كانی زانكۆ پێشكه‌شی بكه‌ن، به‌ ئامانجی به‌رزڕاگرتنی ته‌ندروستی ده‌روونی و هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی. زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر هه‌میشه‌ بایه‌خ به‌ جۆره‌ چالاكییه‌ زانستی و ئه‌كادیمیانه‌ ده‌دات له‌پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری و زانستی مامۆستایان و قوتابیانی خۆشه‌ویستی زانكۆكه‌مان.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر،لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکانی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشكی دەکات

لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوامی سەرۆکایەتیی زانکۆ بە ژێرخانی کۆلێژەکان و بەدواداچوون بۆ کارەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، به‌ڕێز پ.د. ئیدریس محەمەد تاھیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر، بە یاوەریی مامۆستا بەهزاد حلمی ئاکرەیی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ و ئەندازیار ئینزار بەهجەت، بەڕێوەبەری ئەندازە و پڕۆژەکانی زانکۆ، سەردانی مەیدانیی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکانی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشكییان کرد و لەلایەن پ.ی.د. مراد ئەمیر ئەحمەد، ڕاگری کۆلێژ و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆلێژەوە پێشوازییان لێکرا.

ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە بریتی بوو لە بەسەرکردنەوە و چاودێریکردنی ئەو پڕۆژانەی کە ئێستا لە ناو حەرەمی کۆلێژەکەدا لە قۆناغی جێبەجێکردندان، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری وردەکارییەکان و ئاستی پێشکەوتنی کارەکان بن. لە میانی بەسەرکردنەوەکەدا، سەرۆکی زانکۆ جەختی لەوە کردەوە کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەمیشە بە بایەخێکی زۆرەوە دەڕوانێتە ئەم جۆرە چالاکی و پڕۆژانە و بەشێکی دانەبڕاوە لە کارنامەی زانکۆ بۆ پێشخستنی ئاستی خزمەتگوزاری و زانستی؛ هەروەها دووپاتی کردەوە کە سەرۆکایەتیی زانکۆ بەردەوام پاڵپشت و هاوکار دەبێت بۆ تەواوکردنی هەر پڕۆژەیەک کە خزمەت پرۆسەی خوێندن و بەرەوپێشبردنی کۆلێژەکان بکات.

بەمەبەستی پەرەپێدانی هەماهەنگییە زانستییەکان؛ سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی لە شاندێکی پەیمانگەی بێست دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە، ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، به‌ڕێز پ.د. ئیدریس محەمەد تاھیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر، لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ، پێشوازیی لە شاندێکی پەیمانگەی تەکنیکی پیشەیی بێست کرد. شاندەکە پێکھاتبوو لە مامۆستا ئامانج یونس عوسمان، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی پەیمانگە، و دکتۆر کاروان، ڕاگری پەیمانگە و شاندێکی یاوەریان.

لە دیدارێکدا، کە پ.د. ئازاد حەسەن قادر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، و مامۆستا بەهزاد حلمی ئاکرەیی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستییەکان و دروستکردنی هەماهەنگیی نێوان هەردوولا کرا. ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە واژووکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بوو، کە تیایدا هەردوولا لە ڕووی زانستی و ئەکادیمییەوە سوود لە ئەزموونەکانی یەکتر وەربگرن.

لای خۆیەوە، سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوە دا کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەمیشە بە بایەخەوە لەم جۆرە چالاکی و سەردانانە دەڕوانێت و وەک ناوەندێکی زانستیی پیشەنگ، بەردەوام پاڵپشت و هاوکار دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و لێهاتوویی پیشەیی. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی زانکۆدایە بۆ کرانەوەی زیاتر بەڕووی دامەزراوە پەروەردەیی و تەکنیکییەکاندا، بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتر.