سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پێشوازی لە پاڵەوانانی جامی فوتساڵی زانکۆکان دەکات

ئه‌مڕۆ 15/1/2026، و لە کەشێکی پڕ لە شانازیدا، به‌ڕێز پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، و بە ئامادەبوونی  به‌ڕێز پ.د. ئازاد حەسەن قادر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و مامۆستا بهزاد حلمی ئاكره‌ی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ، پێشوازییان کرد لە تیپی مامۆستایانی زانکۆ بە سەرپەرشتیی م.ی. ڕەمزی عیسمەت محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری چالاکییەکان. ئەم دیداره‌ دوای ئەوە هات کە تیپەکە توانی بە شایستەیی نازناوی پاڵەوانێتیی تۆپی پێی بچووکراوە (فوتساڵ) لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەدەست بهێنێت، کە تێیدا لە نێو ڕکابەریی شەش زانکۆی هەرێمدا توانییان پلەی یەکەم مسۆگەر بکەن.

لە میانی سەردانەکەدا، یاریزانان و ستافی تیپەکە وەک دەربڕینی وەفایەک بۆ ئەو پشتیوانییە بەردەوامەی کە سەرۆکایەتیی زانکۆ پێشکەشی کردوون، جامە بەدەستهاتووەکەیان پێشکەش بە بەڕێز سەرۆکی زانکۆ کرد. ئەم دەستکەوتە وەرزشییە بەرهەمی ئەو هەوڵ و کۆششە بوو کە تیپەکە لە ماوەی ڕابردوودا خستبوویانە گەڕ بۆ بەرزکردنەوەی ناوی زانکۆ لە پاڵەوانێتییەکاندا.

جێگای ئاماژەیە، ئەم سەرکەوتنە ڕەنگدانەوەی ئەو ستراتیژە ڕوونەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرە کە هەمیشە بایەخێکی تایبەت و گرنگ بە چالاکییە وەرزشی و کۆمەڵایەتییەکان دەدات. سەرۆکایەتیی زانکۆ بەردەوام پەرۆشی ئەوە بووە کە لە پاڵ پرۆسەی ئەکادیمی و زانستیدا، ژینگەیەکی تەندروست و چالاک بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران بڕەخسێنێت و وەک پاڵپشتێکی بەهێز لە پشت سەرجەم چالاکییەکانەوە وەستاوە، بەو بڕوایەی کە وەرزش بەشێکی دانەبڕاوە لە پێشخستنی تواناکان و دروستکردنی گیانی هاوکاری لە نێو ستافی زانکۆدا.