Author Archives: hemn hemn

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پردی پەیوەندیی نێوان قوتابیان و بازاڕی کار بەهێزتر دەکات

هه‌ولێر- سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ١ی ٢٠٢٦، لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ؛ بەڕێز پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، به‌ئاماده‌بوونی هه‌ر یه‌ك له‌ به‌ڕێزان پ.ی.د. هەتاو کەریم خدر، بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆ، و پ.ی.د. عه‌بدوڵڵا عمر یاسین، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی زانكۆ، و مامۆستا به‌هزاد حلمی ئاكره‌یی، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی سه‌رۆكی زانكۆ، پێشوازییان لە شاندی هەردوو کۆمپانیای “خانزادە خاتوون” و “زنجیرە ڕێستۆرانتەکانی ئەمەریکانا” کرد.

زنجیرە ڕێستۆرانتەکانی ئەمەریکانا، بەیەکێک لە گەورەترین کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان دادەنرێت لە بواری خواردن و رێستۆرانتەکاندا ؛ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست  باشووری ئەفریقیا، و لە گرنگترین زنجیرە رێستورانتەکانیشیان (KFC- Pizza Hut- Hardee’s- Krispy Kreme).

⁠لەم دیدارەدا کە بە هەماهەنگی و دەستپێشخەریی سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆ ڕێکخرابوو، گفتوگۆ لەسەر دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان زانکۆ و کەرتی تایبەت کرا. ئامانجی سەرەکیی دانیشتنەکە ڕەخساندنی دەرفەتی مەشق و ڕاهێنان و سوودوەرگرتن بوو لە ئەزموون و پڕۆگرامەکانی ئەو کۆمپانیایانە بۆ قوتابیانی زانکۆ، بەتایبەتی بۆ قوتابیانی بەشە گەشتیارییەکان و كارگێڕییه‌كان، تاوەکو وەک پردێکی تۆکمە زانکۆ بە بازاڕی کارەوە ببەستنەوە و دەرچووان ئاشنای ژینگەی ڕاستەقینەی کار بن.

هەر لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا سەبارەت بە واژۆکردنی یاداشتێکی لێک تێگەیشتن لەنێوان هەردوولادا بۆ ئەوەی کارەکان چوارچێوەیەکی فەرمی وەربگرن. جێگەی ئاماژەیە، سەرۆکایەتی زانکۆ هەمیشە وەک بەشێک لە ستراتیژییه‌تی خۆی، بایەخێکی تایبەت بەم جۆرە هەماهەنگییانە دەدات، و بەردەوام پاڵپشت و هاوکاری هەر دەستپێشخەرییەکە، کە ئاسۆی کارکردن بۆ قوتابیان فراوان بکات؛ و تواناکانیان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕدا بگونجێنێت.

زانکۆمان براوەکانی پاڵەوانێتیی شەترەنج و تۆپی سەرمێزی خەڵات کرد

هه‌ولێر- كه‌مپه‌سی یه‌كی زانكۆ

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی 28/١/٢٠٢6، لە کەشێکی وەرزشی و دۆستانەداو لە کەمپی یەکی زانکۆماندا، مەراسیمی دابەشکردنی خەڵات بەسەر براوەکانی هەردوو پاڵەوانێتیی شەترەنج و تۆپی سەرمێز بەڕێوەچوو. مەراسیمەکە لەژێر چاودێریی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆ و به‌ئاماده‌بوونی هه‌ر یه‌ك له‌ به‌ڕێزان پ.د. ئازاد حسن قادر، ی. سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری  كارگێڕی و دارایی، و پ.ی. د. یوسف مسته‌فا ره‌سول، ی. سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری قوتابیان، و پ.ی.د. سه‌رسام خلیل عمر، راگری په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی كارگێڕی هه‌ولێر، و مامۆستا ئاسۆ یاریده‌ده‌ری راگری په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی كارگێڕی هه‌ولێر ئەنجام درا، و تێیدا بە ڕێزەوە پێشوازی لە هەوڵ و ماندووبوونی قوتابیە بەشداربووەکان کرا.

ئەم چالاکییە وەرزشییە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی چالاکییە وەرزشییەکانی زانکۆوە ڕێکخرابوو، کێبڕکێیەکی بەهێزی لەخۆگرتبوو بە بەشداریی ٦٠ قوتابی لە کوڕان و ٢٠ قوتابی لە کچان. لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، وێڕای دابەشکردنی خەڵات بەسەر یەکەمەکان و کچانی بەشداربوو، جەخت لەوە کرایەوە کە سەرۆکایەتیی زانکۆ وەک بەشێک لە ئەرکە پەروەردەییەکانی، بایەخ و گرنگییەکی زۆر بەم جۆرە چالاکییانە دەدات و هەمیشە پاڵپشت و هاوکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی قوتابیان بتوانن لەپاڵ پرۆسەی خوێندن، پەرە بە بەهرە وەرزشییەکانیان بدەن و وزەکانیان بە ئاراستەیەکی تەندروستدا بەگەڕ بخەن.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتیی ڕۆما یاداشتێکی لێکگەیشتنیان واژوو کرد

لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە ڕاهێنانەکانی پڕۆژەی (RISE) لە وڵاتی ئیتاڵیا، شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە سەرۆکایەتیی پ.ی.د. بۆتان مەجید ئەحمەد، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و بە یاوەریی پ.ی.د. عەبدوڵڵا عومەر یاسین، بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و خاتوو پێرۆ بۆتان، لە شاری ڕۆما دیدارێکیان لەگەڵ سەرۆکایەتیی زانکۆی نێودەوڵەتیی ڕۆما (UNINT) ئەنجام دا.

لە دانیشتنەکەدا کە پڕۆفیسۆر مارگریزیا ڕوسۆ، سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتیی ڕۆما و پڕۆفیسۆر لوچانۆ نادو، جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری نێودەوڵەتی ئامادەی بوون، دوای گفتوگۆیەکی چڕی ئەکادیمی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی زانستی و ئەزموونیی، هەردوو لا یاداشتێکی لێکگەیشتنیان واژوو کرد بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان و ئەنجامدانی کاری هاوبەش لە داهاتوودا.

ئەم دەستپێشخەرییە وەک بەشێک لە دیدگا و ستراتیژیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دێت بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆکە و کردنەوەی دەروازەی نوێ بە ڕووی جیهانی دەرەوەدا. سەرۆکایەتیی زانکۆ هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بە بایەخەوە دەڕوانێتە ئەم جۆرە چالاکییانە و، بەردەوام پاڵپشت و هاوکاری سەرەکی دەبێت بۆ هەر هەنگاوێک کە ئاستی زانستیی زانکۆکە بەرزتر بکاتەوە و پەیوەندییە ئەکادیمییەکان لەگەڵ زانکۆ پێشەنگەکانی جیهاندا فراوانتر بکات.