Author Archives: hemn hemn

لە مەراسیمێکی پڕ شکۆدا؛ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وەفا بۆ ساڵانێک خزمەتی خانەنشینانی دووپات کردەوە

هه‌ولێر- سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ

ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی شوباتی ٢٠٢٦، لە کەشێکی پڕ لە وەفا و پێزانیندا، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر مەراسیمێکی شایستەی بۆ ڕێزلێنان لە ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەری خانەنشینکراوی زانکۆ سازکرد. مەراسیمەکە بە سەرپەرشتی بەڕێز پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆ و بە ئامادەبوونی دكتۆر ئامانج برادۆستی به‌رپرسی ناوچه‌ی زانكۆ، و دكتۆر كۆڤان به‌رپرسی رێكخراوی مامۆستایانی پۆلیته‌كنیك، كاك ستار به‌رپرسی رێكخراوی فه‌رمانبه‌رانی پۆلیته‌كنیك، و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و سەرۆک بەش و مامۆستایان بەڕێوەچوو، وەک نیشانەیەک بۆ بەرزنرخاندنی خەرمانی ئەو تەمەنەی لە خزمەتی زانست و کارگێڕیدا بەخشیویانە.

دوای ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی كوردستان، لە وتارێكیدا سه‌رۆكی زانكۆمان به‌خێرهاتنی یه‌كه‌ یه‌كه‌ میوانه‌كانی كرد، و لە وتارەکەیدا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ ئەم کۆبوونەوەیە، ستایشی ڕۆڵی کاریگەری ئەو بەڕێزانەی کرد کە بە ماندووبوونیان بوونەتە کۆڵەکەی سەرەکیی پێشکەوتنی زانکۆمان. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە سەرباری دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە، سەقامگیری و ئارامیی هەرێمی کوردستان بەرهەمی دڵسۆزی، خۆڕاگری و هەستی بەرپرسیارێتی کەسانی وەک ئەوانەیه‌، جەختیشی له‌وه‌ کردەوە کە خزمەتی دڵسۆزانەی مامۆستایان و فەرمانبەران هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ هەڵگرتنی چەکی شەرەف و بەرگریکردن لە نیشتمان.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا سوپاسنامەی زانکۆ بەخشرایە خانەنشینان و وێنەی یادگارییان له‌گه‌ڵ گیرا. جێگەی ئاماژەیە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەمیشە وەک بەشێک لە ستراتیژ و نەریتی زانکۆیی خۆی، بایەخێکی تایبەت بەم جۆرە چالاکییانە دەدات و دەرگای هەمیشە واڵایە بۆ ڕێزلێنان لەو کەسانەی خزمەتیان کردووە، بەو بڕوایەی کە ڕێزگرتن لە ماندووبوونیان و بەسەرکردنەوەیان، ئەرکێکی ئەخلاقی و ئەکادیمییە و زانکۆ هەمیشە پاڵپشتیان دەبێت.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی فوراتی ناوەڕاست ئامادەکارییەکانیان بۆ بەستنی کۆنفرانسە زانستییە هاوبەشەکەیان چڕ دەکەنەوە

هەولێر – زانكۆی پۆلیته‌كنیك

ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی شوباتی ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی پتەوکردنی پەیوەندییە زانستییەکاندا، شاندێکی باڵای زانکۆی “الفرات الأوسط” سەردانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریان کرد. شاندەکە لەلایەن بەڕێزان پ.د. ئازاد حەسەن قادر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆمان، و پ.ی.د. کاروان وه‌سمان قادر، بەڕێوەبەری هۆبەی گۆڤارە زانستییەکان، پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا.

تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە گفتوگۆکردن و دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی زانستیی هاوبەش لەنێوان هەردوو زانکۆدا، کە بڕیارە لە ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی نیسانی ٢٠٢٦ لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەبچێت. لە دانیشتنەکەدا بە وردی تیشک خرایە سەر لایەنە زانستی، کارگێڕی و داراییەکان و ئامادەکارییەکان تاوتوێ کران تاوەکو کۆنفرانسەکە لە ئاستێکی ئەکادیمیی بەرزدا ئەنجام بدرێت.

جێگەی ئاماژەیە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەمیشە وەک ستراتیژێکی نەگۆڕ، پاڵپشت و هاندەرێکی بەهێزی ئەم جۆرە چالاکییە زانستییانە بووە و دەرگای بۆ هەموو هەماهەنگییەکی ئەکادیمی واڵایە، بەو ئامانجەی ئاستی توێژینەوە و زانست لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشتر ببات و پردی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆکانی دیکەدا بەهێزتر بکات.

 

به‌ڕێوه‌به‌ری سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆمان، به‌هه‌ماهه‌نگی به‌شی ته‌كنیكی میدیا پانێڵێك پێشكه‌ش ده‌كات

هه‌ولێر- كه‌مپی دوو

له‌ چوارچێوه‌ی گرنگیدانی بەردەوامی زانکۆمان بە بەرزکردنەوەی توانای قوتابیان و دۆزینەوەی هەلی کار بۆیان، ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 5ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٦، به‌ئاماده‌بوونی به‌ڕێز پ.ی. د. محسن شریف راگری كۆلیژی ته‌كنیكی كارگێڕی هه‌ولێر، و پ.ی.د. دلێر ئه‌حمه‌د حه‌مه‌، سه‌رۆك به‌شی ته‌كنیكی میدیا له‌ كۆلیژی ته‌كنیكی كارگێڕی، له‌ هۆڵی كۆنفرانسی به‌شی ته‌كنیكی ئه‌ندازیاری لە کۆلێژی ته‌كنیكی كارگێڕی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، به‌ڕێوه‌به‌ری سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆمان پانێڵێکی تایبەتمەندی به‌ ناونیشانی (لێهاتویی ده‌ستكه‌وتنی هه‌لی كاری میدیایی) له‌ كه‌مپه‌سی دوو پێشكه‌شكرد.

ئه‌م چالاكییه‌ بە هەنگاوێکی گرنگی هەماهەنگیی نێوان کەرتی ئەکادیمی و هه‌لی کار دادەنرێت و تێیدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو  له‌ مامۆستایان و قوتابیانی بەشی كۆلیژی ته‌كنیكی كارگێڕی تێیدا ئاماده‌بوون و گفتوگۆی چڕ لەسەر داهاتووی قوتابیان و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار كرا له‌ ده‌زگاكانی میدیایی. سه‌ره‌تا، پ.ی.د. دلێر ئه‌حمه‌د حه‌مه‌، سه‌رۆك به‌شی ته‌كنیكی میدیا، به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووان كرد، دواتر پ.ی. د. محسن شریف، راگری كۆلیژی ته‌كنیكی كارگێڕی هه‌ولێر، جه‌ختی له‌سه‌ر گرێدان و گرنگی نێوان کەرتی ئەکادیمی هه‌لی كار كرده‌وه‌، پاشان پانێڵه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو

لە بەڕێوەچوونی ئەم پانێڵەدا، لەلایەن پ.ی.د. هەتاو کەریم خدر، بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆ (CDC) گێڕدرا، کە وەک داینەمۆی سەرەکیی چالاکییەکە بوو، بەڕێزیان بە وردی و لە ڕوانگەیەکی ئەکادیمی و مەیدانییەوە تیشکیان خستە سەر دەرچووانی به‌شه‌كانی میدیایی و چۆنیەتی خۆئامادەکردنیان بۆ قۆناغی دوای زانکۆ و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار له‌ده‌زگا میدیاییه‌كان. و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تەنها بڕوانامە بەس نییە بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌، بەڵکو پێویستە قوتابیانی به‌شی راگه‌یاندن پەرە بە کارامەییە کەسی و تەکنیکییەکانی خۆی بدات، تاوەکو ببێتە هەڵبژاردەی یەکەم لەلایەن ده‌زگا میدیاییه‌كان و بە ئاسانی هەلی کار بەدەست بهێنن، و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ تا چ ئاستێك پرۆگرامه‌كانی خوێندن گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ كه‌رتی میدیایی و هه‌لی كار.

به‌شداربووانی پانێڵكه‌ بریتی بوون له‌:  پ.ی.د. هەتاو کەریم خدر، بەڕێوەبەری  سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆ، وه‌كو پاناڵیست ، و د. ئاشنا شه‌وكه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری پانێڵ، و شه‌هرام میرحاج، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی (كوردستان TV) وه‌كو پاناڵیست، و عیماد میكائیل قوتابی ده‌رچووی میدیا له‌ ده‌زگای (NRT) وه‌كو پاناڵیست، و ده‌شتی عارف قوتابی ده‌رچووی میدیا له‌ ده‌زگای (964) وه‌كو پاناڵیست، و سه‌ركار حسێن، قوتابی قۆناغی سێیه‌م له‌ ده‌زگای (خه‌بات) وه‌كو پاناڵیست، باسیان له‌ ئه‌زموونی كاركردنی خۆیان كرد كه‌ چۆن هه‌لی كاریان له‌ ده‌زگا میدیاییه‌كان به‌ده‌ستهێناوه‌، هه‌روه‌ها رێنماییان خسته‌ڕوو بۆ قوتابیانی دوای خۆیان كه‌ چۆن بتوانن له‌كاركردنیان له‌ ده‌زگا میدیاییه‌كان سه‌ركه‌وتوو ده‌بن.

ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکییانە ڕەنگدانەوەی سیاسەت و ستراتیژیی سەرۆکایەتیی زانکۆمانە، کە هەمیشە وەک پاڵپشتێکی بەهێز لە پشت ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە دەوەستێت. زانکۆمان بڕوای تەواوی بەوە هەیە کە ئەرکی زانکۆ تەنها وانەوتنەوە نییە، بەڵکو دروستکردنی زەمینەسازییە بۆ ئەوەی قوتابیان و دەرچووان بە متمانەوە ڕووبەڕووی تەحدیاتی هه‌لی کار ببنەوە، بۆیە بەردەوام هانی سەنتەرەکانی وەک CDC دەدات تاوەکو باشترین خزمەتگوزاری و ڕاوێژ پێشکەش بە ڕۆڵەکانمان بکەن.

سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆمان، پردی پەیوەندی نێوان ئەندازیارانی دواڕۆژ و بازاڕی کار پتەو دەکات

هه‌ولێر- كه‌مپی یه‌ك

لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوامی زانکۆمان بە دۆزینەوەی هەلی کار و بەرزکردنەوەی توانای قوتابیان، ڕۆژی سێشەممە ٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٦، لە کۆلێژی تەکنەلۆجیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پانێڵێکی تایبەتمەند لەژێر ناونیشانی “Engineering Construction Technology and CDC Support” بەڕێوەچوو. ئەم چالاکییە کە لەژێر چاودێریی پ.د. کیهان زرار غەفوور، ڕاگری کۆلێژ ئەنجام درا، بە هەنگاوێکی گرنگی هەماهەنگیی نێوان کەرتی ئەکادیمی و بازاڕی کار دادەنرێت و تێیدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندازیارانی خاوەنکار، مامۆستایان و قوتابیانی بەشی “ئەندازیاریی تەکنەلۆجیای کەرەستە و بیناکاری”، گفتوگۆی چڕ لەسەر داهاتووی پیشەیی ئەندازیاران کرا.

ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەر لە بەڕێوەچوونی ئەم پانێڵەدا، لەلایەن پ.ی.د. هەتاو کەریم خدر، بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆ (CDC) گێڕدرا، کە وەک ڕێکخەر و داینەمۆی سەرەکیی چالاکییەکە دەرکەوت. بەڕێزیان بە وردی و لە ڕوانگەیەکی ئەکادیمی و مەیدانییەوە تیشکی خستە سەر نەخشەڕێگای دەرچووان و چۆنیەتی خۆئامادەکردن بۆ قۆناغی دوای زانکۆ. لە میانی گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ئەندازیارە بە ئەزموونەکان، د. هەتاو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تەنها بڕوانامە بەس نییە، بەڵکو پێویستە قوتابیان پەرە بە کارامەییە کەسی و تەکنیکییەکانیان بدەن تاوەکو ببنە هەڵبژاردەی یەکەم لەلایەن کۆمپانیاکان و بە ئاسانی هەلی کار بەدەست بهێنن.

ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکییانە ڕەنگدانەوەی سیاسەت و ستراتیژیی سەرۆکایەتیی زانکۆمانە، کە هەمیشە وەک پاڵپشتێکی بەهێز لە پشت ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە دەوەستێت. زانکۆمان بڕوای تەواوی بەوە هەیە کە ئەرکی زانکۆ تەنها وانەوتنەوە نییە، بەڵکو دروستکردنی زەمینەسازییە بۆ ئەوەی قوتابیان و دەرچووان بە متمانەوە ڕووبەڕووی تەحدیاتی بازاڕی کار ببنەوە، بۆیە بەردەوام هانی سەنتەرەکانی وەک CDC دەدات تاوەکو باشترین خزمەتگوزاری و ڕاوێژ پێشکەش بە ڕۆڵەکانمان بکەن.