Author Archives: hemn hemn

بە مەبەستی تاوتوێکردنی دیزاینی نوێی وێبسایتی زانكۆ؛ کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتیی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ چوارشەممە (١١ی شوباتی ٢٠٢٦)، بە مەبەستی گفتوگۆکردن و هەڵسەنگاندنی دیزاینی نوێی وێبسایتی زانکۆ و وەرگرتنی پێشنیاز و سەرنجەکان، کۆبوونەوەیەکی فراوان بە سەرپەرشتیی بەڕێز پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەڕێوەبەرانی زانکۆمان بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر بۆتان وێڕای بەخێرهێنانێکی گەرمی ئامادەبووان، تیشکی خستە سەر قۆناغەکانی گەشەسەندنی وێبسایتی زانکۆ لە سەرەتاکانی دروستبوونییەوە تاوەکو دەگاتە ئەمڕۆ. پاشان، لەلایەن م.ی زانیار ڕزگار، بەڕێوەبەری وێبسایت و مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاری کۆمپیوتەر و ئینفۆرماتیک، و بە وردی باسی لە دوایین گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونەکانی دیزاینی نوێی وێبسایتەکە کرا.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و هەریەک لە بەڕێوەبەرەکان بەپێی تایبەتمەندیی بوار و بەشەکانیان، سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان خستەڕوو بە مەبەستی دەوڵەمەندکردن و باشترکردنی کارەکە.

جێی ئاماژەیە، زانکۆمان هەمیشە بایەخ و گرنگییەکی زۆر بەم هەنگاوانە دەدات لە پێناو بەرەوپێشبردنی ژێرخانی تەکنەلۆژی و زانستی. لەم سۆنگەیەشەوە، زانکۆ هەمیشە پاڵپشت و هاوکاری سەرەکییە بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی هەر پڕۆژە و چالاکییەک کە خزمەت بە پرۆسەی ئەکادیمی و ئیداریی زانکۆکەمان بکات.

سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی لە شاندێکی سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان کرد

هه‌ولێر- سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ

ئەمڕۆ چوارشەممە (١١ی شوباتی ٢٠٢٦)، لە چوارچێوەی فراوانکردنی پەیوەندییە زانستی و پیشەییەکاندا، به‌ڕێز پ.د. ئیدریس محەممەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پێشوازی لە شاندێکی سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان کرد. شاندی میوان پێکهاتبوون لە بەڕێزان سەلیم سەلیم حوسێن، نەقیبی سەندیکا، لەگەڵ ڕەوا تەحسین تەها، و ئاواز هادی محەممەد، ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سەندیکا. لەم دیدارەدا کە هەریەک لە بەڕێزان پ.د. ئازاد حەسەن قادر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، پ.ی.د. یوسف مستەفا ڕەسوڵ، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری قوتابیان، و مامۆستا بەهزاد حیلمی ئاکرەیی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ ئامادەی بوون، بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندەکە کرا.

مەبەستی سەرەکیی ئەم سەردانە، بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆکایەتیی زانکۆ و سەندیکا بوو، بە ئامانجی دروستکردنی هەماهەنگیی زیاتر لە بوارەکانی ژمێریاری و دارایی بۆ قۆناغی ئێستا و داهاتوو. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی چڕ لەسەر چەندین بابەتی گرنگی هاوبەش کرا بۆ ئەوەی هەردوولا بتوانن لە ڕووی زانستی و کردارییەوە سوود لە تواناکانی یەکتر وەربگرن.

لەم سۆنگەیه‌وە، جێی باسە کە زانکۆمان هەمیشە بایەخێکی تایبەت بەم جۆره‌ چالاكی و دیدارانه‌ دەدات و وەک نەریتێکی بەردەوام پاڵپشت و هاوکاری سەرەکی دەبێت بۆ هەموو ئەو هەنگاوانەی دەبنە هۆی خزمەتکردن و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئەکادیمی و پیشەیی.

سه‌رۆكایه‌تی زانکۆمان، مه‌راسیمێكی شایسته‌ بۆ مامۆستایه‌كی وه‌رزشوانی دێرینی شاری هه‌ولێر ساز ده‌كات..

هه‌ولێر- سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ

ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتی 10/2/2026، و بە سەرپەرشتی بەرێز پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیک، و له‌ مه‌راسیمێكی شایسته‌دا رێز له‌ چالاکوانی وەرزشی پێشەنگ و دێرینی شاری هه‌ولێر، مامۆستا (وریا عبدالقادر محەمەد مصطفی)  ده‌گرێت،  ئه‌و رێزلێنانه‌ به‌ئاماده‌بوونی بەرێز پ.د. ئازاد حسن قادر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی، و به‌ڕێز پ.ی.د. بۆتان مجید ئاسنگه‌ر، یاریدەدەری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی زانكۆ و میوانان و مامۆستایان و وه‌رزشوانان و فه‌رمانبه‌ران ئه‌نجام درا.

شایەنی باسە مامۆستا وریا کەخاوەنی (٣١) مەدالیای زێڕه‌ لەپاڵەوانیەتی تێنس، وئەندامی رابیتەی تێنسی یاریزانە دێرینەکانی ئاسیاو عەرەبه‌و یاریزانی هەڵبژاردەیی عێراق و پاڵەوانیەتی کۆماری عێراق بووه‌ له‌ساڵی ١٩٩٤، و جێگری یەکەمی سەرۆکی یەکێتی تێنسی عێراق بووه‌‌ لەساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠٢٤. و  پاڵەوانیەتی تێنسی جیهانیی بووه‌ له‌ ساڵی (٢٠١٥ تا٢٠٢٥)و خاوەنی مەدالیای زیوی عەرەبییه‌ لەوڵاتانی عەرەبی میسر و  پاڵەوانیەتی تێنسی زانکۆکانی عیراق بووه‌ بۆ چەندین ساڵ، ئه‌مڕۆ خانه‌نشین بووه‌ و سه‌رۆكایه‌تی زانكۆمان مه‌راسیمێكی بۆ ئه‌نجام داوه‌.

سه‌رۆكی زانكۆ، له‌وته‌یه‌كیدا وێڕای به‌خێرهاتنی هه‌موو لایه‌ك، تیشكی خسته‌ سه‌ر رۆڵی گرنگ و به‌رچاوی یاریزانی دێرینی شاری هه‌ولێرو به‌ سه‌روه‌تێكی پڕ به‌های وه‌سف كردو سه‌ربه‌رزی كوردستانی گرێدا به‌ لێهاتووی كه‌سانی وه‌ك ئه‌م كه‌سه‌ خۆنه‌ویستانه‌، گووتی: به‌ پێویستی ده‌زانم رێز له‌و ته‌مه‌نه‌ زۆره‌ی مامۆستا بگرین كه‌ له‌ خزمه‌تی كوردستان و وه‌رزش تێیپه‌ڕاند.. ئێمه‌ زیاتر له‌ 35 ساڵه‌ مامۆستا ده‌ناسین و هه‌ر له‌و بواره‌دا زۆر چالاكانه‌ كاری كردووه‌، ئێوه‌ش ده‌زانن كه‌ وه‌رزش له‌مڕۆدا كه‌متر نییه‌ له‌ بواره‌كانی ئابوری و سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ..تد. ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ش بده‌م كه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ ئارامه‌ی ئێمه‌ به‌ ماندووبوون و شه‌ونخونی ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ كه‌وتۆته‌ سه‌ر پێ، هه‌رێمی كوردستان په‌ناگه‌یه‌كی ئارامه‌ له‌نێوان وڵاتانی چوارده‌وری نا ئارام. ته‌نها كوردستانه‌ جیاواز له‌ هه‌ر لایه‌كی دیكه‌ی ئێمه‌ كه‌ بۆته‌ وێستگه‌یه‌كی ته‌ناهی و سه‌قامگیری بۆ ژیان، و ئه‌گه‌ر كوردستان به‌راورد بكه‌ین به‌ هه‌ر وڵاتانی ده‌وروپشتمان، له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ جیاوازییه‌كی زۆر ده‌بینین و خۆشبه‌ختانه‌ كوردستان به‌سه‌دان هه‌نگاو له‌ پێش هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌ ره‌نج و خه‌بات و بێ وچانی پێشمه‌رگه‌و مامۆستاو فه‌رمانبه‌رو هه‌موو لایه‌ك و تاكێكی نیشتمانپه‌روه‌ره‌.. قه‌یرانی ئابووری ناڕه‌وای سه‌ر كوردستان چۆكی به‌ فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان نه‌داوه‌، به‌ڵكو بوونه‌ته‌ قه‌ڵغانێك بۆ پته‌وبوون و سه‌ركه‌وتنی حكومه‌ته‌كه‌مان..

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا رێزلێنانی زانکۆ و میوانان بەخشرایە خانەنشین مامۆستا وریا و وێنەی یادگاری له‌گه‌ڵ گیرا. جێگەی ئاماژەیە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەمیشە وەک بەشێک لە ستراتیژ و نەریتی زانکۆیی خۆی، بایەخێکی تایبەت بەم جۆرە چالاکییانە دەدات و دەرگای هەمیشە واڵایە بۆ ڕێزلێنان لەو کەسانەی خزمەتیان کردووە، بەو بڕوایەی کە ڕێزگرتن لە ماندووبوونیان و بەسەرکردنەوەیان، ئەرکێکی ئەخلاقی و ئەکادیمییە و زانکۆ هەمیشە پاڵپشتیان دەبێت.

بەشداریی مامۆستایەکی زانکۆمان لە وێبینارێکی نێودەوڵەتیی ئەمەریکیدا سەبارەت بە دەرفەتەکانی خوێندن و کار بۆ پەنابەران

وەک بەشێک لە کرانەوەی زانکۆمان بە ڕووی ناوەندە ئەکادیمییە جیهانییەکان و بەشداریی کارا لە پرسە هەنووکەییەکاندا، بەڕێز (د. سەلار عوسمان عەلی)، مامۆستا لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر، وەک وتاربێژی مێوان بەشداری لە وێبینارێکی نێودەوڵەتی کرد کە لەلایەن گۆڤاری (PLAIO)ی سەر بە زانکۆی (Empire State)ی ئەمەریکی ڕێکخرابوو. تەوەرەی سەرەکی وێبینارەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر سیاسەت و ڕێکارە پراکتیکییەکانی هەڵسەنگاندنی فێربوونی پێشووتر (PLA) وەک دەروازەیەک بۆ ڕەخساندنی هەلی خوێندن و کار بۆ ئاوارە و پەنابەران لەو وڵاتانەی لێی نیشتەجێن.

لە میانەی پانێڵەکەدا، د. سەلار توێژینەوەیەکی هاوبەشی لەگەڵ پرۆفیسۆر (ڕۆدۆڵف دوڤیکۆت) لە زانکۆی (NCOI)ی هۆڵەندی پێشکەشکرد و تیشکیان خستە سەر گرنگیی پڕۆگرامی “بەڕێوەبردنی سەرچاوە کەسییەکان” وەک جێگرەوەیەک بۆ فێربوونی فەرمی بۆ پەنابەران. ئەم بابەتە کە بەشێکی سەرەکی بوو لە پڕۆژەی (CAMPLUS) و لەلایەن پڕۆگرامی ئیڕاسمەسی یەکێتی ئەوروپا (٢٠٢١-٢٠٢٤) پاڵپشتی دەکرا، هه‌روه‌ها جەختی لەسەر ڕۆڵی زانکۆکان کردەوە لە پەرەپێدانی توانای پەنابەران لە ڕێگەی خولی ڕاهێنانەوە.

شایەنی باسە زانکۆمان هەمیشە وەک بەشێک لە ستراتیژی کارکردنی، بایەخ و گرنگییەکی تایبەت بەم جۆرە چالاکییە زانستی و نێودەوڵەتییانە دەدات و بەردەوام پاڵپشت و هاوکاری مامۆستایان و توێژەرانی دەکات بۆ گەیاندنی دەنگی ئەکادیمیی زانکۆ بە کۆڕبەندە جیهانییەکان.

دەتوانن لەم لینکەی خوارەوە بینەری تەواوی وێبینارەکە بن https://youtu.be/UCrrPzmyWr0: