Daily Archives: حوزه‌یران 30, 2026

یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی میسر بۆ زانست و تەکنەلۆجیا واژۆ کرا

یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی میسر بۆ زانست و تەکنەلۆجیا واژۆ کرا

​لە پەراوێزی کارەکانی (٣١)هەمین دیداری زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاڵوگۆڕی دەرفەتی مەشق و ڕاهێنانی قوتابیان، و بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکانی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی میسر بۆ زانست و تەکنەلۆجیا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ستراتیژی لەنێوان پ.د. ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، و پ.د. هالە ئەلمەنوفی، سەرۆکی زانکۆی میسر بۆ زانست و تەکنەلۆجیا واژۆ کرا.

تەوەرە سەرەکییەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بریتییە لە بەستنی کۆنفرانسی زانستیی بەردەوام و بۆ ئەمەش هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر بەهێزکردنی هاوکارییە زانستییەکانیان لە ڕێگەی ڕێکخستنی کۆنفرانسی هاوبەش لە بواری پزیشکیدا. لەم چوارچێوەیەشدا، بڕیارە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی هاوبەش لە بواری پزیشکی لەنێوان هەردوو زانکۆ بەڕێوە بچێت.

​ پرۆگرامی بڕوانامەی هاوبەش (Double Degree)خاڵێکی دیکەی یاداشتەکەیە و لەم چوارچێوەیەدا و بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمیی قوتابییان، کاردەکرێت بۆ جێبەجێکردنی پرۆگرامی بڕوانامەی هاوبەش (Double Degree)، بە تایبەتی لە بەشە پزیشکییەکانی وەک پەرستاری و شیکاری نەخۆشییەکان و میکانیزمی جێبەجێکردنی پرۆگرامەکە بەجۆرێکە کە قوتابی سێ ساڵی خوێندن لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ساڵێک لە زانکۆی میسر بۆ زانست و تەکنەلۆجیا تەواو بکەن، یان بە پێچەوانەوە، قوتابییانی لایەنی بەرانبەر پاش تەواوکردنی دوو ساڵ خوێندن، دوو ساڵەکەی تر لە زانکۆمان تەواو بکەن، بە مەبەستی بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هاوبەش لە لایەن هەردوو زانکۆوە.

سەرۆکی زانکۆ بەشداریی لە ٣١هەمین دیداری زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاڵوگۆڕی دەرفەتی مەشق و ڕاهێنانی قوتابیان دەکات

پ.د. ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەشداریی لە کارەکانی ٣١هەمین دیداری زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاڵوگۆڕی دەرفەتی مەشق و ڕاهێنانی قوتابیان کرد، کە لە نێوان زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی لە زانکۆی (میسر بۆ زانست و تەکنەلۆجیا) لە وڵاتی میسر میوانداریی کرا.

لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی دیدارەکەدا، کە بە ئامادەبوونی پ.د.عەمرو عیزەت سەلامە ئەمینداری گشتی یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی و پ.د. فەواز ئەحمەد زەغوول، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی عەرەبی بۆ مەشق و داهێنان لە یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی، و ژمارەیەک لە سەرۆک و نوێنەرانی زانکۆکانی ئەندام دەستی پێکرد؛ چەندین وتار و بابەتی زانستی پێشکەش کران.

دوای پێشکەشکردنی بابەتەکان، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی قەڵغانی زانکۆکان بەڕێوەچوو، کە تیایدا پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، قەڵغانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری پێشکەش بە ژمارەیەک لە زانکۆ بەشداربووەکان کرد و لە بەرامبەریشدا قەڵغانی ڕێزلێنان بەخشرایە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.

هاوکات لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دەرفەتی مەشق و ڕاهێنان لە نێوان زانکۆکاندا جێبەجێ کرا، لەم چوارچێوەیەدا زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ، تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد کە ئەمساڵ زیاتر لە (٥٠) قوتابی لە زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی لە هەریەک لە وڵاتانی (لوبنان، ئوردن، سەڵتەنەتی عومان، و میسر) لە بەشدار دەبن لە مەشقی هاوینە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ، لەوانە وڵاتانی: دەرفەتی مەشق و ڕاهێنانی بۆ قوتابیانی زانکۆ عەرەبییەکان ڕەخساند بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بۆ ئەنجامدانی مەشقی هاوینە سەردانی زانکۆکە بکەن، لە بەرامبەریشدا چەندین دەرفەتی مەشق و ڕاهێنانی لەو زانکۆیانەوە بۆ قوتابیانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر مسۆگەر کرد.

لە پەراوێزی کارەکانی ئەم دیدارە نێودەوڵەتییەدا، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەگەڵ پ.ی.د.عەبدوڵڵا عومەر یاسین بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ شاندە بەشداربووەکان ئەنجامدا. لەو دیدارە دووقۆڵییانەدا، گفتوگۆ لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکانی نێوان هەردوولا  و هەنگاونان بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێتێگەیشتنی فەرمی لە داهاتوودا کرا.

بەپێی ئەو داتایانەی کە لەلایەن ئەنجوومەنی عەرەبی بۆ مەشق و داهێنان لە یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی خرایەڕوو، زانکۆکانی هەرێمی کوردستان پێگەیەکی پێشەنگیان هەبووە و ژمارەی پێوانەیی گەورەیان تۆمارکردووە کە سێیەم بوون لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی لە پرۆسەی وەرگرتن و ناردنی قوتابیاندا. و جێگەی خۆشحاڵی و شانازییە کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر یەکێکە لەو زانکۆ دیارانەی هەرێمی کوردستان کە بە شێوەیەکی بەرچاو زۆرترین قوتابی وەرگرتووە و ناردووە.