لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەرەوپێشبردنی توانای گەنجان و دەرچووان، شاری هەولێر میوانداریی خولی ڕاهێنانی ڕاهێنەران و ئاسانکارانی (ToT / ToF) بۆ “یانەی دۆزینەوەی دەرفەتی کار (JSC)” یان ڕێنماییکارانی گەڕان بەدوای کاردا کرد. ئەم خولە گرنگە، کە لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار (ILO) و بە پشتیوانیی دارایی دەزگای گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەڵمانی (GIZ) ڕێکخرابوو، لە ڕێکەوتی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ دەستی پێکرد و لە 12ی ئاداری ٢٠٢٦ بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات. خولەکە بە بەشداریی کارای نوێنەرانی زانکۆمان بەڕێوەچوو، کە پێکهاتبوون لە پ.ی.د. ههتاو كریم خضر، بەڕێوەبەرایهتی سهنتهری پهرهپێدانی كار (CDC) و مامۆستا ئامەل سانی، ڕێكخهری سەنتەری پەرەپێدانی کار لە کۆلێژی تەکنیکیی شەقڵاوە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕاهێنانە، پێگەیاندنی کۆمەڵێک ڕاهێنەر و ئاسانکاری کارامەیە لە سەنتەرەکانی پەرەپێدانی کار لە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی هەولێر و سلێمانی، هەروەها ناوەندەکانی لاوانی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان. ئەم هەنگاوە وەک بەشێکی گرنگ لە ستراتیژیی کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و ئامادەکردنی گەنجان بۆ بازاڕی کار سەیر دەکرێت، تاوەکو لە داهاتوودا ئەو ڕاهێنەرانە بتوانن بە شێوازێکی زانستی و سەردەمیانە ڕێنوێنیی لاوان بکەن. لە ڕێگەی ئەم بەرنامەیەوە، دەرچووان ئاشنا دەکرێن بە ئامرازەکانی دۆزینەوەی کار، چۆنیەتیی نووسینی سیڤییەکی پڕۆفیشناڵ و نامەی کار، کارامەیییەکانی تێپەڕاندنی چاوپێکەوتنی کار بە سەرکەوتوویی، و دروستکردنی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ کەسانی کاریگەر لە بازاڕی کاردا.
جێگەی باسە، زانکۆمان هەمیشە بایەخ و گرنگییەکی زۆر بەم جۆره چالاكی و بەرنامانە دەدات و بەردەوام پاڵپشت و هاوکارە بۆ سەرخستنیان. باوەڕی تەواوی بەوە هەیە کە بەهێزکردنی توانای پیشەیی گەنجان و ئامادەکردنیان بۆ بازاڕی کار، یەکێکە لە ئەرکە لەپێشینەکانمان و بەرپرسیاریەتییەکی گەورەی زانکۆیە، بۆیە هەمیشە پشتیوانی لەو هەوڵانە دەکات کە دەبنە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتی باشتر و داهاتوویەکی ڕوونتر بۆ دەرچووان و قوتابیانمان.




















































