Author Archives: hemn hemn

زانکۆی پۆلیتەکنیک هەنگاوە پراکتیکییەکانی بۆ جێبەجێکردنی خوێندنی دیجیتاڵی تاوتوێ دەکات

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیک بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی زانستی، و جێبەجێکردنی رێكارو ڕێنماییە گشتییه‌کانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئێوارەی ڕۆژی ٣/٤/٢٠٢٦، کۆبوونەوەیەکی ئۆنڵاینی بەرفراوان لە نێوان لیژنەی باڵای خوێندنی دیجیتاڵی و سەرجەم سەرۆک بەشەکانی زانکۆ به‌پێی ئه‌و رێنمایی و رێكارانه‌ ئاماده‌كراون و داڕێژراون بەڕێوەچوو. ئەم کۆبوونەوەیە کە بە ئامادەبوونی پ.ی.د. بۆتان مجید ئاسنگەر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا وەک سەرۆکی لیژنەکە سازدرا، تەرخانکرا بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی ورد بە مەبەستی سەرخستنی پڕۆسەی خوێندنی دیجیتاڵی لە تەواوی بەشە زانستییەکاندا.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سیمینارێکی تایبەت لەلایەن سەرۆکی لیژنەکەوە پێشکەش کرا کە تێیدا تیشک خرایە سەر ئەو ڕێکارە زانستی و کارگێڕییە نوێیانەی کە زانکۆ لە ڕێگەی لیژنەیەکی پسپۆڕەوە ئامادەی کردوون. لە سیمینارەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ئەم گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییە بە ئامانجی پاراستنی کوالێتی خوێندن و هێشتنەوەی ئاستی زانستی زانکۆیە لە بەرزترین پلەدا، بە جۆرێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پێشکەوتنە جیهانییەکان و بتوانرێت لەم ساڵی خوێندنەدا بە باشترین شێوە سوود لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان وەربگیرێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئەم سیستمە و شێوازی هەماهەنگی نێوان بەشەکان گفتوگۆی لەسەر کرا، بەو ئاراستەیەی کە پڕۆسەی خوێندن بە شێوەیەکی سەردەمیانە و بێ گرفت بەردەوام بێت. ئامادەبووان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە جێبەجێکردنی خوێندنی دیجیتاڵی نەک تەنها پێویستییەکی سەردەمیانەیە، بەڵکو هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی فێربوون و دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی زانستیی پێشکەوتوو بۆ خوێندکاران و مامۆستایان. و له‌ئێستادا خوێندنی ئۆنڵاین له‌ زانكۆماندا تا راده‌یه‌كی باش به‌ شێوه‌یه‌كی رێكوپێك وگونجاو ده‌ڕوات به‌ڕێوه‌.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی خوێندنی دیجیتاڵی تاوتوێ دەکات

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ڕەچاوکردنی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، زانکۆمان بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای تایبەت بە سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی خوێندنی دیجیتاڵی دا. ئەم لیژنەیە کە بە سەرۆکایەتی (پ.ی.د. بۆتان مجید ئاسنگەر) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا پێکهێنراوە، و چەندین پسپۆڕ و لێپرسراوی کارگێڕی و زانستی لە ئەندامییەتی خۆیدا کۆکردووەتەوە، له‌وانه‌: (پ.ی.م. عفان عثمان حسین، ئه‌مینداری ئه‌نجوومه‌نی زانكۆ، پ.د. خلیل حسن یونس ، بەڕێوەبەرى دڵنیایى جۆرى زانکۆمان، د. دلێر عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری تۆماری گشتی زانكۆمان، د. فه‌رهه‌نگ علی عوڵا، نوێنه‌ر مامۆستایان، پ.ی.د. دلێر احمد حه‌مه‌، مامۆستا له‌ كۆلیژی ته‌كنیكی كارگێڕی، پ.ی.د هێمن كاكه‌خان عولا، مامۆستا له‌ كۆلیژی ته‌كنیكی ئه‌ندازیاری، م. ئاسۆ یاسین عمر، به‌رپرسی به‌شی ئای تی  زانكۆمان.  م. یاسین حمید رشید، مامۆستا له‌ كۆلیژی ته‌كنیكی ئه‌ندازیاری، م. گۆران مغدید، مامۆستا له‌ كۆلیژی ته‌كنیكی ئه‌ندازیاری كۆمپیوته‌رو ئینفۆرماتیك).

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەکەدا، بە وردی باس لە هەموو ئەو ڕێکارە تەکنیکی و زانستییانە کرا کە پێویستن بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندنی دیجیتاڵی لە گشت کۆلێژ و پەیمانگاکانی سەر بە زانکۆمان. ئامانجی سەرەکی ئەم هەنگاوە پاراستنی ئاستی زانستی و ڕێگریکردنە لە فەوتانی ساڵی خوێندنی قوتابیان و خوێندکاران، بە جۆرێک کە هیچ قوتابییەک بەهۆی ئەم دۆخە نەخوازراوەوە زیانی پێ نەگات و پەیوەندییە زانستییەکانیان لەگەڵ ناوەندەکانی خوێندن بەردەوام بێت. بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەرجەم وردەکاری و ڕێنماییە نوێیەکان بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە و گشت بەشە زانستییەکان بۆ ئەم وەرچەرخانە دیجیتاڵییە ئامادە بکرێن.

سه‌رۆكی زانكۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌كی مه‌یدانی بۆ به‌ش و یه‌كه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ ئه‌نجام ده‌دات

به‌ مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌مڕۆ 29/3/2026، به‌ڕێز پ.د. ئیدریس محمد طاهر هه‌ركی، سه‌رۆكی زانكۆمان، به‌ یاوه‌ری به‌ڕێزان  پ.د.  ئازاد حسن، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی، و پ.ی.د. بۆتان مجید ئاسنگه‌ر، یاریدەدەری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، و پ.ی. د. یوسف مسته‌فا ره‌سول، یاریدەدەری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری قوتابیان و به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان و ژماره‌یه‌ك لە به‌ڕێوه‌به‌رانی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی، سه‌ردانێكی مه‌یدانییان بۆ سه‌رجه‌م به‌ش و یه‌كه‌كانی ناو سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ ئه‌نجامدا. له‌م به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌دا، سه‌رۆكی زانكۆ له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌ران كۆبووه‌وه‌ و ده‌ستخۆشی لێكردن بۆ ماندووبوون و دڵسۆزییان له‌ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانیاندا، كه‌ ئه‌مه‌ش كه‌شێكی پڕ لە ئومێد و برایه‌تی له‌ناو ستافی كارگێڕیدا خوڵقاند.

سەرۆکی زانکۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بارودۆخە نەخوازراوە تەنیا قۆناغێکی کاتییە و تێدەپەڕێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەرکی مامۆستایان و فەرمانبەرانە وەک توێژێکی ڕۆشنبیر، پێشەنگ بن لە ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان و گێڕانەوەی دڵنیایی و ئارامی بۆ ناوەندە جیاوازەکان و کۆمەڵگە.

ئه‌م جۆره‌ چالاكی و سه‌ردانانه‌ به‌شێكی سه‌ره‌كین له‌ ستراتیژی زانكۆمان و بایه‌خی تایبه‌تی پێ ده‌درێت، به‌و پێیه‌ی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ بڕوای ته‌واوی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ دروستكردنی ژینگه‌یه‌كی كاری گونجاو و نزیكبوونه‌وه‌ له‌ فه‌رمانبه‌ران، كۆڵه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی كارگێڕی و زانستییه‌. ئه‌م به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و گرنگییه‌ بوو كه‌ زانكۆ به‌ پێگه‌ی مرۆیی و هاندانی به‌رده‌وامی كارمه‌نده‌كانی ده‌دات، تاوه‌كو به‌ وزه‌یه‌كی به‌رزه‌وه‌ به‌رده‌وام بن له‌ خزمەتكردنی زانكۆ و كۆمه‌ڵگه‌.

بەشدارییەکی زانستیی ئاستبەرزی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە تایلەند

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستی و ئەکادیمی، د. ذکرى عەلی عەزیز، سەرۆکی بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر، بەشدارییەکی کارای لە کۆبوونەوەی جیهانیی پەروەردەکارانی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان:

 (ISPO Global Educators Meeting 2026)

کرد. ئەم چالاکییە نێودەوڵەتییە لە ڕێکەوتی ٢٣ تا ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٦ لە شاری بانکۆکی پایتەختی وڵاتی تایلەند بەڕێوەچوو.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، د. ذکرى بە توێژینەوەیەکی زانستیی گرنگ لەژێر ناونیشانی:

 (Shaping the Future of P&O Education: A Global Curriculum Blueprint) بەشداری کرد و تیشکی خستە سەر پێشخستن و داهاتووی پەروەردە و خوێندنی ئەم بوارە لەسەر ئاستی جیهان. ئەم جۆرە بەشدارییانە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی دیدگا و ئامانجەکانی زانکۆمانە، کە هەمیشە گرنگی و بایەخێکی زۆر بە چالاكییه‌ زانستییە نێودەوڵەتییەکان دەدات و بەردەوام پاڵپشت و هاوکاری مامۆستایان و توێژەرانە بۆ گۆڕینەوەی ئەزموون و بەرزکردنەوەی ناوی زانکۆ لەسەر ئاستی جیهان.

هاوکات لە پەراوێزی ئەم گەشتەیدا، سەرۆکی بەشی پەلی دەستکرد سەردانێکی مەیدانی و زانستی بۆ:

 (Sirindhorn School of Prosthetics and Orthotics) لە کۆلێژی پزیشکیی نەخۆشخانەی سیریراج لە زانکۆی مەهیدۆڵ (Mahidol University) ئەنجامدا. ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە، گفتوگۆکردن بوو لەسەر دروستکردنی هەماهەنگیی زانستیی هاوبەش، لەگەڵ زەمینەسازی و کارکردن بۆ واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن (MOU) لە نێوان زانکۆمان و ئەو کۆلێژەدا، کە بێگومان دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی و پێشخستنی پرۆسەی خوێندنی پراکتیکی.