Author Archives: hemn hemn

مژدە و دەستکەوتێکی زانستیی گەورە بۆ كوردستان و بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

بە شانازی و خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، مژدەی سەرکەوتنێکی مێژوویی بە مامۆستایان، توێژەران و قوتابیانی زانکۆمان ڕادەگەیەنین؛ گۆڤاری زانستیی زانکۆمان (Polytechnic Journal) توانی لە نوێترین پۆلێنکردنی جیهانیی دامەزراوەی ناسراوی (SCImago Institutions Rankings)دا، هەنگاوێکی گەورە بنێت و پلەی نێودەوڵەتیی Q2 بەدەستبهێنێت. ئەم دەستکەوتە درەوشاوەیە تەنها ژمارەیەک نییە، بەڵکو بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر بەرزبوونەوەی کوالێتی توێژینەوەکان و پابەندبوونی بێچەندوچوونی زانکۆکەمان بە بەرزترین ستانداردە ئەکادیمییە جیهانییەکان، کە ناوی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە نەخشەی زانستیی جیهاندا پڕشنگدارتر دەکات.

ئەم سەرکەوتنە مەزنە بەرهەمی کارکردنی دڵسۆزانە و پیشەییانەی ئەندامانی تیمی دەستەی سەرپەرشتیاری گۆڤار (Editorial Board) و شەونخونی ئەو توێژەر و هەڵسەنگێنەرە بەڕێزانەیە کە بە زانست و وردبینیی خۆیان ئاستی گۆڤارەکەیان گەیاندە ئەم قۆناغە. هەروەها جێگەی خۆیەتی سوپاس و پێزانینی قووڵ ئاراستەی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بکەین کە بە پاڵپشتییە بەردەوامەکانیان هەمیشە هاندەر و ڕێخۆشکەر بوون بۆ هێنانەدی ئەم جۆرە شانازییە نیشتمانی و زانستییانە.

بەدەستهێنانی پلەی Q2 وزەیەکی نوێ دەبەخشێتە کاروانە زانستییەکەمان بۆ ئەوەی بە گوڕوتینێکی زیاترەوە کار بکەین بۆ بەرزکردنەوەی کاریگەریی (Impact) گۆڤارەکە لە ناوەندە جیهانییەکاندا. هیوای بەردەوامی بۆ ئەم سەرکەوتنانە دەخوازین و ئامانجمان ئەوەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بە هەوڵی هەموو لایەک، گۆڤارەکەمان بگەیەنینە ئاستی (Q1) و لوتکەی دەستکەوتە ئەکادیمییەکان، تا خزمەتێکی شایستەتر بە کۆمەڵگەی زانستی و نیشتمانەکەمان بکەین.

https://www.scimagojr.com/journalsearch.php?q=21101337822&tip=sid&clean=0

لە سیستەمی  (Scopus )، (Quartile 2) ، Q2 واتە پلەی دووەم لە ڕیزبەندی گۆڤارە زانستییەکان لە ناو بوارێکی دیاریکراو. ئەم ڕیزبەندییە زۆرجار بە پشتگیری SCImago Journal Rank، دەکرێت:  کە ڕادەی کاریگەری زانستی گۆڤار دەسنیشان دەکات. و گۆڤارەکان بە ٤ بەش (Quartile) دابەش دەکرێن:

Q1: باشترین 25% ـی سەرەوە

Q2: نێوان 25% تا 50% (باش و بەرزتر لە ناوەند)

Q3: نێوان 50% تا 75%

Q4:     ـ 25%ی خوارەوە

کەواتە، Q2 واتە گۆڤارەکە لە نێوان باشترین 25% تا 50% ـی گۆڤارەکان لە بوارەکەیدا هەیە، وە ئەمە پێگەیەکی باش و ڕێزمانە لە ڕووی کوالیتی و کاریگەری زانستی.

 

پ.ی.د. کاروان وسمان قادر

 بەرپرسی هۆبەی گۆڤاری زانستی

 زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (7)ی ئه‌نجام دا

هه‌ولێر- سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ

ئه‌مڕۆ 1٦ی نیسانی ٢٠٢٦، ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، حه‌وته‌مین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی  بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ ئەنجام دا. کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی بەڕێز پ.د. ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆ و بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانكۆ و سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەن بەڕێوەچوو.

له‌ده‌ستپێكی دانیشتنەکەدا، سەرۆکی زانکۆ وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان. دواتر لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی زانکۆ تیشکی خستە سەر سه‌رجه‌م ته‌وه‌ره‌ جیاجیاكان و گفتوگۆی وردیان  له‌سه‌ر كرا. ئه‌مه‌و كۆبوونه‌وه‌كه‌ زیاتر له‌ یه‌ك كاتژمێری خایاند.

گۆڤاری میتانی ژمارەیەکی نوێی بڵاوکردەوە و دەرگای بۆ توێژەران واڵا کردووە

هەولێر – گۆڤاری میتانی

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ پەرەپێدانی ئاستی زانستی و ئەکادیمی، گۆڤاری میتانی کە سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرە، بڵاوکردنەوەی ژمارەیەکی نوێی لە توێژینەوە زانستییەکانی ڕاگەیاند. گۆڤارەکە جەخت لەسەر پەیڕەوکردنی بەرزترین پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە لە هەڵسەنگاندن و بڵاوکردنەوەی بابەتەکاندا.

پرۆسەی هەڵسەنگاندن و مەرجەکانی بڵاوکردنەوە بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەستەی نووسەران، هەموو ئەو توێژینەوانەی لە گۆڤارەکەدا بڵاودەکرێنەوە، بە چەند قۆناغێکی وردی هەڵسەنگاندنی ئەکادیمی (Peer Review) و وردبینی کوالیتیدا تێدەپەڕن. ئەم رێکارانە بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی توێژەران بەتەواوی پابەندی ڕێنماییە زانستییەکان بوون پێش ئەوەی بابەتەکانیان لە وێبسایتی فەرمی گۆڤارەکەدا بڵاوبکرێتەوە.

تایبەتمەندییەکانی گۆڤاری میتانی

ئەم گۆڤارە وەک سەکۆیەکی فرەزمان کاردەکات و بوار بۆ توێژەران دەڕەخسێنێت بە سێ زمانی سەرەکی بابەتەکانیان پێشکەش بکەن لە ئێستادا:

  • کوردی
  • عەرەبی
  • ئینگلیزی

ئەم هەنگاوە وایکردووە کە بازنەی سوودمەندبووان فراوانتر بێت و مامۆستایان، توێژەران، خوێنەران و قوتابیانی خوێندنی باڵا بتوانن بە ئاسانی دەستیان بە سەرچاوە نوێیەکان ڕابگات.

بۆ خوێندنەوەی توێژینەوەکان و دەستڕاگەیشتن بە ئەرشیفی گۆڤارەکە، دەتوانن سەردانی ئەم بەستەرە بکەن:

https://journals.epu.edu.iq/index.php/Mitanni/index

 

لە کۆتاییدا، دەستەی نووسەران دووپاتی دەکەنەوە کە گۆڤارەکە بەردەوامە لە پێشوازیکردن لە توێژینەوە نوێیەکان و هەر بابەتێک مەرجە زانستییەکان و پڕۆسەی وردبینی ببڕێت، ڕاستەوخۆ بە شێوەی ئۆنلاین بڵاودەکرێتەوە.

 

دەستەی نووسەران

گۆڤاری میتانی

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ لەگەڵ ئەدمینەکانی وێبسایتی کۆلێژ و پەیمانگاکان کۆبووەوە..

هەولێر | ١٣ی نیسانی ٢٠٢٦

لە ڕێکەوتی ١٣ی نیسانی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتیی بەڕێز پ.ی.د. بۆتان مجید ئاسنگەر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرانی بەشەکانی ئایتی و ئەدمینەکانی وێبسایتی کۆلێژ و پەیمانگاکانی زانکۆمان لە تەلاری سەرۆکایەتی زانکۆ بەڕێوەچوو. ئەم کۆبوونەوەیە بە مەبەستی بەدواداچوون و پەرەپێدانی وێبسایتی نوێی زانکۆ سازکرا، کە بە شێوازێکی پێشکەوتوو و سەردەمیانە دیزاین کراوەتەوە تاوەکو زانکۆمان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێگەیەکی شایستەتر بەدەست بهێنێت.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر بۆتان بەخێرهێنانی ئامادەبووانی کرد و دەستخۆشی لە هەوڵەکانی تیمی ئایتی کرد بۆ سەرخستنی پڕۆژەی نوێکردنەوەی وێبسایتەکە. و دواتر تیشکی خستە سەر گرنگیی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان بە وردی، بەو پێیەی وێبسایت وەک پەنجەرەیەکی سەرەکی زانکۆ دەبێت بۆ گەیاندنی زانست و زانیاری و خزمەتکردنی زیاتری قوتابیان، مامۆستایان و فەرمانبەران لە چوارچێوەی ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژییانەی جیهانی ئەمڕۆ دەیانخوازێت.

دواتر دەرگای گفتوگۆ بۆ بەشداربووان کرایەوە و هەر یەک لە ئەدمینەکانی کۆلێژ و پەیمانگاکان، بەپێی پسپۆڕی و تایبەتمەندیی بەشەکانیان، سەرنج و تێبینییە تەکنیکییەکانی خۆیان لەسەر چۆنیەتی کارکردن و بەکارهێنانی وێبسایتەکە خستەڕوو. ئامادەبووان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە ئەم وێبسایتە دەبێتە هۆی ئاسانکاریی زیاتر لە بەڕێوەبردنی کاروباری ئەکادیمی و کارگێڕی زانکۆدا.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە کە زانکۆ هەمیشە بایەخێکی تایبەت بە ژێرخانی تەکنەلۆژی دەدات و پاڵپشتێکی سەرەکی دەبێت بۆ هەر پڕۆژەیەک کە خزمەت بە پڕۆسەی زانستی بکات. ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لە کارنامەی زانکۆ بۆ گەیشتن بە ئاستێکی بەرزتر لە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان و نوێبوونەوەی بەردەوام هەژمار دەکرێت.