بەمەبەستی پەرەپێدانی پڕۆگرامەکانی خوێندن و هاوتەریبکردنیان لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆجی و زانستییەکانی سەردەم، بەسەرپەرشتی پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکی هەر پێنج لیژنەی کەرتە پسپۆڕییەکانی زانکۆ (تەکنەلۆجی و ئەندازیاری، کارگێڕی، تەندروستی و پزیشکی، کشتوکاڵی، کۆمپیوتەر و ئایتی)، بەڕێوەبەری پەرەپێدانی پڕۆگرامەکانی خوێندن و بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا دوو بڕیاری ستراتیژی و گرنگ بۆ سەرجەم بەشە زانستییەکانی زانکۆ تاوتوێ کران و پەسندکران: کەبریتی بوون زیادکردنی مۆدیۆلی “ژیری دەستکرد” بۆ پڕۆگرامەکانی خوێندن لە سەرجەم بەشە زانستییەکانی زانکۆمان، کە زیاتر لە ٨٠ بەش لە خۆدەگرێت ئەمەش لە پێناو ئاشناکردنی نەوەی نوێ بە تەکنەلۆجیای سەردەم.
ئەم هەنگاوە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گشتی قوتابییان دێت لەسەر پرسی ژیریی دەستکرد، بەتایبەت لە ڕووی ڕێسا و ڕێنماییەکانی بەکارهێنان، ڕەوشتی بەکارهێنان ، و شێوازی بەکارهێنانی دروست لە کایە جیاوازەکانی بە شێوازێک کە خزمەت بە مرۆڤایەتی و لایەنی زانستی بکات.
بۆ ئەم مەبەستەش، کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری کۆمپیوتەر و ئینفۆرماتیک ڕاسپێردرا بۆ داڕشتنی پڕۆگرامێکی تایبەت و گونجاو بۆ ئەم پسپۆڕییە.
جێبەجێکردنی پڕۆگرامی کار و کارسازی تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، ئەمەش پشتبەستن بە ڕاسپاردەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و دوای ئەنجامدانی چەندین وۆرکشۆپ و خولی ڕاهێنان بۆ مامۆستایان و لەگەڵ دانانی پڕۆگرامی تایبەت، بڕیاردرا بە دانانی بابەتی کار و کارسازی لە ناو سیستمی خوێندنی هەموو بەش و پسپۆڕییەکاندا. ئەم بابەتە بە دوو بەشی جیاواز دەخوێندرێت کە بریتییە لە بابەتی پەرەپێدانی کار و تواناکان و بابەتی کارسازی و لێهاتووییەکان.
ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆگرامە، پڕچەککردنی قوتابییانە بە بیرۆکەی داهێنەرانە و پەرەپێدانی لێهاتووییەکانیان، تا لە کاتی دەرچوونیاندا لە زانکۆ، تەنها چاویان لە دامەزراندنی کەرتی گشتی نەبێت، بەڵکو بتوانن لە بازاڕی کاردا ڕوو لە کەرتی تایبەت بکەن و خۆیان ببنە خاوەن کار و پڕۆژەی سەربەخۆی خۆیان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پێشنیازی بەسوود و تێروتەسەل بۆ دەوڵەمەندکردنی زیاتری ئەم بابەتانە خرانە ڕوو، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕیاری کۆتاییان لەسەر دەدرێت و دەخرێتە ناو پڕۆگرامەکانی خوێندن لە زانکۆمان.









