لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا کتێبێک لەسەر گوتارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە

 

لەژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، و بە بەشداربوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک زانکۆکان، و بەرپرسانی باڵای حکوومی و حزبی، ڕێوڕەسمێکی شایستە بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی (گوتاری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ٢٠١٩-٢٠٢٥ دەروازەیەک بۆ شرۆڤەی زانستی کۆی وتارەکانی) بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان لەگەڵ مارشی نیشتمانیی ئەی رەقیب دەستی پێکرد.

دواتر پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی لە وتەیەکدا بەناوی خۆی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و دەستخۆشی لە نووسەرانی کتێبەکە د. زاهیر حەمەدەمین و م. ئەرسەلان ڕەحمان کە هەردووکیان مامۆستان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرن.

سەرۆکی زانکۆ رایگەیاند، لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە دیدگای ئێمە ئەوە بووە کە زانکۆ تەنها ناوەندێک نییە بۆ پێدانی زانست و مەعریفە بەڵکو ئەرکی زانکۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگایە لە رێگەی کارکردن لە بوار و رەهەندە جیاوازەکانی دیکەیشەوە.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر باسی لە رۆڵی کاریگەری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی و هەنگاوە دیپلۆماتییەکانی بەڕێزیان لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە گرنگ و کاریگەر وەسف کرد.

لە بارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەیش، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کتێبە تەنها دۆکیۆمێنتکردنی قۆناغێکی مێژوویی نییە، بەڵکو دەروازەیەکی زانستی قووڵە بۆ تێگەیشتن لەو پەیامە نیشتمانی، دیپلۆماسی و کۆکەرەوانەی کە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکانیدا پەیڕەوی کردووە و رایگەیاند کە زانکۆی ئێمە هەمیشە پاڵپشتی لەم جۆرە توێژینەوە زانستییە بەپێزانە دەکات کە خزمەت بە گەشەکردنی هزری سیاسی و ئەکادیمی لە هەرێمەکەماندا دەکەن.

لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا هەردوو نووسەری کتێبەکە د. زاهیر حەمەدەمین و م. ئەرسەلان ڕەحمان  بە جیا، تیشکیان خستە سەر ناوەڕۆکی کتێبەکە کە تێیدا نووسەران بە شێوازێکی زانستی و بەپشتبەستن بە مێتۆدۆلۆژیای شیکاریی گوتار، کاریان لەسەر ڕەهەندە جیاوازەکانی پەیامەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٩-٢٠٢٥) کردووە.

دواتر قەڵغانی رێزلێنان لەلایەن پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشکەش بە نووسەرانی کتێبەکە کرا.

 ڕێوڕەسمەکە بە دابەشکردنی کتێبەکە بەسەر ئامادەبووان و سوپاس و دەستخۆشی لە ماندووبوونی نووسەرانی بەرهەمەکە کۆتایی هات.