Daily Archives: کانوونی یەکەم 10, 2025

بەمەبەستی تاوتوێکردنی بەردەوامی پرۆسەی خوێندن لە بەشی پەلە دەستکردەکان، شاندێکی باڵای کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور سەردانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی 10/12/2025، بەڕێز، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەركی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پێشوازی كرد له‌ شاندێکی باڵای کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور (ICRC) . له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی زانكۆ، به‌ڕێزان پ.د. ئازاد حەسەن قادر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی، و پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، و پ.ی.د. موراد، ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی، و دکتۆرە زیکری سەرۆکی بەشی پەلی دەستکرد لە کۆلێژی ناوبراو، ئاماده‌ی پێشوازییه‌كه‌ بوون.

شاندی خاچی سوور پێکهاتبوون لە بەڕێزان: ئیڤا شاربۆنێوا، ڕێکخەری تەندروستی کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لە عێراق، و پریم ساگورتی، چاکسازی جەستەیی کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لە عێراق، و چیا میقداد عەلی، جێگری سەرۆکی کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لە هەرێمی کوردستان، و واڵتەر ئۆگستین تونی، ڕێکخەری ڕاهێنانی چاکسازی جەستەیی لە کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لە بەشی پەلی دەستكرد و پاڵپشتەكان، و ستیڤنی نیمالی ڤیجینی، سەرپەرشتیاری تەکنیکی چاکسازی فیزیکی لە کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لە بەشی پەلی دەستكرد و پاڵپشتەكان، و ڕێبوار هەمزە جەلال، تەكنیكاری پزیشكی پەلی دەستكرد و پاڵپشتەكان لە کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لە بەشی پەلی دەستكرد و پاڵپشتەكان.

مەبەستی سەرەکی لەم سەردانە، تاوتوێکردنی بەردەوامی و چۆنیەتی پشتیوانیکردنی پرۆسەی خوێندن بوو لە بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەكان لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شاندی خاچی سوور ستایشی هەوڵەکانی کۆلێژ و زانکۆیان کرد بۆ وەرگرتنی قۆناغی سێیەمی قوتابیان لەم بەشەدا. هاوکات، کۆمیتەکە باسی لە هەوڵەکانی خۆیان کرد بۆ دەستەبەرکردنی پشتیوانی بەردەوام بۆ ئەم بەشە، بە ئامانجی پاراستنی ستانداردە ئەکادیمییە باوەڕپێکراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ بڕوانامەی دەرچووان.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەمیشە بایەخێکی زۆر بەم جۆرە چالاکییە زانستی و ئەکادیمیانە دەدات، چونکە بە بەشێک لە ستراتیجیەتی گەشەپێدان دەزانێت. ئەم جۆرە پەیوەندی و کارە هاوبەشانە لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی مامۆستایان و قوتابیان و دابینکردنی باشترین ئەزموونی ئەکادیمی و پرۆفیشناڵ دێنە کایەوە، بە تایبەتی لەو بوارانەی کە ڕاستەوخۆ خزمەت بە کەرتی تەندروستی و مرۆیی کۆمەڵگە دەکەن.

ڕاهێنانێکی هاوبەش بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگە لەبارەی قەیران و کارەساتەکانەوە

لە درێژەی هەوڵەکانیان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری، ژمارەیەک لە بەرپرسان و فەرمانبەرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی بەشداری خولێکی ڕاهێنانی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و کارەساتەکانیان کرد. ئەم ڕاهێنانە، کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، بە هاوکاری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و ئاژانسی شارەزایانی فەرەنسا (Expertise France)  ئەنجامدرا.

خولی ڕاهێنانەکە تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی لافاو و میکانیزمی پێویست بۆ ئامادەکاری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە قەیرانانە. تیایدا، بەشداربووان کە پێکهاتبوون لە بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی هۆبەکانی تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژ و پەیمانگەکان، سوودیان لە ئەزموون و شێوازە نێودەوڵەتییەکان وەرگرت بۆ بەڕێوەبردنی کاتی قەیران و کارەساتەکان. مەبەستی سەرەکی لەم چالاکییە بریتی بوو لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری هاووڵاتیانی کۆمەڵگە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە نائاساییانەدا.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی بە گرنگییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە ئەم جۆرە چالاکی و ڕاهێنانانە، چونکە بە بەشێکی دانەبڕاو لە ئەرکی خۆی دەزانێت لە پێناو خزمەتکردن و پاراستنی سەلامەتی تاکەکانی کۆمەڵگە. زانکۆمان هەمیشە بایەخ بەم جۆرە چالاکییە زانستی و ئەکادیمیانە دەدات لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و زانستی مامۆستایان، فەرمانبەران، قوتابیان و گشت تاکەکانی کۆمەڵگە، بە ئامانجی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئامادەتر و بەهێزتر لە بەرامبەر هەر مەترسی و پێشهاتێکدا.