ڕاهێنانێکی هاوبەش بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگە لەبارەی قەیران و کارەساتەکانەوە

لە درێژەی هەوڵەکانیان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری، ژمارەیەک لە بەرپرسان و فەرمانبەرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی بەشداری خولێکی ڕاهێنانی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و کارەساتەکانیان کرد. ئەم ڕاهێنانە، کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، بە هاوکاری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و ئاژانسی شارەزایانی فەرەنسا (Expertise France)  ئەنجامدرا.

خولی ڕاهێنانەکە تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی لافاو و میکانیزمی پێویست بۆ ئامادەکاری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە قەیرانانە. تیایدا، بەشداربووان کە پێکهاتبوون لە بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی هۆبەکانی تەندروستی و سەلامەتی کۆلێژ و پەیمانگەکان، سوودیان لە ئەزموون و شێوازە نێودەوڵەتییەکان وەرگرت بۆ بەڕێوەبردنی کاتی قەیران و کارەساتەکان. مەبەستی سەرەکی لەم چالاکییە بریتی بوو لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری هاووڵاتیانی کۆمەڵگە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە نائاساییانەدا.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی بە گرنگییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە ئەم جۆرە چالاکی و ڕاهێنانانە، چونکە بە بەشێکی دانەبڕاو لە ئەرکی خۆی دەزانێت لە پێناو خزمەتکردن و پاراستنی سەلامەتی تاکەکانی کۆمەڵگە. زانکۆمان هەمیشە بایەخ بەم جۆرە چالاکییە زانستی و ئەکادیمیانە دەدات لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و زانستی مامۆستایان، فەرمانبەران، قوتابیان و گشت تاکەکانی کۆمەڵگە، بە ئامانجی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئامادەتر و بەهێزتر لە بەرامبەر هەر مەترسی و پێشهاتێکدا.