ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢١ / ١٢ / ٢٠٢٥، لە کەمپسی (١)ی سەرۆکایەتی زانکۆ، بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێکی تایبەتی بۆ ئەو مامۆستایانە ڕێکخست کە تازە نازناوی زانستییان وەرگرتووە. ئەم چالاکییە بە ئامانجی ئاشناکردنی مامۆستایان بوو بە چۆنیەتی پڕکردنەوەی فۆڕمی (ئەکادیمیک ستاف) و تێپەڕین بە پڕۆسەی دڵنیایی جۆریدا، کە لەلایەن هەر سێ بەڕێزان (پ.د. خەلیل حەسەن یونس، پ.ی.د. هێمن کاکەخان عوڵا، و م. کەمال محەمەد) پێشکەش کرا.
لە بەشی یەکەمی وۆرکشۆپەکەدا، بە شێوەیەکی گشتی باس لە گرنگی و پوختەی پڕۆسەی دڵنیایی جۆری لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵادا کرا. لە بەشی دووەمدا، تیشک خرایە سەر بەش و ئاستەکانی دڵنیایی جۆری و وردەکارییەکانی شێوازی ئەژمارکردنی خاڵەکان بۆ مامۆستایان ڕوونکرایەوە، تاوەکو بتوانن بە باشترین شێوە چالاکییە زانستییەکانی خۆیان تۆمار بکەن.
لە کۆتا بەشی وۆرکشۆپەکەدا، بە شێوەیەکی پراکتیکی و کردەیی بەشداربووان ئاشنای ئەو سۆفتوێرە تایبەتە کران کە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ پڕۆسەی ئەکادیمیک ستاف و دڵنیایی جۆری بەکاردەهێنرێت.
ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی مامۆستایان بە شێوەیەکی دروست و سەردەمیانە کارەکانیان لە سیستەمەکەدا ڕێکبخەن و پڕۆسەی دڵنیایی جۆری زانکۆ بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بچێت.









