Monthly Archives: کانوونی دووەم 2026

ده‌قی وتاری به‌ڕێز پ.د. ئیدریس محمد طاهر هه‌ركی- سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر، سه‌باره‌ت به‌ كاره‌ساتی (1)ی شوباتی ساڵی 2004

یادكردنه‌وه‌ی بۆنه‌ نیشتیمانییه‌كان، قوتابیان فێرده‌كات كه‌ به‌رگریكردن له‌ وڵات ئه‌ركێكی پیرۆزه‌..

 

له‌ رۆژی 1ی شوباتی ساڵی 2004، كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربان، له‌ یه‌ك كاتدا له‌ دوو كرده‌وه‌ی تیرۆرستی خۆكوژی جیادا، هه‌ردوو هۆڵی لقی دووی (پ.د.ك) و مه‌ڵبه‌ندی سێی ڕێكخستنی هه‌ولێری (ی.ن.ك) كرایه‌ ئامانج، كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ و كادیر و هاووڵاتیان شه‌هید و بریندار بوون. به‌مه‌ش تیرۆرستان په‌ڵه‌یه‌كی تری ره‌شیان خسته‌ سه‌ر مێژووی ره‌شی خۆیان…

 

له‌م رۆژه‌دا، بۆ یادكردنه‌وه‌ی قوربانیانیی ئه‌و كاره‌ساته ‌له‌ زانكۆماندا كۆده‌بینه‌وه‌، ئه‌وان چرای رووناكی و گه‌شی ڕێگای ئازادی ئێمه‌ن، ئێمه‌ش‌ به‌ڵێنمان نوێ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ یادوه‌رییان به‌زیندووی بهێڵینه‌وه‌، و پابه‌ندیش ده‌بین به‌ بونیاتنانی داهاتوویه‌ك كه‌ به‌ها  به‌رزه‌كانیان به‌رجه‌سته‌ بكات.

 

زۆرن ئه‌و  رووداوه‌ مێژووییانه‌ی  به‌سه‌ر گه‌له‌كانماندا هاتوون، كه‌ پێویسته‌ له‌ هه‌موو بۆنه‌ و یاده‌ نیشتیمانییه‌كان یادییان بكرێته‌وه‌، و هه‌روه‌ها پێویسته‌ زانكۆ به‌شدار بێت و ئاماده‌یی هه‌بێت بۆ زیندووكرنه‌وه‌یان، ئه‌ویش بۆ یادكردنه‌وه‌ی قاره‌مانییه‌تی شه‌هیدان و ڕۆحی پاكیان، كه‌ به‌شدارن له‌ شكۆمه‌ندی میلله‌ته‌كه‌ماندا، بۆ چاندنی به‌هاكانی شانازی و شه‌ره‌ ف و دڵسۆزی  بۆ نیشتمان له‌ناو گه‌نجان و فێرخوازان.

 

له‌م یادانه‌ به‌ تیشك خستنه‌ سه‌ر قوربانیدانی شه‌هیدان له‌ پێناو پێشكه‌وتن و پاراستنی نیشتیمان، هه‌ستی سه‌ربه‌خۆیی به‌ نیشتیمان و شانازیكردن به‌ ناسنامه‌كه‌ی له‌ لایه‌ن قوتابیان به‌هێزتر ده‌كات، و هۆكاره‌ بۆ ئاشناكردنی قوتابیان و خوێندكاران به‌ مێژووی نیشتیمانه‌كه‌یان و به‌ هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌ كاره‌ساتبارو شه‌ڕانگێزه‌كانییه‌وه‌، گواستنه‌وه‌یان بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو، و هه‌ستی شانازیی به‌ خۆیان و به‌ هێما كولتووری و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی قووڵتر ده‌كه‌نه‌وه‌ و ناسنامه‌كه‌یان ده‌پارێزن و ئاشناده‌بن به‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی، كه‌ له‌سایه‌ی خوێنی شه‌هیدان به‌ده‌ست هاتوون، به‌مه‌ش پابه‌ندبوونی به‌رده‌وامیان به‌و میراته‌ مسۆگه‌ر ده‌كات.

 

ئه‌و یادانه‌ یه‌كڕیزی نێوان سه‌ركردایه‌تی و گه‌ل و دامه‌زراوه‌كان به‌هێزتر ده‌كات، و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان هه‌ست به‌ قه‌درزانی كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌ت ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌ قوربانیدانی ئازیزانیان. هه‌روه‌ها بۆ فێركردنی خوێندكاران و قوتابیان به‌ به‌هاكانی لێبوورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌ جۆراوجۆره‌كانی كوردستان گرنگن.  و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ خه‌باتی كورد هه‌میشه‌ له‌ پێناو ئازادی و دادپه‌روه‌ری بووه‌ نه‌ك دژی گه‌لانی دیكه‌. فێرخواز فێر ده‌كات  كه‌ به‌رگریكردن له‌نیشتیمان و كاركردن بۆ خۆشگوزه‌رانی ئه‌ركێكی پیرۆزه‌ و پێویستی به‌ كاری خۆبه‌خشی هه‌یه‌، دامه‌زراوه‌كانی زانكۆ كۆلیژ و په‌یمانگاكان ده‌توانن به‌ زۆر شێوه‌ به‌ سازدانی بۆنه‌ جۆراو جۆره‌كانی وه‌ك ڕاگرتنی خوله‌كێك بێده‌نگی و پێشكه‌شكردنی وتار و پێشانگای وێنه‌ی تایبه‌ت و پیشاندانی فیلیمی دیكۆمێنتاری و ده‌ركردنی ڕۆژنامه‌ی تایبه‌ت به‌رووداو و رۆژه‌كه؛‌ ئه‌م یادانه‌ زیندوو بكه‌نه‌وه‌.

 

له‌ رووداوه‌ مێژووییه‌كان فێربووین، كه‌ دوژمنانی گه‌لی كوردستان جیاوازی له‌ نێوان ئایدۆلۆجیا جیاوازه‌كان و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی كوردستان  ناكه‌ن، بۆیه‌ له‌ كۆتاییدا، با ئه‌م یاده‌ بكه‌ینه‌ هه‌وێنی یه‌ك هه‌ڵوێستی و یه‌ك گوتار و یه‌كگرتن  له‌و رۆژگاره‌ی ئه‌مڕۆی گه‌لی كوردستان و به‌تایبه‌تی رۆژئاوای كوردستان، كه‌ پێویستی زیاترمان به‌ یه‌كگرتن هه‌یه‌ بۆ به‌رخۆدان و پارێزگاریكردن له‌ ده‌ستكه‌وته‌كان و تا به‌ده‌ستهێنانی گشت مافه‌ ره‌واكانی گه‌له‌كه‌مان له‌ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان.

پ.د. ئیدریس محمد طاهر هه‌ركی- سه‌رۆكی زانكۆ

 

 

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پردی پەیوەندیی نێوان قوتابیان و بازاڕی کار بەهێزتر دەکات

هه‌ولێر- سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ١ی ٢٠٢٦، لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ؛ بەڕێز پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، به‌ئاماده‌بوونی هه‌ر یه‌ك له‌ به‌ڕێزان پ.ی.د. هەتاو کەریم خدر، بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆ، و پ.ی.د. عه‌بدوڵڵا عمر یاسین، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی زانكۆ، و مامۆستا به‌هزاد حلمی ئاكره‌یی، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی سه‌رۆكی زانكۆ، پێشوازییان لە شاندی هەردوو کۆمپانیای “خانزادە خاتوون” و “زنجیرە ڕێستۆرانتەکانی ئەمەریکانا” کرد.

زنجیرە ڕێستۆرانتەکانی ئەمەریکانا، بەیەکێک لە گەورەترین کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان دادەنرێت لە بواری خواردن و رێستۆرانتەکاندا ؛ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست  باشووری ئەفریقیا، و لە گرنگترین زنجیرە رێستورانتەکانیشیان (KFC- Pizza Hut- Hardee’s- Krispy Kreme).

⁠لەم دیدارەدا کە بە هەماهەنگی و دەستپێشخەریی سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆ ڕێکخرابوو، گفتوگۆ لەسەر دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان زانکۆ و کەرتی تایبەت کرا. ئامانجی سەرەکیی دانیشتنەکە ڕەخساندنی دەرفەتی مەشق و ڕاهێنان و سوودوەرگرتن بوو لە ئەزموون و پڕۆگرامەکانی ئەو کۆمپانیایانە بۆ قوتابیانی زانکۆ، بەتایبەتی بۆ قوتابیانی بەشە گەشتیارییەکان و كارگێڕییه‌كان، تاوەکو وەک پردێکی تۆکمە زانکۆ بە بازاڕی کارەوە ببەستنەوە و دەرچووان ئاشنای ژینگەی ڕاستەقینەی کار بن.

هەر لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا سەبارەت بە واژۆکردنی یاداشتێکی لێک تێگەیشتن لەنێوان هەردوولادا بۆ ئەوەی کارەکان چوارچێوەیەکی فەرمی وەربگرن. جێگەی ئاماژەیە، سەرۆکایەتی زانکۆ هەمیشە وەک بەشێک لە ستراتیژییه‌تی خۆی، بایەخێکی تایبەت بەم جۆرە هەماهەنگییانە دەدات، و بەردەوام پاڵپشت و هاوکاری هەر دەستپێشخەرییەکە، کە ئاسۆی کارکردن بۆ قوتابیان فراوان بکات؛ و تواناکانیان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕدا بگونجێنێت.

زانکۆمان براوەکانی پاڵەوانێتیی شەترەنج و تۆپی سەرمێزی خەڵات کرد

هه‌ولێر- كه‌مپه‌سی یه‌كی زانكۆ

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی 28/١/٢٠٢6، لە کەشێکی وەرزشی و دۆستانەداو لە کەمپی یەکی زانکۆماندا، مەراسیمی دابەشکردنی خەڵات بەسەر براوەکانی هەردوو پاڵەوانێتیی شەترەنج و تۆپی سەرمێز بەڕێوەچوو. مەراسیمەکە لەژێر چاودێریی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆ و به‌ئاماده‌بوونی هه‌ر یه‌ك له‌ به‌ڕێزان پ.د. ئازاد حسن قادر، ی. سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری  كارگێڕی و دارایی، و پ.ی. د. یوسف مسته‌فا ره‌سول، ی. سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری قوتابیان، و پ.ی.د. سه‌رسام خلیل عمر، راگری په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی كارگێڕی هه‌ولێر، و مامۆستا ئاسۆ یاریده‌ده‌ری راگری په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی كارگێڕی هه‌ولێر ئەنجام درا، و تێیدا بە ڕێزەوە پێشوازی لە هەوڵ و ماندووبوونی قوتابیە بەشداربووەکان کرا.

ئەم چالاکییە وەرزشییە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی چالاکییە وەرزشییەکانی زانکۆوە ڕێکخرابوو، کێبڕکێیەکی بەهێزی لەخۆگرتبوو بە بەشداریی ٦٠ قوتابی لە کوڕان و ٢٠ قوتابی لە کچان. لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، وێڕای دابەشکردنی خەڵات بەسەر یەکەمەکان و کچانی بەشداربوو، جەخت لەوە کرایەوە کە سەرۆکایەتیی زانکۆ وەک بەشێک لە ئەرکە پەروەردەییەکانی، بایەخ و گرنگییەکی زۆر بەم جۆرە چالاکییانە دەدات و هەمیشە پاڵپشت و هاوکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی قوتابیان بتوانن لەپاڵ پرۆسەی خوێندن، پەرە بە بەهرە وەرزشییەکانیان بدەن و وزەکانیان بە ئاراستەیەکی تەندروستدا بەگەڕ بخەن.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتیی ڕۆما یاداشتێکی لێکگەیشتنیان واژوو کرد

لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە ڕاهێنانەکانی پڕۆژەی (RISE) لە وڵاتی ئیتاڵیا، شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە سەرۆکایەتیی پ.ی.د. بۆتان مەجید ئەحمەد، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و بە یاوەریی پ.ی.د. عەبدوڵڵا عومەر یاسین، بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و خاتوو پێرۆ بۆتان، لە شاری ڕۆما دیدارێکیان لەگەڵ سەرۆکایەتیی زانکۆی نێودەوڵەتیی ڕۆما (UNINT) ئەنجام دا.

لە دانیشتنەکەدا کە پڕۆفیسۆر مارگریزیا ڕوسۆ، سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتیی ڕۆما و پڕۆفیسۆر لوچانۆ نادو، جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری نێودەوڵەتی ئامادەی بوون، دوای گفتوگۆیەکی چڕی ئەکادیمی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی زانستی و ئەزموونیی، هەردوو لا یاداشتێکی لێکگەیشتنیان واژوو کرد بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان و ئەنجامدانی کاری هاوبەش لە داهاتوودا.

ئەم دەستپێشخەرییە وەک بەشێک لە دیدگا و ستراتیژیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دێت بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆکە و کردنەوەی دەروازەی نوێ بە ڕووی جیهانی دەرەوەدا. سەرۆکایەتیی زانکۆ هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بە بایەخەوە دەڕوانێتە ئەم جۆرە چالاکییانە و، بەردەوام پاڵپشت و هاوکاری سەرەکی دەبێت بۆ هەر هەنگاوێک کە ئاستی زانستیی زانکۆکە بەرزتر بکاتەوە و پەیوەندییە ئەکادیمییەکان لەگەڵ زانکۆ پێشەنگەکانی جیهاندا فراوانتر بکات.

1 2 3 5