تیپی فۆتساڵی مامۆستایانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر نازناوی پاڵه‌وانێتی زانكۆكانی كوردستانی به‌ده‌ست هێنا

له‌ درێژه‌ی چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌كاندا و به‌ مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان، ڕۆژی ٢٤ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٥، له‌ژێر چاودێری پ.د. ئیدریس محمد تاهیر هه‌ركی، سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر و پ.د. ئازاد حسن، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ و به‌ ئاماده‌بوونی پ.ی.د. سه‌رسام خه‌لیل، ڕاگری په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی كارگێڕی، یاری كۆتایی پاڵه‌وانێتی تۆپی پێی بچووكراوه‌ (فۆتساڵ) له‌سه‌ر ئاستی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ زانكۆی تیشكی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌م پاڵه‌وانه‌تیه‌ی ڕێكخستبوو.

ئه‌م چالاكییه‌ كه‌ به سه‌رپه‌رشتی م.ی. ڕه‌مزی عصمت محمدامین، به‌ڕێوه‌به‌ری چالاكییه‌كان و به‌ به‌شداری شه‌ش زانكۆی هه‌رێم ئه‌نجامدرا، كێبڕكێیه‌كی به‌هێزی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و تێیدا تیپی مامۆستایانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر توانییان ئاستێكی به‌رز نیشان بده‌ن.

له‌ یاری كۆتایی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌دا، تیپی زانكۆمان ڕووبه‌ڕووی تیپی زانكۆی تیشك بوویه‌وه‌ و دوای یارییه‌كی پڕ له‌ هه‌ست و بزوێن، كاتی یاسایی یارییه‌كه‌ به‌ یه‌كسانبوون كۆتایی هات. سه‌رئه‌نجام په‌نا بۆ لێدانه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان برا و تیپی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر توانی به‌ ئه‌نجامی (٣-٢) گۆڵ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت و جامی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ به‌رز بكاته‌وه‌.

ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و بایه‌خ و گرنگییه‌ تایبه‌ته‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆمان هه‌میشه‌ به‌ چالاكییه‌ وه‌رزشی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌یدات، وه‌ك به‌شێك له‌ ستراتیژی زانكۆ بۆ پاڵپشتیكردنی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و ڕه‌خساندنی ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست و پڕ له‌ چالاكی له‌ پاڵ كاره‌ ئه‌كادیمییه‌كاندا.

بەڕێوەچوونی پانێڵێک لە ژێر دروشمی دار بەڕوو نە بە سووتان نە بە بڕین لە ناو ناچێت لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

رۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی 23 ـی کانوونی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی بەڕێزان (پ.ی.د.طالب محمد شریف ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر) و (پ.د أدریس محمدطاهر هەرکی) سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و (د. خانزاد ئەحمەد) ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشپێدان و ئەندام پەڕلەمان و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی ئەکادیمی و حزبی و حکومی و قوتابیان لە ژێر دروشمی دار بەڕوو نە بە سووتان نە بە بڕین لە ناو ناچێت پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر هەڵسا بە ئەنجامدانی پانێڵێکی گفتووگۆی زانستی لەسەر ( پاراستنی میراتی داربەڕوو لە کوردستان : دەڤەری بارزان وەک نموونە )

لە دەستپێکی مەڕاسیمەکە وتەی بەخێرهاتن لەلایەن پ.ی.د.طالب محمدشریف عومەر ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر پێشکەشکرا

ئەمەش دەقی وتارەکەیەتی :

خۆمان بەخۆشحال دەزانین، کە لەم چالاکییە زانستیەدا لە خزمەت ئێوە داین؛ لێرەوە بە ناوی راگرایەتی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر و ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ ئەم چالاکییە ئەکادیمییە لەژێر ناونیشانی( پاراستنی میراتی داربەڕوو لە کوردستان: دەڤەری بارزان وەک نمونە)وەک هەوڵێکی زانستی بەشی دەرمانسازی گیایی پەیمانگەکەمان بە تیشک خستنەسەر گرنگی داربەڕوو لەبواریژینگەیی، پزیشکی وخۆراکی و میراتی فەرهەنگییەوە.

ئامادەبوانی بەرێز…
روانگە و ستراتیژیەتى زانکۆمان بەگشتی و پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بەتایبەتی ئەوەیە، وەک ناوەندێکىزانستی لەرێگەی توێژینەوە و گفتوگۆی زانستییەوە، پەنجە لەسەر برینەکان دابنێین و, بەشداربین لە پێشخستنی چارەسەر بۆ ئاڵنگارییە هەنووکەییانەی کە بەرەوڕووی کۆمەڵگای کوردستانی دەبێتەوە.
لەم روانگەیەوە, بەشی دەرمانسازی گیایی پەیمانگەکەمان وەک تاکە بەشی زانستی ئەکادیمی نیشتیمانی بۆ رووەکە پزیشکییەکان, باوەری تەواوی وایە, کە ئەرکی دامەزراوە زانستییەکان, تەنها فێرکردنی زانست نیە لە ناو پۆلەکاندا, بەلکو هەلگرتنی بەرپرسیارەتی کۆمەلایەتی و ژینگەییشە, بۆیە,ئەم پانێلە نەک تەنها بۆ گفتوگۆی ئەکادیمی, بەلکو وەک هەنگاوێکی فەرمی و سترتیژی بۆ دروستکردنی ڕوانین و بینینێکی هاوبەش لە نێوان دامەزراوەکانی حکومەت و زانکۆ و پەرلەمان و کۆمەلگە و رێکخراوە ناحکومیەکاندا.
ئەمرۆش بە شانازیەوە, لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر, پێشوازیتان لێدەکەین بۆ ئەم چالاکیە بەنەرخە کە تایبەتە بە یەکێک لە گرینگترین بابەتە ستراتیجییەکانی ئەم سەردەمە, ئەویش پاراستنی میراتی دار بەڕووە. دارێک کە بەشێکی گرینگی ناسنامەی سرۆشتی و ژینگەیی ونەتەوەیی ومێژووی کوردستانە.
دارستانەکانی بەڕوو لە چیاکانی ئێمە یەکێک لە سوودبەخشترین دیمەنە ژینگەیی و فەرهەنگیەکانی هەرێمی کوردستانە کە چەندین سەدەیە، داربەڕووەکان وەک سەرچاوەی چارەسەری پزیشکی، خۆراک بۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکان، سووتەمەنی، سێبەر، پاراستنی خاک، و هاوسەنگیی ژینگەییەوە، بەشداربوون لە فەراهەمکردنی بژێوی ژیانی ئەو کوردستانییانەی کە لەنزیک ئەم دارستانانەدا ژیانیان بەسەر بردووە.
هێژایان:
لەئێستادا، ئەم دارستانانە بەرەو ڕووی کۆمەڵیک هەڕەشەی کەڵکەبووی وەک؛ گۆڕانی کەشوهەوا و بەکارهێنانی لەرادەبەدەر وەک لەوەڕگە، ئاگرگرتن و سووتان دەبنەوە.
لەسەر ئەو بنەمایەش، پاراستنی دارستانەکانی بەڕوو، نەک تەنیا ئەولەوییەتێکی ژینگەییە، بەڵکو پێویستییەکی پەرەپێدان، خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و هەروەها پاراستنی میراتی فەرهەنگیشە لە دەڤەرەکەمان و کوردستانی خۆشەویست .
ئەم دەستپێشخەرییە زانستیە، لە ڕوانگە زانستی، ژینگەیی و فەرهەنگییەکان, پێکەوە کۆمان دەکاتەوە و زانیارییە نەریتییەکان بە چوارچێوە مۆدێڕنەکانی توێژینەوە و پۆڵەسییەکانەوە دەبەستێتەوە. هاوکات دەستپێشخەرییەکە لەگەڵ ئەولەوییەتەکانی کرداری کەشوهەوا، ئامانجی ژمارە ١٥ی ئامەنجەکانی پەرەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتوەکان؛ کە بریتییە لە ژیان لەسەر گۆی زەوی یەکدەگرێتەوە. هاوکات ئەم هەوڵە لەگەڵ ستراتیژییەکانی پەیوەست بە پەرەپێدانی سەوز یەکدەگرێتەوە کە لەلایەن دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زانکۆکان و بەخشەرەکانەوە گرنگییان پێدەدرێت.
ئامادەبوانی بەرێز..

فەرهەنگی ژینگە پارێزی لە دەڤەرە سەربڵندەکەمان، نەریتێکى نوێ نییە کە ئێمە ئێستا دەستمانپێکردبێت، بەڵکو میراتی زیاتر لە سەدەیەک لە بیرتیژى و رەفتارى بەرزى مرۆیى رێبەر و شێخانى بارزانە، بۆنمونە؛ پرسی ژینگە لە سەردەمی شێخ عبدولسەلامی بارزانی گرنگی پێدراوە تا ئەمرۆش وەک ئەمانەتێکی مێژوویی و ئاکاری بە جەنابی سەرۆک مەسعود جەنابیشیان لە گوتەیەکدا ئەم بابەتەی بەشێوەیەکی ستراتیجی وێنا کردووە و جەختیان لە پەیوەندی قوولی نێوان کوردستانیان و داربەڕووکردووەتەوە. هەروەکدەفەرموێت:(خەلکی کوردستان وەک داربەڕوو وان).
لە کۆتاییدا..
دەمەوێت جەخت لە سەر ئەم پەیامە بکەمەوە, پاراستنی دار بەڕوو ئەرکی تاکەکەس نیە بە تەنها, بەڵکۆ بەرپرسیارەتێکی نیشتیمانییە. ئەگەر ئەمرۆ هەنگاوی زانستی وڕاست نەگرینە بەر, سبەینێ لە بەردەم هەرەشەی لە ناوچوونی میراتێکی گەورەدەوەستین. جا, با هەموومان لە ژێر ئەم درووشمەی(جەنابی سەرۆک بارزانی) یەک دەستبین: داربەڕوو نە بەسووتان, نە بڕین لە ناو ناچێت.
من دوبارەی بەخێرهاتنی ئێوەی بەرێز دەکەم، سوپاسى تایبەتى پانێلیستە بەڕێزکانیش دەکەم؛ هیوادارم بەگفتوگۆی زانستییانە و بیرمەندانە، بە ئەنجامى باش و بەسوود بگەین، تا بتوانین باشتر مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە گرنگە بکەین؛ ئومێد دەکەم ئەم پانێلە ببێتە مایەی هۆشیاری زیاتری تاکەکانمان و برەودان بە دەستپێشخەرییەکانی پاراستنی دارستان و چاندنەوەی داربەڕوو.
زۆر سوپاس

دواتر هەر یەکە لە بەڕێزان (پ.د أدریس محمدطاهر هەرکی) سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و حەکیم تێلی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وتارێکیان پێشکەش کرد باسیان لە گرنگی و مێژووی دار بەڕوو لە کوردستان و دەڤەری بارزان بە تایبەتی کرد.

دواتر پانێڵێکی گفتووگۆی زانستی لەسەر ( پاراستنی میراتی داربەڕوو لە کوردستان : دەڤەری بارزان وەک نموونە )
بەڕێوەچوو

بەڕێوەبەری پانێڵ : عبدالرحمن عەلی محمد، شارەزا لە بواری داڕشتنی سیاسەتی گشتی و پلانی ستراتیژی

پانێلیست : پ.ی.د هەدار سەید فەیزی سەرۆکی بەشی ژینگە لە زانکۆی دهۆک
پانێلیست : د. هەردی کاکەخان عەولا مامۆستا لە کۆلێژی کشتوکاڵ زانکۆی سەلاحەددین
پانێلیست : فاخر مەلا عەلی

دواتر چەند هۆنراوەیەک لەسەر دار بەڕوو خوێندرانەوە لە لایەن هەر یەکە لە هەلبەستڤان حازم بلەیی کە دوو هۆنراوەی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد کە لە هەڵبەستی خۆی بوون، دواتر ئیڤان سەردار قوتابی بەشی پەرستاری لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر هۆنراوەیەکی هونەرمەند کازم کۆیی پێشکەش کرد

لە کۆتاییدا بروانامەی ڕێزلێنان پێشکەشی بەڕێوەبەری پانێل و پانێلیستەکان کرا.

ڕاگەیاندنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆربارزانی سپێردراوە.

سه‌رۆكی زانكۆمان، له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانی زانكۆمان كۆ ده‌بێته‌وه‌

هه‌ولێر- سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر

رۆژی 24ی كانوونی یه‌كه‌می 2025، به‌ڕێز پ.د. ئیدریس محمد طاهر هه‌ركی، سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر، و به‌ڕێزان پ.د. ئازاد حسن، ی. سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی، و پ.ی.د. بۆتان مجید ئاسنگه‌ر، ی. سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، و پ.ی. د. یوسف مسته‌فا ره‌سول، ی. سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری قوتابیان، له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانی زانكۆمان كۆبووه‌وه‌..

مه‌به‌ست له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، ده‌ستخۆشیكردنی به‌ڕێزیان بوو له‌ سه‌رجه‌م ستاف و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان، كه‌ له‌ راپه‌ڕاندنی ئه‌رك و كارو چالاكییه‌كانیان به‌رده‌وام بوونه‌، به‌ بێ گوێدانه‌ هه‌ر كۆسپ و ته‌گه‌ره‌یه‌ك..

و هه‌روه‌ها به‌بۆنه‌ی هاتنی ساڵی نوێوه‌، سه‌رۆكی زانكۆ، پیرۆزبایی خۆی ئاراسته‌ی یه‌كه‌ یه‌كه‌یان كردو هیوای خواست كه‌ ساڵی نوێ ببێته‌ ساڵێكی پڕ خێرو خۆشی و به‌ره‌كه‌ت و هه‌وێنی ئارامی و دڵنوایی بێت بۆ خۆیان و خانه‌واده‌كه‌یان..

دواتر دیاری سه‌رۆكی زانكۆ به‌خشرا به‌ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان و وێنه‌یه‌كی گشتیان به‌یه‌كه‌وه‌ گرت..

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەشداری لە پانێڵێکی زانستی تایبەت بە پاراستنی داربەڕوو لە په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی مێرگەسۆر دەکات

ئه‌مڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتی 23 ـی کانوونی یەکەمی 2025، له‌ژێر چاودێری به‌ڕێز پ.د أدریس محمد طاهر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، و به‌ئاماده‌بوونی بەڕێزان پ.ی.د.طالب محمد شریف، ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر و د. خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشپێدان و ئەندام پەڕلەمان و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی ئەکادیمی و حزبی و حکومی و قوتابیان، و لە ژێر دروشمی (دار بەڕوو نە بە سووتان نە بە بڕین لە ناو ناچێت)، پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر هەڵسا بە ئەنجامدانی پانێڵێکی گفتووگۆی زانستی لەسەر (پاراستنی میراتی داربەڕوو لە کوردستان؛ دەڤەری بارزان وەک نموونە).

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، پ.ی.د. تالیب محەمەد شەریف، ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، وێڕای بەخێرهاتنی میوانان، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم چالاکییە هەوڵێکی زانستیی بەشی دەرمانسازیی گیایییە بۆ تیشک خستنە سەر گرنگیی داربەڕوو لە ڕووی ژینگەیی، پزیشکی و فەرهەنگییەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە دوو وتاری جیادا باسیان لە مێژوو و بایەخی داربەڕوو لە کوردستان و دەڤەری بارزان کرد. سەرۆکی زانکۆ جەختی لەوە کردەوە کە زانکۆکەیان هەمیشە بایەخێکی تایبەت بەم جۆرە چالاکییە زانستی و ژینگەییانە دەدات و بەردەوام پاڵپشت و هاوکاری ئەو پڕۆژانەیە کە خزمەت بە پاراستنی سروشت و ناسنامەی نەتەوەیی کوردستان دەکەن. ئەم هەوڵانەی زانکۆ لە چوارچێوەی ستراتیژیەتێکدایە بۆ بەستنەوەی زانست بە ژینگەی کوردستان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە پاراستنی سەروەتە سروشتییەکان.

دواتر پانێڵە زانستییەکە بە بەشداری شارەزایان (عەبدولڕەحمان عەلی، پ.ی.د. هەدار سەید فەیزی، د. هەردی کاکەخان) و بە بەڕێوەبەری فاخر مەلا عەلی دەستی پێکرد، کە تێیدا بە وردی باس لە ڕێگاکانی پاراستنی داربەڕوو وەک میراتێکی نیشتمانی لە دەڤەری بارزان کرا. مەراسیمەکە بە خوێندنەوەی چەند پارچە هۆنراوەیەک لەلایەن حازم بلەیی و قوتابی ئیڤان سەردار کۆتایی هات و لەکۆتاییشدا بڕوانامەی ڕێزلێنان بەخشرا بە پانێڵیستەکان و ڕێکخەرانی چالاکییەکە.