ئهمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتی 23 ـی کانوونی یەکەمی 2025، لهژێر چاودێری بهڕێز پ.د أدریس محمد طاهر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، و بهئامادهبوونی بەڕێزان پ.ی.د.طالب محمد شریف، ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر و د. خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشپێدان و ئەندام پەڕلەمان و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی ئەکادیمی و حزبی و حکومی و قوتابیان، و لە ژێر دروشمی (دار بەڕوو نە بە سووتان نە بە بڕین لە ناو ناچێت)، پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر هەڵسا بە ئەنجامدانی پانێڵێکی گفتووگۆی زانستی لەسەر (پاراستنی میراتی داربەڕوو لە کوردستان؛ دەڤەری بارزان وەک نموونە).
لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، پ.ی.د. تالیب محەمەد شەریف، ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، وێڕای بەخێرهاتنی میوانان، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم چالاکییە هەوڵێکی زانستیی بەشی دەرمانسازیی گیایییە بۆ تیشک خستنە سەر گرنگیی داربەڕوو لە ڕووی ژینگەیی، پزیشکی و فەرهەنگییەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە دوو وتاری جیادا باسیان لە مێژوو و بایەخی داربەڕوو لە کوردستان و دەڤەری بارزان کرد. سەرۆکی زانکۆ جەختی لەوە کردەوە کە زانکۆکەیان هەمیشە بایەخێکی تایبەت بەم جۆرە چالاکییە زانستی و ژینگەییانە دەدات و بەردەوام پاڵپشت و هاوکاری ئەو پڕۆژانەیە کە خزمەت بە پاراستنی سروشت و ناسنامەی نەتەوەیی کوردستان دەکەن. ئەم هەوڵانەی زانکۆ لە چوارچێوەی ستراتیژیەتێکدایە بۆ بەستنەوەی زانست بە ژینگەی کوردستان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە پاراستنی سەروەتە سروشتییەکان.
دواتر پانێڵە زانستییەکە بە بەشداری شارەزایان (عەبدولڕەحمان عەلی، پ.ی.د. هەدار سەید فەیزی، د. هەردی کاکەخان) و بە بەڕێوەبەری فاخر مەلا عەلی دەستی پێکرد، کە تێیدا بە وردی باس لە ڕێگاکانی پاراستنی داربەڕوو وەک میراتێکی نیشتمانی لە دەڤەری بارزان کرا. مەراسیمەکە بە خوێندنەوەی چەند پارچە هۆنراوەیەک لەلایەن حازم بلەیی و قوتابی ئیڤان سەردار کۆتایی هات و لەکۆتاییشدا بڕوانامەی ڕێزلێنان بەخشرا بە پانێڵیستەکان و ڕێکخەرانی چالاکییەکە.





















