Daily Archives: کانوونی یەکەم 22, 2025

بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆمان، به‌شداری له‌ وۆرکشۆپی سه‌كۆی زانیاری بازاڕی کار و هەڵسەنگاندنی بازاڕی کار؛ ئابووری سەوز و دیجیتاڵی ده‌كات

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ چاکسازی لە کەرتی پەروەردە و ڕاهێنانی تەکنیکی و پیشەیی، نووسینگەی عێراقی ڕێکخراوی یونسکۆ بە پاڵپشتی دارایی یەکێتی ئەوروپا، وۆرکشۆپێکی تایبەتی بۆ بنیاتنانی توانا و ئاراستەکردنی تیمەکانی چاودێری بازاڕی کار ڕێکخست، و پ.ی.د. هەتاو کەریم خدر، بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆمان تێیدا به‌شداری ده‌كات.

 ئەم چالاکییە وەک بەشێک لە قۆناغی سێیەمی پڕۆژەی چاکسازی لە خوێندنی تەکنیکی بەڕێوەچوو، کە ئامانج لێی پەرەپێدانی لایەنی دیجیتاڵی و ژینگەیی (سەوز)ە بۆ زیادکردنی هەلی کار لە عێراق و هەرێمی کوردستان. وۆرکشۆپەکە بە وردی تیشکی خستە سەر باشترکردنی کوالیتی خزمەتگوزارییەکان و بەستنەوەی خوێندن بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار لەو سێکتەرە نوێیانەی کە ئابووری سەوز و دیجیتاڵی پێکدەهێنن.

لە ماوەی سێ ڕۆژی کارکردندا، تیمەکانی چاودێری و زانیاری بازاڕی کار (LMIO) لە حەوت پارێزگای عێراق و سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان بەشدارییان تێدا کرد. نوێنەرانی وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەگەڵ تیمی پسپۆڕی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، هەنگاوە پراکتیکییەکانی پرۆسەی هەڵسەنگاندنی بازاڕی کاریان (LMA) تاوتوێ کرد.

 لە کۆبوونەوەکاندا باس لە میکانیزمەکانی هەماهەنگی نێوان دامەزراوەکان و شێوازەکانی کۆکردنەوەی زانیاری و دڵنیابوون لە کوالیتی داتاکان کرا، تاوەکو شیکارییەکی ورد و زانستی بۆ پێداویستییەکانی ئێستای بازاڕ بکرێت.

بەشداریكردنی بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆمان لەم وۆرکشۆپەدا، لە چوارچێوەی دیدگا و ستراتیژییەتی هەمیشەیی زانکۆماندایە بۆ پشتگیریکردن لە هەر دەسپێشخەرییەک کە خزمەت بە پەرەپێدانی توانای گەنجان و دەرچووان بکات.

زانکۆمان هەمیشە وەک لایەنێکی کاریگەر و پاڵپشت، بایەخێکی تایبەت بەم جۆرە چالاكییە نێودەوڵەتییانە دەدات، چونکە بڕوای تەواومان وایە کە کارامەیی و زانیارییەکانی بازاڕی کار، کۆڵەکەی سەرەکیین بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندنی تەکنیکی. ئێمە بەردەوام هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی ئەم هاوبەشییانەوە ژینگەیەکی زانستی و پیشەیی سەردەمیانە بۆ فێرخوازان دابین بکەین تاوەکو بتوانن بە ئاسانی شوێنی خۆیان لە کەرتی کاردا بدۆزنەوە.