ئەمڕۆ، 9/12/2025، لیژنەی وەزارەت تایبەت بە پێداچوونەوە بە شێواز و ڕێکارەکانی ئەنجامدانی مەشقی پڕاکتیکی قوتابیان لە کەرتی گشتی و تایبەت، سێیەمین و کۆتایی کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا. ئەم کۆبوونەوەیە، کە لە زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان بەڕێوەچوو، هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ تەواوکردنی پرۆسەی هەموارکردنەوەی ڕێنماییەکان.
لیژنەکە، کە لەسەر ئاستی وەزارەت و بە سەرۆکایەتی بەڕێز پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر، ی. سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا پێکهاتبوو، نوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، دكتۆر دلێر عهبدوڵڵا بەرپرسی تۆماری گشتی زانكۆی پۆلیتهكنیكی ههولێر، و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی هەرێم (سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، هەولێر، ئاکرێ) و چەندین نوێنەری پەیمانگە ناحکومییەکانی لەخۆگرتبوو.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، درێژەپێدەری گفتوگۆ و وۆرک شۆپەکانی پێشوو بوو کە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و هەولێر ئەنجامدران. تێیدا بەشداربووان بە وردی و تێروتەسەلی گفتوگۆیان لەسەر ڕێنماییەکانی مەشقی هاوینە و پڕاکتیکی کرد، بە ئامانجی داڕشتنەوە و هەموارکردنەوەی ڕێکارێکی نوێ و باشتر. مەبەست لەم هەموارکردنەوەیە ئەوەیە کە پرۆسەی مەشقی پڕاکتیکی لە دامودەزگاکانی کەرتی گشتی و تایبەت بە شێوازێک ڕێکبخرێتەوە کە لەگەڵ واقیعی زانکۆکان، ژمارەی قوتابیان و دۆخی بازاڕی کار گونجاو بێت. ئەمەش دەبێتە دەروازەیەک بۆ ئەوەی قوتابیان بتوانن بە باشترین شێوە توانا پڕاکتیکی و شارەزاییەکانیان لە بوارەکانی پسپۆڕییەکانیاندا گەشە پێ بدەن و بەرز بکەنەوە.
لەکۆتاییدا، کۆبوونەوەکان بوونە هۆی داڕشتنی ڕەشنووسێکی تێروتەسەل کە بە شێوازێکی زانستی و کردارییانە لە خزمەت پرۆسەی خوێندن و ئەنجامدانی مەشقە پڕاکتیکییەکان لە کۆلێژ و پەیمانگەکاندا دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت ئەم پێشنیازە لە داهاتوودا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە پەسەند بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
زانکۆمان هەمیشە بایەخێکی زۆر بەو جۆرە چالاکییە زانستی و ئەکادیمییانە دەدات کە مەبەست لێی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی و پراكتیكی و گەشەپێدانی توانا و کارامەییەکانی قوتابیانە، بەتایبەتی لە بواری پڕاکتیکی و پسپۆڕیدا، بە ئامانجی پێگەیاندنی نەوەیەکی کارامە و گونجاو لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار.













