له درێژه‌ی چالاكییه وه‌رزشییه‌كاندا و به مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كان، ڕۆژی ٢٤ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٥، له‌ژێر چاودێری پ.د. ئیدریس محمد تاهیر هه‌ركی، سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر و پ.د. ئازاد حسن، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ و به ئاماده‌بوونی پ.ی.د. سه‌رسام خه‌لیل، ڕاگری په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی كارگێڕی، یاری كۆتایی پاڵه‌وانێتی تۆپی پێی بچووكراوه (فۆتساڵ) له‌سه‌ر ئاستی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، كه زانكۆی تیشكی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌م پاڵه‌وانه‌تیه‌ی ڕێكخستبوو.
ئه‌م چالاكییه كه به سه‌رپه‌رشتی م.ی. ڕه‌مزی عصمت محمدامین، به‌ڕێوه‌به‌ری چالاكییه‌كان و به به‌شداری شه‌ش زانكۆی هه‌رێم ئه‌نجامدرا، كێبڕكێیه‌كی به‌هێزی به‌خۆیه‌وه بینی و تێیدا تیپی مامۆستایانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر توانییان ئاستێكی به‌رز نیشان بده‌ن.
له یاری كۆتایی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌دا، تیپی زانكۆمان ڕووبه‌ڕووی تیپی زانكۆی تیشك بوویه‌وه و دوای یارییه‌كی پڕ له هه‌ست و بزوێن، كاتی یاسایی یارییه‌كه به یه‌كسانبوون كۆتایی هات. سه‌رئه‌نجام په‌نا بۆ لێدانه یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان برا و تیپی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر توانی به ئه‌نجامی (٣-٢) گۆڵ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت و جامی پاڵه‌وانێتییه‌كه به‌رز بكاته‌وه.
ئه‌م سه‌ركه‌وتنه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و بایه‌خ و گرنگییه تایبه‌ته‌یه كه سه‌رۆكایه‌تی زانكۆمان هه‌میشه به چالاكییه وه‌رزشی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌یدات، وه‌ك به‌شێك له ستراتیژی زانكۆ بۆ پاڵپشتیكردنی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و ڕه‌خساندنی ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست و پڕ له چالاكی له پاڵ كاره ئه‌كادیمییه‌كاندا.






















