Daily Archives: کانوونی یەکەم 7, 2025

بەڕێوەچوونی سیمپۆزیۆمێک لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

رۆژی شەممە ڕێکەوتی 6 ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە چوارچێوەی هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، بە ئامادەبوونی بەڕێز (پ.ی.د.طالب محمد شریف ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر) و ئەندام
پەڕلەمان و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی ئەکادیمی و حزبی و حکومی و ئافرەتی ماندونەناس و قوتابیان سیمپۆزیۆمێک لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بە هاوبەشی لەگەل ناوەندی مێرگەسۆری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکی مەراسیمەکە وتەی بەخێرهاتن لەلایەن پ.ی.د.طالب محمد شریف ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر پێشکەشکرا
دەقی وتارەکە:-

وێرای بەخێرهاتن…سەرەتا خۆمان زۆر بە خۆشحاڵ دەزانین، کە لەم چالاکییەدا لە خزمەتتانداین؛ لێرەوە بە ناوی ئەنجومەنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر/زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ناوەندی مێرگەسۆرى یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنتان دەکەین. ئەمڕۆ، لە چوارچێوەی هەڵمەتی جیهانى هۆشیاری ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ئافرەتان، بە ئەنجامدانی ئەم سیمپۆزیۆمە، کە کارى هاوبەشى پەیمانگەکەمان و ناوەندی مێرگەسۆر یەکێتی ئافرەتانی کوردستانە، لەژێر دروشمی (کاتێک ئافرەت سەلامەت و پارێزراو بێت، هەموومان سەلامەت و پارێزراو دەبین)، بەشدارى ئەو هەڵمەتە دەکەین.

بەڕێزان :
لەم سیمپۆزیۆمەدا ئامانجمان بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاکەکانە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی فۆرمە جیاوازەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان؛ ئەمەش لە پێناو داکۆکیکردنە لە گۆڕانکاری ئەرێنی؛ چونکە مێژوو پێمان دەڵێ، لەو شوێنەوە کە مامەڵەى تەندرووست لەگەل پرسى ئافرەتان وخێزان هەیە و، شوێن و پێگەى شیاو و شکۆمەندى خۆى وەرگرتووە و کەسایەتى پارێزراوە، گۆڕانکارییەکان ئەرێنى و داهاتوو دڵنیاتر بووە.
ئەم سیمپۆزیۆمە، دەیەوێ بە تێڕوانینێکى سەردەمییانەوە، لە شوێن و پێگە و کەسایەتى ئافرەت بدوێ و شڕۆڤەى بکات؛ دەیەوێ مەوداکانى ئەو مەترسییانە بخاتەڕوو، کە لەم سەردەمەى ژیرى دەستکرددا، رووبەڕووى ئافرەتان دەبنەوە. ئێمە لەم دیدارەدا، بە لامانەوە گرنگە بزانین:

یەکەم: چۆن دەتوانین هەلومەرجى سەلامەتى ئافرەتان و خێزان مسۆگەر بکەین؛ ئیتر هەر لە خۆراکەوە بگرە تا وەرزش و سەلامەتى درەوونى و ژیانێکی تەندروست بەگشتی.

دووەم: چۆن دەتوانین تواناى ئافرەتان لەم سەردەمەى ژیرى دەستکرددا، بەرزبکەینەوە و، پەرە بە هۆشیارى هەمەلایەنیان بدەین بۆ رووبەڕووبنەوەى مەترسییە ئەلیکترۆنییەکان لەسەریان.
ئامادەبووانی خۆشەویست :
توندووتیژی دژی ئافرەتان، تەنیا پێشێلکردنی مافى مرۆڤ نییە، بەڵکو بەربەست و ڕێگرییەکى سەرەکیشە لەبەردەم ئاشتی و گەشەپێدان و تەندرووستی تاک و دواجار کۆی خێزان و مرۆڤایەتی.

توندووتیژی بە واتاى هەر کردەوەیەکە، کە بە مەبەست ئەنجامبدرێت و ببێتە مایەى زیانگەیاندن؛ ئیتر لە هەر بارێکەوە بێت: جەستەیی یان جنسی یان دەروونى. لە هە رێگەیەکیشەوە بێت: بڵاوکردنەوەى وتارى رق و کین، زمانى زبر، ئەشکەنجە، خواردنى نەشیاو و ….هتد.

پێویستە هەموومان بزانین، کە نزیکەی 1\3 ى ئافرەتانى جیهان، بە شێواز و فۆرمی جیاواز ڕووبەرووی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە؛ ئەمە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی ئافرەتان و یەکسانی جێندەری و رێکخراوی تەندروستی جیهانی و هەروەها World .bank، پشتڕاستکراوەتەوە.
ئەم ئامارە ئەوە نیشاندەدات، کە توندووتیژى دیاردەیەکى جیهانی و هەمەلایەنە، بۆیە پێویستى بە هاوپێوەندییەکى فراوانی نێونەتەوەیى و هاوسۆزییەکى هەمەلایەنە هەیە لەنێو کۆمەڵگە جیاوازەکاندا.
ئامادەبووانی بەرێز
ئەم سیمپۆزیۆمە لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆرو لە دەڤەری سەربەرزی بارزان بەڕێوەدەچێت؛ ئەو ناوچەیەی کە مێژوویەکی گرنگ و کولتورێکی مەزنی مرۆیی، لەبواری پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و خێزانی، هەیە. لە لایەکى تر و لە ئاستێکى فراوانتردا، ئێمە لە کوردستان قسە دەکەین، کە بە هەمەڕەنگی ئاینی و نەتەوەیی ناسراوە؛ وڵاتێک کە سەربووردەیەکی دوور و درێژ و بەناوبانگی لە پاڵپشتیکردنی ئاشتییانە و بەخشندەیی خێزانی هەیە. ئەمە سەرمایەیەکى رەمزى گەلێک گەورەیە بۆ هەر هەموومان و دەتوانین بەکاریبێنین بۆ رەواندنەوەى ئەو کێشانەى کە بەرۆکى کۆمەڵگەکەمانیان گرتووە. گرنگە هەموومان بزانین، هەمیشە تێڕوانین بۆ ئافرەتان لە کوردستان، لەچاو زۆرێک لە نەتەوەکانى دنیا، روانینێکى درووستتر و مرۆڤتەوەرانەتر بووە. بۆیە بۆ ئێمەى کورد زۆر گرنگە، کە بە روانینێکى قوڵترەوە سەیرى ئەم بابەتە بکەین؛ واتە، بە سوودوەرگرتن لە لایەنە درەوشاوەکانی میژوومان، چارەسەری داهێنەرانە و ئاشتیخوازانە پێشکەش بە تاک و خێزان و کۆمەڵگا بکەین، ئێمە لە پەیمانگەى تەکنیکى مێرگەسوورەوە، شەرەفمەندین کە بە ئیلهام لە کولتوورى دەوڵەمەندى بارزان و کوردستان، هەمیشە ئەو چارەسەرانە بە روانگەیەکى رەخنەگرانەوە دەخەینەڕوو و وەبیر هەمووانیان دەهێنینەوە هتد…

پاشان لەلایەن دکتۆر وەلی عمر مامۆستا ل زانکۆی پزیشکی هەولێر بابەتێک بە ناونیشانی (ڕۆلی خێزان و شێوازی ژیانی دروست) پێشکەشکرا.

دواتر دوو پانێل بەڕێوەچوون :

پانێلی یەکەم:-
( خۆراکی تەندروست و کاریگەری لەسەر ئافرەت )

بەڕێوەبەری پانێل:- م.سەمیان محمد علی- مامۆستا لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر
پانێلیست:- پ.ی.دبەدر سورچی-مامۆستا لە زانکۆی سەلاحەدین
پ.ی.د.ئەڤین فەتاح- پەرلەمانتار

پانێلی دووەم:-

(هۆشیاری زیرەکی دەستکرد لە بەهێزکردنی تواناسازی ئافرەت)
بەڕێوەبەری پانێل:- ئەڤین محمد – بەرپرسی ناوەنی مێرگەسۆر ی.ئ.ک
پانێلیست پ.د.کەیهان زرار- ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەکنەلۆجی هەولێر
پانێلسیت :عەقید پۆلیس دلشاد عبداللە- بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی کۆمەلگەی سۆران
پانێلیست :-ئەڤین عبدالرحمان- مامۆستای زانکۆ.

لە کۆتاییدا بروانامەی ڕێزلێنان پێشکەشی بەڕێوەبەری پانێل و پانێلیستەکان کرا.

ڕاگەیاندنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر