Monthly Archives: حوزه‌یران 2025

لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا ماڕشی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ناسێندرا

لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و مامۆستایان و فەرمانبەران، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا ماڕشی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ناسێندرا.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا وەک سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی مارشەکە لە وتەیەکدا لەدوای بەخێرهێنانی ئامادەبووان، هاوکات باسی لە بیرۆکەی ئامادەکردنی ماڕشی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و هەنگاوەکانی ئامادەکردنی هۆنراوەکەی تا تەواوکردنی کرد.

دواتر د.هیوا طلعت عارف، مایسترۆی مارشی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر باسی لە گرنگی ماڕشی زانکۆ کرد کە دەکرێت وەک ناسنامەی زانکۆ پێناسە بکرێت.

د.هیوا طلعت عارف هیوای خواست کە ماڕشەکە لە ئاست گەورەیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بێت و ببێتە مایەی ڕەزامەندی هەمووان.

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە وتەیەکدا دەستخۆشی لە لێژنەی ئامادەکاریی و نووسەران هۆنراوە و مایسترۆی ماڕشەکە کرد کە دوای ماوەیەک کارکردنی زۆر ئەو کارە گرنگ و پڕبایەخە گەیشتە ئەنجام.

جێی ئاماژەیە، هۆنراوەی ماڕشی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەهاوبەشی لەلایەن هەریەک پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا  و م.کازم کۆیە نووسراوە و قوتابیانی زانکۆمان بەشدارییان لە کارەکانی ئامادەکردنی ماڕشەکە کردووە.

سەرۆکی زانکۆ سوپاس و پێزانین ئاراستەی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ کرد بەهۆی ئەنجامدانی کارەکانیان بەشێوەیەکی رێک و پێک و کۆتاییهاتنی ساڵی ئەکادیمی ٢٠٢٤-٢٠٢٥.

پاڵپشت بە بڕیاری کۆبوونەوەی ژمارە (٩)ی ئەنجوومەنی زانکۆ، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، رۆژی سێشەممە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، نووسراوی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد کە بەوپەڕی دڵسۆزیی و لەخۆبردووییەوە کاریان کردووە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی خوێندن لە ساڵی ئەکادیمی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستوون.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و مانگی سووری عێراقی جەخت لە بەردەوامی هەماهەنگیی نێوانیان دەکەنەوە

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی لقی هەولێر کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی کرد و لەلایەن هاوڕێ ئیحسان سادق سەرۆکی لقی هەولێر ريکخراوەکەوە پێشوازیی لێکرا.

لە دیدارەکەدا کە پ.د.ئازاد ‌حسن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی زانکۆ ئامادەی بوون، هاورێ ئیحسان لەدوای بەخێرهێنانی سەرۆکی زانکۆ و یاوەرانی، کورتەیەکی لەبارەی کار و چالاکییەکانیان خستەڕوو.

لای خۆیەوە پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سوپاسی کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی کرد بۆ هاوکاری بەردوامیان لەگەڵ زانکۆمان بەتایبەتی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی لەبارەی کردنەوەی خولی فریاگوزاری سەرەتایی و دابینکردنی کەلوپەلی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ سەرجەم بەشەناوخۆییەکانی زانکۆمان.

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی راشیگەیاند، لە دوای دەست بەکاربوونمان وەک سەرۆکی زانکۆ، بە پلان و ستراتیژ کارمان کردووە بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار لە ناوەندەکانی خوێندنی زانکۆ و بەو ئاراستەی هەنگاومان ناوە کە زانکۆ لە پاڵ کارە زانستی و ئەکادیمییەکانی پێویستە لە خزمەتی کۆمەڵگەش دابێت و لەمبارەیەوە پەیوەندی تۆکمەمان لەگەڵ دامودەزگا و تەنانەت کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتیش دروستکردووە.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر گوتیشی “لە چوارچێوەی ستراتیژییەتی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کارمان کردووە بۆ ئەوەی قوتابیانی زانکۆ لەدوای دەرچوونیان تەنها بیر لە دامەزراندن لە کەرتی گشتی نەکەنەوە، لەم چوارچێوەیشدا و بەڕەچاوکردنی پێویستیی بازاڕی کار، ژمارەیەک بەشی نوێمان لەسەر ئاستی کۆلێژ و پەیمانگاکان کردەوە و ناو و پڕۆگرامی خوێندنی ژمارەیەک بەشی دیکەمان گۆڕی تاوەکو قوتابیان لە دوای دەرچوونیان هەلی کاریان لە کەرتی تایبەت بۆ بڕەخسێت”.

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرنجی خستەسەر ئەوەی کە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بایەخی زۆر تایبەت دەدرێت بە یاد و بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و لەپاڵ پێدانی زانست، قوتابیان ئاشنا دەکرێن بە بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و بەڕێزەوە یادی بۆنەکان دەکرێتەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئینتیمای نیشتمانیی لەلای قوتابیان و تاکەکانی کۆمەڵگە بەگشتی.

لە بەرامبەردا هاوڕێ ئیحسان سادق سەرۆکی لقی هەولێر کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی دەستخۆشی لە سەرۆکی زانکۆ و ستافی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری گەورە لە زانکۆکەدا و رایگەیاند کە بەهەموو شێوەیەک بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی زانکۆ و بۆ ئەمەش جەخت لە هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی لە داهاتوودا کرایەوە.

 

 

وۆرک شۆپێک لە ژێر ناونیشانی (تای خوێنبەربوون؛ میکانیزمی پێشگرتن لە پەتاکە) ئەنجامدرا

لەژێر چاودێری پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەرێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی بە هەماهەنگی بەشی پەرەپێدانی پیشەیی بەردەوام  لە بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر هەستا بە ئەنجامدانی وۆرک شۆپێک لە ژێر ناونیشانی (تای خوێنبەربوون میکانیزمی پێشگرتن لە پەتاکە) بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆمان.

مەبەست لەم جۆرە چالاکیانە هۆشیارکردنەوە و وەرگرتنی زانیاری تەواو لەسەر ئەم نەخۆشییە و بڵاوکردنەوەی زانیاریەکان بۆ ناو خێزان و کۆمەڵگا.

لە دەستپێکی وۆرک شۆپەکەدا، جوان مەهدی عابد بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی لە وتەیەکدا وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان، کورتەیەکی لەبارەی چالاکییەکانیان و ئامانج لە ئەنجامدانی وۆرک شۆپەکە خستەڕوو.

دواتر د.نەبەز صدرالدين صديق پسپۆری تەندروستی کۆمەڵ و سەرۆکی بەشی پەرەپێدانی بەردەوام لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بە تێروتەسەلی باسی لە نەخۆشییەکە کرد، هاوکات داتای تووشبووانی سالانەی جیهانی پێشاندا لەگشت وڵاتانی جیهان و لە عێراق و هەرێمى كوردستان، هەروەها شیکردنەوەی زانستی بۆ ڤایرۆسەکە و چۆنییەتی گواستنەوەی بۆ مرۆڤ کرد.

دواتر م.طارق وەيسی صادق ياريدەدەرى ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی تیشکی خستەسەر ڕێگاکانی خۆپارێزی و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تووشبووان بەڕێگای زانستی تەندروستی.

هەروەها ئامادەبووان بە بەشدارییکردنیان بابەتەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.

لە کۆتاییدا بڕوانامە بەسەر پێشکەشکارانی بابەتەکان پێشکەش کرا.