پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی لقی هەولێر کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی کرد و لەلایەن هاوڕێ ئیحسان سادق سەرۆکی لقی هەولێر ريکخراوەکەوە پێشوازیی لێکرا.
لە دیدارەکەدا کە پ.د.ئازاد حسن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی زانکۆ ئامادەی بوون، هاورێ ئیحسان لەدوای بەخێرهێنانی سەرۆکی زانکۆ و یاوەرانی، کورتەیەکی لەبارەی کار و چالاکییەکانیان خستەڕوو.
لای خۆیەوە پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سوپاسی کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی کرد بۆ هاوکاری بەردوامیان لەگەڵ زانکۆمان بەتایبەتی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی لەبارەی کردنەوەی خولی فریاگوزاری سەرەتایی و دابینکردنی کەلوپەلی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ سەرجەم بەشەناوخۆییەکانی زانکۆمان.
پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی راشیگەیاند، لە دوای دەست بەکاربوونمان وەک سەرۆکی زانکۆ، بە پلان و ستراتیژ کارمان کردووە بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار لە ناوەندەکانی خوێندنی زانکۆ و بەو ئاراستەی هەنگاومان ناوە کە زانکۆ لە پاڵ کارە زانستی و ئەکادیمییەکانی پێویستە لە خزمەتی کۆمەڵگەش دابێت و لەمبارەیەوە پەیوەندی تۆکمەمان لەگەڵ دامودەزگا و تەنانەت کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتیش دروستکردووە.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر گوتیشی “لە چوارچێوەی ستراتیژییەتی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کارمان کردووە بۆ ئەوەی قوتابیانی زانکۆ لەدوای دەرچوونیان تەنها بیر لە دامەزراندن لە کەرتی گشتی نەکەنەوە، لەم چوارچێوەیشدا و بەڕەچاوکردنی پێویستیی بازاڕی کار، ژمارەیەک بەشی نوێمان لەسەر ئاستی کۆلێژ و پەیمانگاکان کردەوە و ناو و پڕۆگرامی خوێندنی ژمارەیەک بەشی دیکەمان گۆڕی تاوەکو قوتابیان لە دوای دەرچوونیان هەلی کاریان لە کەرتی تایبەت بۆ بڕەخسێت”.
پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرنجی خستەسەر ئەوەی کە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بایەخی زۆر تایبەت دەدرێت بە یاد و بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و لەپاڵ پێدانی زانست، قوتابیان ئاشنا دەکرێن بە بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و بەڕێزەوە یادی بۆنەکان دەکرێتەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئینتیمای نیشتمانیی لەلای قوتابیان و تاکەکانی کۆمەڵگە بەگشتی.
لە بەرامبەردا هاوڕێ ئیحسان سادق سەرۆکی لقی هەولێر کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی دەستخۆشی لە سەرۆکی زانکۆ و ستافی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری گەورە لە زانکۆکەدا و رایگەیاند کە بەهەموو شێوەیەک بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی زانکۆ و بۆ ئەمەش جەخت لە هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی لە داهاتوودا کرایەوە.