Daily Archives: حوزه‌یران 19, 2025

کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (٩)ی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ بەڕێوەچوو

رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ١٨-١٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بە سەرۆکایەتی پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (٩)ی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە دوای بەخێرهێنانی ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، هاوکات سوپاس و پێزانینی راگری کۆلێژ و پەیمانگاکان و سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ کرد کە لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ بەوپەڕی دڵسۆزیی و لێهاتووییەوە کارەکانیان ئەنجامدرا و ساڵی خوێندن بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات.

هاوکات ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی راسپارد کە لە ئێستاوە ئامادەکاری تەواو بکەن بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن لە رووی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی تقایگە و هۆڵەکانی خوێندن و دابینکردنی پێداویستییەکان.

پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر لە پرێزنتەیشنێکدا بە پوختی باسی سەردانەکەی لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکانی کوردستان بۆ ئەمریکا و بەشدارییکردنی لە کارەکانی کۆنفرانس و پێشانگای ساڵانەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی مامۆستایان NAFSA 2025 کرد کە لە شاری سانتیاگۆ لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە ئەمریکا بەڕێوەچوو.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر باسی لە ناوەڕۆکی کۆنفڕانسەکە و چالاکییەکانی شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و زانکۆکانی کوردستانی کرد لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمیی و پەرەوردەییەکانی بەشداربوو کە رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر پڕۆسەی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستاندا.
لە تەوەری کاروباری قوتابیاندا پلانی وەرگرتنی ساڵی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ پەسەند کرا کە بەپێی پلانەکە ئەمساڵیش ئامادەکاریی کراوە بۆ وەگرتنی زۆرترین ژمارەی قوتابی لە کۆلێژ و پەیمانگاکان کە زانکۆمان بە وەرگرتنی زۆرترین ژمارەی قوتابی دەرچووی ئامادەیی لە کۆلێژ و پەیمانگاکانی پێشەنگی زانکۆکانی کوردستانە.

ئەنجوومەنی زانکۆ بە ستایشەوە باسی لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان زانکۆمان و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و رێکخراوی سەنەد بۆ گەشەپێدانی ئابووری کرد کە ناوەڕۆکەکەی رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لە خزمەتکردنی کۆمەڵگا.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بڕیاریدا وانەی ژیری دەستکرد وەک بابەتێک لە نێو پڕۆگرامی خوێندن لە گشت بەشەکانی کۆلێژ و پەیمانگاکان بخوێندرێت و بۆ ئەمەش بڕیاردرا بە پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ دانانی پڕۆگرامی پێویست کە لەگەڵ ئاستی زانستیدا گونجاوبێت، هەرچەندە پێشتر زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بایەخی تایبەتی بەم بابەتە داوە و لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ بەشێکی تایبەتی بە ژیری دەستکرد لە کۆلێژی تەکنیکی کۆمپیوتەر و ئینفۆرماتیک کردەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا و لەمیانی دوو رۆژی کۆبوونەوەکەدا راگرانی کۆلێژ و پەیمانگاکان باسیان لە کار و چالاکییەکانی کۆلێژ و پەیمانگاکانیان لە ماوەی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ و پلانیان بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن لەسەرجەم بوارەکانی کارگێری، زانستی و بوارەکانی دیکەدا کرد.
هاوکات باسیان لە پێشکەوتنەکان لە رووی ژمارەی مامۆستایان و بەرزبوونەوەی پلەی زانستی مامۆستایان و چالاکییە زانستیەکان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمەلگا و رێکخراوەکان و دامەزراوەکانی دیکەدا کرد هەروەها چالاکییەکانی قوتابییان و یادکردنەوەی بۆنە نەتەوەییە و نیشتمانییەکان کرد کە هەردەم سەرۆکی زانکۆ خەختی لەسەر دەکاتەوە کە پێویستە زانکۆ ناوەندی پاراستنی کولتوور و نەریت و بایەخدان بە بۆنە و یادە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و زمانی دایک بێت.
ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر میوانداریی ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرەکانی زانکۆ کرد و هەریەکەو بەجیا و بە کورتی باسی لە کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کرد بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ خستەڕوو.
هەر لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، گفتۆگۆ لەسەر چەند بابەتێک کرا لە تەوەرەکانی زانستی، کارگێری و دارایی و کاروباری قوتابیان، سەنتەری توێژینەوەی زانستی و دوای گفتوگۆکردن لەبارەیانەوە، لەلایەن ئەنجوومەنی زانکۆوە بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.