پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی خولی زمانی ئینگلیزی بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا( ماستەر و دکتۆرا) و نازناوی زانستی، سەردانی سەنتەری زمانی کرد و لەلایەن پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدان و پ.ی.د.سامان دزەیی بەڕێوەبەری سەنتەری زمان و ستافی سەنتەرەوە پێشوازیی لێکرا.
دواتر سەرۆکی زانکۆ و پ.د.ئازاد حسن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدان و یاوەرانیان، هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی کۆتایی خولی زمانی ئینگلیزییان بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەی پرسیی و گفتوگۆی لەگەڵ بەشداربووان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
جێی ئاماژەیە، پاڵپشت بە رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەدوای تەواوکردنی خولی زمانی ئینگلیزی بەشێوەی ئامادەبوون لە هۆڵ و بەشێوەی ئۆنڵاین، لە ئەمڕۆ شەممەوە پڕۆسەی تاقیکردنەوەکان لە سەنتەری زمانی زانکۆمان بە بەشداریی زیاتر لە ٩٠٠ قوتابی ماستەر و دکتۆرا و خوازیارانی خوێندنی باڵا بە دوو شەفتی بەیانیان و ئێواران دەستی پێکرد و تا کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت.
لە دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەکان، بەشداربووی سەرکەوتوو بڕوانامەی تەواوکردنی خولی زمانی ئینگلیزی سەنتەری زمانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری پێدەبەخشرێت.















