Daily Archives: حوزه‌یران 1, 2025

کۆنسوڵخانەی ئەمریکا: “خۆشحاڵبووین بە بەشداریی نوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەرۆک زانکۆکانی کوردستان لە کۆنفرانسی (NAFSA)”

کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە بەشداریی نوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکانی کوردستان لە کۆنفرانسی (NAFSA).

هەفتەی ڕابردوو شاندێک کە پێکهاتبوو لە ڕاوێژکارانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانی کوردستان کە پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر یەکێکە لە سەرۆک زانکۆ بەشداربووەکان، بەشدارییان کرد لە کارەکانی کۆنفرانس و پێشانگای ساڵانەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی مامۆستایان NAFSA 2025 کە لە شاری سانتیاگۆ لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە ئەمریکا بەڕێوەچوو.

 لەمبارەیەوە کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بەبایەخەوە باسی لە بەشداریی شاندەکە کردووە و نووسیووییەتی “خۆشحاڵبووین بە بینینی بەشداریی نوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئەمریکی ناسراو بە نافسا (NAFSA) کە گەورەترین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی تایبەت بە بواری پەروەردە و خوێندنە لە جیهاندا”.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر هاتووە “کۆنفرانسەکە یارمەتیدەری بەرپرسانی خوێندنی باڵا دەبێت لە دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆ و کۆلێجەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تاوتوێکردنی کار و پڕۆژەی هاوبەش لە داهاتوودا”.

هاوکات  (NAFSA) لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بەبەیاخەوە باسی لە بەشداریی شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆک زانکۆکانی کوردستان کردووە.

لەم کۆنفرانسەدا شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی گرنگیان لەگەڵ سەرۆکی NAFSA و نوێنەرانی ژمارەیەک لە زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدا، ناوەرۆکی دیدارەکان تایبەت بوون بە پشتیوانی کەرتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی و پەرەپێدانی تواناکان و ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام و ئاوێتەکردنی پەرەپێدانی توانای کارسازی لە پرۆگرامەکانی خوێندن و ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و قوتابیان.

https://www.facebook.com/share/p/1BXAgNcxN5

https://www.facebook.com/photo.php?fbid=1117118280458693&set=a.469895111847683&type=3&mibextid=wwXIfr