لە ژێر چاودێری و ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و ژمارەیەک لە سەرۆک بەش و مامۆستایانی زانکۆمان، رێوڕەسمی کۆتایی مەشقی هاوینەی قوتابیانی زانکۆکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی لە زانکۆ بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە ئەمساڵیش زانکۆمان بەشێوەیەکی سەرکەتوو و کاریگەر میوانداری ژمارەیەک قوتابی لە وڵاتە جیاجیاکان کرد کە بۆ مەشقی هاوینە سەردانی زانکۆمانیان کردبوو.
پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی راشیگەیاند کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر یەکێک بۆ لەو زانکۆیانەی کە هەر لە سەرەتاوە پشتگیری و پشتیوانی ئەم پڕۆژەیەی کرد کە برتییە لە ئاڵوگۆڕی قوتابیان لەنێوان زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتیی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی کە رۆڵ و کاریگەریی زۆری دەبێت لە تێگەیشتن و گواستنەوەی کولتووری گەل و وڵاتان بۆ وڵاتانی دیکە.
سەرۆکی زانکۆ هیوای خواست قوتابیان لە ماوەی مەشقەکەیان سوودیان لە بابەتە زانستییەکان وەرگرتبێت و ئاشنابووبن لە سرووشتی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان گەل و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە هەمیشە سەرکردایەتی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی جەخی لەسەر دەکاتەوە، هەروەها ئاشنا بوون لە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە و رۆشنبیری و زانست و سەرجەم بوارەکانی دیکە لە زانکۆکانی کوردستان بە گشتی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەتایبەتی.
پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی هیوای خواست قوتابیانی میوان ئەم نموونە جوانەی کوردستان وەک خۆی بگوازنەوە بۆ وڵاتەکانیان و هانی هاوڕێکانیان بدەن لە داهاتوودا بەشداریی لەم پڕۆگرامەدا بکەن.
سەرۆکی زانکۆ سەرنجی بۆ ئەو راکێشا کە پلانیان وەرگرتنی زیاتری قوتابیان بوو لە زانکۆدا، بەڵام قەیرانی دارایی وایکرد کە تواناکانیان لەمبارەیەوە سنوورداربێت.
سەرۆکی زانکۆ لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا ئاماژەی بە مێژووی خەباتی پڕ سەروەری گەلی کورد کرد و رایگەیاند، ئەمڕۆ ٣١ی تەمووز، هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان لەسەر دەستی رژێمی بەعسی رووخاو کە لەم هەڵمەتەدا هەزاران بارزانی رۆڵەی ئەم وڵاتە بێ سەرووشوێن کران.
گوتیشی، یادکردنەوەی ئەم کارەساتە زیاتر هانمان دەدات کە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەهێزتر بێت و ببینە پارێزەری قەوارەکەمان و دەستکەوتەکانمان کە بەداخەوە لە ئێستادا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ئابڵووقە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و شایستە دەستوورییەکانمان راگیراوە.
لە کۆتاییدا سەرۆکی زانکۆ سوپاسی راگر و راگرایەتی کۆلێژ و پەیمانگان و مامۆستایانی سەرپەرشتیار و لێژنەی سەرپەرشتی مەشقی هاوینەی لە سەرۆکایەتی زانکۆ کرد بۆ رۆڵی کاریگەریان لە بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و رایگەیاند، نموونەیەکی جوانتان پێشکەش کرد و سەری زانکۆمانتان بەزرکردەوە و نموونەی جوانی میواندۆستی کوردستانتان نیشانی قوتابیان دا، بۆیە شانازییتان پێودە دەکەم.
دواتر قوتابیانی هەریەک لە زانکۆی نەجاحی فەڵەستینی، زانکۆی عەرەبی ئەمریکی لە فەڵەستین، زانکۆی فەڵەستنی ناحکوومی، زانکۆی تەکنیکی فەڵەستین، زانکۆی ئەلسەعید لە یەمەن و زانکۆی جەبلە بۆ زانستی پزیشکی و تەندروستی لە یەمەن و زانکۆی سەحار لە عومان، بەجیا سوپاسی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریان بۆ رەخساندنی دەرفەتی مەشقی هاوینە لە زانکۆکە و کورتەیەکیان لەبارەی ماوەی مەشقەکەیان پێشکەش کرد.
پاشان بڕوانامەی بەشداربوون بەسەر قوتابیانی زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی و مامۆستایانی سەرپەرشتیار لە کۆلێژ و پەیمانگاکانی زانکۆمان دابەشکرا و لەلایەن قوتابیانی میوانیشەوە قەڵغانی رێزلێنانی زانکۆکانیان پێشکەش بە سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرا.
بە گرتنی وێنەیەکی بەکۆمەڵ کۆتایی بە ڕێوڕەسمەکە هات.

















































































































