Author Archives: admin

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ساڵنامەی خوێندنی ئەکادیمی بۆ ساڵی خوێندنی 2025 – 2026 بڵاودەکاتەوە

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ساڵنامەی خوێندنی ئەکادیمی بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2025 ـ 2026 ـی کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکانی بڵاوکردەوە و بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت.

بەپێی ساڵنامەکە رۆژی دووشەممە 1ـی ئەیلوولی 2025 رۆژی دەستبەکاربوونەوەی مامۆستایان دەبێت دوای کۆتایی هاتنی پشووی هاوینە. هەروەها رۆژی شەممە 6 ـی ئەیلوولی 2025 یەکەم رۆژی دەسپێکی خوێندنی قوتابییان دەبێت و قوتابییان وانە دەخوێنن.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن، داوا لە مامۆستایان و قوتابییان دەکات ئامادەکاریی بکەن و پابەندی رۆژەکانی دیاریکراو بن لە ساڵنامەکەدا و هیوای ساڵێکی پڕ سوودی زانستی بۆ هەموو لایەک دەخوازێت.

 

سەرۆکى زانکۆ بەشداریی لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی ئێزدییان دەکات

بەئامادەبوونى ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەهەولێرى پایتەخت كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی ئێزدییان، بەڕێوەچوو كە لەلایەن زانکۆی كوردستان ـ هەولێرەوە ڕێكخرا بوو.

لە ڕێوڕەسمەكەدا پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ بەشدارییان کرد، تیایدا هەریەک لە میر تەحسین بەگ میری ئێزدییان، بابە شێخ و ژمارەیەك لە وەزیر و پارێزگارى هەولێر و بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان، لایەنە سیاسییەكان، كونسوڵ و دیپلۆماتكارانی وڵاتان، ئەكادیمی و لێكۆڵه‌ران له‌ ناوخۆ و دەرەوە و مامۆستایانی ئایینی ئامادەی بوون.
بڕیارە لە ماوەی دوو رۆژی کۆنفڕانسەکەدا ژمارەیەک توێژینەوە و پانێڵ پێشکەش بکرێت کە تیایدا باس لە جینۆسایدی ئێزدییان لەلایەن داعش و پابەندییەکانی حکوومەتی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەندار بکرێت.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداریی لە سێیەمین کۆڕبەندی پەروەردەیی کوردستان دەکات

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وەک بەشداربوویەکی سەرەکی بەشداریی لە سێیەمین کۆڕبەندی پەروەردەیی کوردستان دەکات کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، ئیراهیم نامس جبووری و وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئالان حەمەسەعید و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی حکوومی لە ھۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر بەڕێوەچوو و بۆ ماوەی چوار بەردەوام دەبێت.

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ ئامادەی ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگا و شوێنی تایبەتی زانکۆمان بوون.

لە پێشانگاکەدا ژمارەیەک کۆمپانیا و زانکۆ و قوتابخانە لە نۆ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن و تێیدا پڕۆگرام و بەرھەمەکانییان بۆ ئامادەبووان دەخەنەڕوو ئەمەش بە مەبەستی ڕۆشنکردنی داھاتووی قوتابییان لە چوارچێوەی پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و ئاشناکردنییان بە زانستەکانی سەردەم.

لە پەڕاویزی کۆڕبەندەکەد، ژمارەیەک لە پەرپرسانی حکوومی و هاووڵاتییان سەردانی شوێنی تایبەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریان کرد و خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا بە بەشدارییکردنی زانکۆمان لەو پێشانگایەدا.

بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی و ژمارەیەک فەرمانبەر و قوتابی زانکۆمان بەشداریی لە خولی وەڵامدەرەوەی کۆمەڵگا دەکەن

لە ژێر چاودێری بەڕێز پ.د. ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەڕێوبەری تەندروستی و سەلامەتی و ژمارەیەک لە فەرمانبەران و قوتابیانی زانکۆمان بەشدارییان لە خولێكدا کرد کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی زەمینی نیشتمانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.

خولەکە لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی هۆشیاری و بەرەوپێشبردنی سیستەمی وەڵامدانەوەی قەیران و کارەسات لە هەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی توانای وەڵامدانەوە و بەهاناوەچوون لە کاتی ڕووداوە نەخوازراوەکان، هەروەها بەشداربووان ئاشنابوون بە چۆنیەتی خۆپاراستن لە لافاو و بوومەلەرزە، ئاگرکوژێنەوە، ئەنجامدانی بەهاناوەچوونی خێرا، ڕزگارکردن و وەڵامدانەوە، چۆنیەتی ئەنجامدانی فریاگوزاری سەرەتایی، چەندین بابەتی دیکە.

لە کۆتایی جولەکە بڕوانامەی بەشداربوون بەخشرا بە بەشداربووانی خولەکە.