Author Archives: admin

خولێکی راهێنانى فرياگوزارى سەرەتایی بۆ ئاژەڵه کێوییەکان و پەرەپێدانی كارامەييه كردارييەكان بۆ پێشمەرگەکانی بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر کرایەوە

رۆژی دووشەممە 18ی ئابی 2025، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پ.ی.د. ئەمیر چالی و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی و د. طالب محمد شریف راگری پەيمانگەى تەكنيكى مێرگەسۆر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی و حزبی و سەربازیی دەڤەرەکە پەيمانگەى تەكنيكى مێرگەسۆر به هاوبەشى لەگەڵ كۆلێژى ڤێتێرنەری پزيشكى زانكۆى سەڵاحەدین و ڤێتێرنەری زوم و باخچەی ئاژەڵانى هەولێر خولی ڕاهێنانى فرياگوزارى سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی ئاژەڵه کێوییەکان و پەرەپێدانی كارامەييه كردارييەكان بۆ پێشمەرگەکانی بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان ئەنجامدا.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا د. طالب محمد شریف راگری پەيمانگەى تەكنيكى مێرگەسۆر وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی ئامادەبووان و میوانانی کرد و باسی لە ناوەڕۆکی چالاکییەکە کرد کە بریتی بوو لە رێکخستنى خولێکی راهێنانی پراکتیکییە، بەناونیشانی(فریاگوزاری سەرەتایی بۆ ئاژەڵە کێوییەکان: پەرەپێدانی کارامەییە کردارییەکان بۆ پێشمەرگە ژینگە پارێزەکان)، کە بە هاوبەشی لەگەل کۆلێژی پزیشکی ڤێتێرنەریی زانکۆی سەلاحەدین هەولێر، ڤێتێرنەری زۆم، باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێڕنەری هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەل فەرماندەیی ژینگەپارێزی بارزان ئەنجامدەدرێت، تێیدا تیشک دەخرێتەسەر تەکنیکی مامەڵەکردنی درووست بۆ پاراستن و سەلامەتیی ئاژەڵە کێوییەکان.

راگری پەیمانگای تەکنیکی مێرگەسۆر راشیگەیاند ئەمڕۆ ئێمە لە چالاکییەکى ئەکادیمی گرینگ و بەنرخداین، بەڵام بەنرخى ئەم کارە، تەنیا پەیوەست نییە بەوەى کە ئەکادیمییە، بەڵکو پەیوەستە بەوەوە کە ئێمە سوود لە زانست وەردەگرین بۆ پاراستنى ژینگە، بۆ گێڕانەوەى هاوسەنگى بۆ سرووشت، بۆ پێداگرى لە پاراستنى ئەم دەڤەرە رەنگینە، کە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی نەک تەنیا کوردستان، بەڵکو عێراق و رۆژهەلاتی ناوەراستیشە، لەڕووى فرە چەشنیی و جۆراجۆری زیندەیی( بایۆدایڤرسیتی).
د. طالب محمد شریف گوتیشی ئەم دەستپێشخەرییە، جگە لەوەى ئەرکێکى زانستییە، بەڵام زیاتر، ئیلهامێکە لە بەها پیرۆزەکانی شێخەکانی بارزانەوە بۆ پاراستنى سرووشت، کە زیاتر لە سەدەیەکە بناغەکەى داڕێژراوە و بە جدیەتەوە جیبەجێدەکرێ؛ لەم سۆنگەیەوە، ئیزن دەخوازم، ئەم خولە پێشکەش بە گیانى بەرزەفڕى ئەوان دەکەم. بەڵێنیان پێدەدەین ئەوەى ئەوان وەک ئەرکێکى ئەخلاقى بنیاتیاننا، ئێمە بە زانستى سەردەم پەرەیپێدەدەین و، کاردەکەین تا بیکەینە نەریتێکى گشتی لە سەرجەم کوردستان.

راشیگەیاند، وەک ناوەندێکى زانستى، بەپێویستمان زانى، ئەم چالاکییەى ئەمڕۆ رێکبخەین؛ لە ڕێگەی ئەم خولەوە، ئێمە دەمانەوێ ئاستى زانستیى فریاگوزاری سەرەتایی، بەو ئامراز و تێڕوانینانەی، کە بۆپاراستنی ژیانی ئاژەڵە کێوییەکان لە هەر بارودۆخێکی نەخوازراودا پێویستە، ببەینە سەر؛ ئەمەش لەرێگەى گواستنەوەى زانستە پێویستە کردەییەکان بۆ پێشمەرگە ماندوونەناسەکانى پاراستنى ژینگە بۆ ئەم خولە کە راهێنانی کردەیی پێیدەدرێت.
دواتر پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا وێڕای دەستخۆشی لە رێکخەرانی چالاکییەکە، هیوای خواست ئەم جۆرە چالاکییە خزمەتی زیاتر بە ژینگەی ناوچەی بارزان بگەیەنێت.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر گوتیشی “ئەرکی زانست تەنها پێدانی مەعریفە نییە، بەڵکو یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی زانکۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگایە کە بەخۆشحاڵییەوە زانکۆمان پێشەنگە لەم بوارەدا”.
پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی ئاماژەی بەوەشکرد کە وەک زانکۆ بایەخی تایبەتییان بە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی پەرەپێدانی بەردەوام داوە کە بابەتی ژینگەپارێزی یەکێکە لەم ئامانجانە و لەمبارەیەوە کۆمەڵێک هەنگاوی کرداریمان ناوە لەوانەش واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ رێکخراو و دامەزراوە پەیوەندارەکان، هەروەها سەوزکردنی کەمپەسی زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگاکان و کردنەوەی چەندین خولی تایبەت لەم بوارەدا.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئاماژەی بە مێژووی ژینگەپارێزی لە دەڤەری بارزان کرد و رایگەیاند، لە کاتێکدا پرسی ژینگەپارێزی لەسەر ئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان چەندین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی بۆ دەبەسترێت، کەچی بەر لە زیاتر لە ١٠٠ ساڵ لەسەر دەستی سەرکردەکانی بارزان هەر لە شێخ ئە‌حمەدەوە تا بارزانی نەمر و سەرۆک مەسعود بارزانی دەڤەری بارزان پرسی ژینگەپارێزی بایەخی تایبەتی پێدراوە و لەو کاتەوە ئەم بابەتە بووە بە کولتوور و نموونەیەکی جوانی ناوچەکە.
راشیگەیاند، ئەگەرچی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق ژینگە ناوچەکانی کوردستانیان شێواند و بەشێکی زۆری دار و رووبەری سەوزایی سرووشتی کوردستانیان سووتاند، کەچی ژینگە بارزان هەر بەجوانی مایەوە و لەسەر بنەمای فەرمایشتی تەریقەتی بارزان خەڵکی دەڤەرەکە ژینگەیان ناوچەی بارزانیان بوژاندەوە و کردیانە نموونەی ژینگەپارێزگای کوردستان.
سەرۆکی زانکۆ ئومێدی خواست ئەم خولە سوودی زیاتر بە پێشمەرگەکانی ژینگەبارێزی بارزان بگەیەنێت تاوەکو ژینگەی بارزان بایەخی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و بارزان بە نموونەی جوانی کوردستان بمێنێتەوە و کوردستانیش ببێتە نموونەیەکی جوانی ژینگەپارێزی ناوچەکە و جیهان.
پاشان پ.ی.د.ئەمیر چالی بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتارێکی پێشکەش کرد و تیادا دەستخۆشی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و رێکخەرانی خولەکە کرد و ئەم هەنگاوەی وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی لەقەڵەمدا، و هەروەها پاڵپشتی وەزارەتی خوێندنی باڵای بۆ ئەو جۆرە چالاکییانە دووپاتکردەوە.
گوتیشی کولتووری ژینگەپارێزی پێشینەیەکی مێژووی زیاتر لە سەدە و نیوێکی هەیە لە سەرەتاکانی شێخانی بارزان و تەکیەی بارزان. رێنماییەکانی شێخ عبدالسالم بارزانی و شێخ ئەحمەدی بارزان و جەنەرالی چیاکان بارزانی نەمر و تا دەگاتە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەڵگری ئەو پەیامەی پاراستنی ژینگەن.
بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راشیگەیاند کار و پرۆژە گرنگرکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی گوردستان رێزدار مەسرور بارزانی وەکو پرۆژەی بەنداوەکان، پرۆژەی رووناکی دروستکردنی ئەو هەموو پارک و سەیرانگایە و کەمەرەی دارستانی دەوری هەولێر درێژە پێدەری ئەو
تەریقەتەێە کە کەرامەت و بەختەوەری مرۆڤ سەنتەری هزر و ئامانجیە.
پ.ی.د.ئەمیر چالی ئاماژەی بەوەشکرد کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە سالی ٢٠١٢ لە کۆنفرانسی گشتی سالانەی خۆی کە لە شاری ریۆدیجێنێرۆی بەرازیل ئەنجامی دا کۆمەلێکی ١٧ ئامانجی دەستنیشان کرد بۆ هەمو ولاتانی جیهان کە تا سالی ٢٠٣٠ دەبێ پەیرەو بکرێت بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و گۆرانی کەش و هەوا و دابینکردنی یەکسانی کۆمەلایەتی و نەهێشتنی نەداری و برسێتی و …لە ورکشۆپی ئەمرۆی دەڤەری بارزان ئەم خالانە بۆ خەلکەکە تازە نەبوون ئەوان لە باب و باپیرانەوە و لە زاری شێخانی بارزان ئەم خالانە بونەتە کەلتوری ژیان و هزرینی کوردانەیان. ئەوان زیاتر لە سەدەیەکە لە گەل سروشت و ئاژەلی کێوی دراوسێ و ئاوێتەن. ئێستا لە سالی ٢٠٢٥ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ولاتانی جیهان لەم ئەرکە
ئاگادار دەکاتەوە. چەند جێگای بەختەوەری یە کە کوردستانین و پەیرەوی ئەو رێبازە.ن

دواتر خولەکە لەلایەن ئەم مامۆستایانەی پسپۆری ئەم بابەتە بەشێوەیەکی تیۆری باسکرا :

١- عادل سلمان موسا
پسپۆری ئاژەلانی کێوی لە باخچەی ئاژەلانی هەولێر

(تێگەیشتن لە رەفتاری ژیانی ئاژەڵی کێوی لە حالەتی فریا گوزاریدا – ئاژەلەکان چۆن کاردانەوە نیشان دەدەن لە کاتی برینداریدا – نیشانەکانی فشاری دەررونی ئاژەل و ئازاروو توندو تیژی – رێکاری پاراستن لە کاتی فریا گوزاری سەرەتایی)

٢- د. مستەفا محمد زەکی پزیشکی ڤێتێرنەری و پسپۆری نەشتەرگەری لە بەرێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری هەولێر.
( بنەماییەکانی یەکەم فریا گوزاری سەرەتایی بۆ ئاژەلانی کێوی – جێگیرکردنی خوێن لێهاتن – شکانەوە و بریداربوون و برین و ئاوسبون
ئامرازەکانی بنەڕەتی بۆ یارمەتیدانی سەرەتایی و کیتەکان)

٣- پ .ی . د. ئەحمد ئیبراهیم , راگری کۆلێژی پزیشکی ڤێتێرنەری لە زانکۆی سەلاحەدین هەولێر.
(هەلسەنگاندنی بارودۆخی ئاژەلە کێوییەکان)

٤- د. کەیفی جبار حسن , زانکۆی پۆلیتەکنیک هەولێر
کۆلیژی تەکنیی شەقلاوە, پسپۆری خۆراکی ئاژەڵ

(ژینگە و خۆشگوزەرانی ئاژەلە کێوییەکان)

٥- د. عبدالرضا خلیل عزیز , پزیشکی ڤێتێرنەری بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری زۆم.

(خزمەت گوزاری زۆم ڤێتێری بۆپاراستنی ژیانی ئاژەلە کێوییەکان)

وانە کردارییەکان نمایشە کردارییەکان و مەشق و راهێنان لەلایەن پسپۆران

( د. عادل سلمان, د. مستەفا , د. ئەحمەد)

-جێگیرکردنی خوێن لێهاتن
-شکانەوە و بریداربوون
•⁠ ⁠نەشتەر گەری وگێرانەوەی ئەندامەکان
•⁠ ⁠مامەکردن و گواستنەوەی ئاژەڵە بریندارەکان
-کێسە مەیدانییەکان و لێکۆلینەوە
•⁠ ⁠چۆنیەتی راپۆتکردن و گواستنەوەی ئاژەلەکان بۆ نەخۆشخانە پزیشکییەکان

لە کۆتاییدا سوپاس و پێزانین بە مامۆستایانی پسپۆری بوارەکە درا و بڕوانامەی بەشداربوون بە ئەفسەر و پێشمەرگەکانی ژینگە پارێزی بارزان دران.

 

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ رێوڕەسمی کۆتایی مەشقی هاوینەی قوتابیانی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی لە زانکۆمان بەڕێوەچوو

لە ژێر چاودێری و ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و ژمارەیەک لە سەرۆک بەش و مامۆستایانی زانکۆمان، رێوڕەسمی کۆتایی مەشقی هاوینەی قوتابیانی زانکۆکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی لە زانکۆ بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە ئەمساڵیش زانکۆمان بەشێوەیەکی سەرکەتوو و کاریگەر میوانداری ژمارەیەک قوتابی لە وڵاتە جیاجیاکان کرد کە بۆ مەشقی هاوینە سەردانی زانکۆمانیان کردبوو.

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی راشیگەیاند کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر یەکێک بۆ لەو زانکۆیانەی کە هەر لە سەرەتاوە پشتگیری و پشتیوانی ئەم پڕۆژەیەی کرد کە برتییە لە ئاڵوگۆڕی قوتابیان لەنێوان زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتیی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی کە رۆڵ و کاریگەریی زۆری دەبێت لە تێگەیشتن و گواستنەوەی کولتووری گەل و وڵاتان بۆ وڵاتانی دیکە.

سەرۆکی زانکۆ هیوای خواست قوتابیان لە ماوەی مەشقەکەیان سوودیان لە بابەتە زانستییەکان وەرگرتبێت و ئاشنابووبن لە سرووشتی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان گەل و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە هەمیشە سەرکردایەتی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی جەخی لەسەر دەکاتەوە، هەروەها ئاشنا بوون لە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە و رۆشنبیری و زانست و سەرجەم بوارەکانی دیکە لە زانکۆکانی کوردستان بە گشتی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەتایبەتی.

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی هیوای خواست قوتابیانی میوان ئەم نموونە جوانەی کوردستان وەک خۆی بگوازنەوە بۆ وڵاتەکانیان و هانی هاوڕێکانیان بدەن لە داهاتوودا بەشداریی لەم پڕۆگرامەدا بکەن.

سەرۆکی زانکۆ سەرنجی بۆ ئەو راکێشا کە پلانیان وەرگرتنی زیاتری قوتابیان بوو لە زانکۆدا، بەڵام قەیرانی دارایی وایکرد کە تواناکانیان لەمبارەیەوە سنوورداربێت.

سەرۆکی زانکۆ لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا ئاماژەی بە مێژووی خەباتی پڕ سەروەری گەلی کورد کرد و رایگەیاند، ئەمڕۆ ٣١ی تەمووز، هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان لەسەر دەستی رژێمی بەعسی رووخاو کە لەم هەڵمەتەدا هەزاران بارزانی رۆڵەی ئەم وڵاتە بێ سەرووشوێن کران.

گوتیشی، یادکردنەوەی ئەم کارەساتە زیاتر هانمان دەدات کە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەهێزتر بێت و ببینە پارێزەری قەوارەکەمان و دەستکەوتەکانمان کە بەداخەوە لە ئێستادا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ئابڵووقە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و شایستە دەستوورییەکانمان راگیراوە.
لە کۆتاییدا سەرۆکی زانکۆ سوپاسی راگر و راگرایەتی کۆلێژ و پەیمانگان و مامۆستایانی سەرپەرشتیار و لێژنەی سەرپەرشتی مەشقی هاوینەی لە سەرۆکایەتی زانکۆ کرد بۆ رۆڵی کاریگەریان لە بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و رایگەیاند، نموونەیەکی جوانتان پێشکەش کرد و سەری زانکۆمانتان بەزرکردەوە و نموونەی جوانی میواندۆستی کوردستانتان نیشانی قوتابیان دا، بۆیە شانازییتان پێودە دەکەم.

دواتر قوتابیانی هەریەک لە زانکۆی نەجاحی فەڵەستینی، زانکۆی عەرەبی ئەمریکی لە فەڵەستین، زانکۆی فەڵەستنی ناحکوومی، زانکۆی تەکنیکی فەڵەستین، زانکۆی ئەلسەعید لە یەمەن و زانکۆی جەبلە بۆ زانستی پزیشکی و تەندروستی لە یەمەن و زانکۆی سەحار لە عومان، بەجیا سوپاسی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریان بۆ رەخساندنی دەرفەتی مەشقی هاوینە لە زانکۆکە و کورتەیەکیان لەبارەی ماوەی مەشقەکەیان پێشکەش کرد.

پاشان بڕوانامەی بەشداربوون بەسەر قوتابیانی زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی و مامۆستایانی سەرپەرشتیار لە کۆلێژ و پەیمانگاکانی زانکۆمان دابەشکرا و لەلایەن قوتابیانی میوانیشەوە قەڵغانی رێزلێنانی زانکۆکانیان پێشکەش بە سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرا.

بە گرتنی وێنەیەکی بەکۆمەڵ کۆتایی بە ڕێوڕەسمەکە هات.

سەرۆکی زانکۆ بەشداریی لە وۆرکشۆپی پێناسەکردنی نەخشە رێگای داهێنان لە کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٣٠

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پ.ی.دبۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا بەشدارییان کرد لە وۆرکشۆپی پێناسەکردنی نەخشە رێگای داهێنان لە کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٣٠ کە لەلایەن پەیمانگای کوردستان بۆ داهێنان رێکخرابوو.

لەم وۆرکشۆپەدا کە نوێنەرانی بەشێکی زۆر لە دامەزراوەکانی حکوومەت و کەرتی تایبەت ئامادەی بوون، د.ئازاد نەجاڕ بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردستان بۆ داهێنان روونکردنەوەیەکی تێروتەسەلی لەسەر ئامانجی وۆرکشۆپەکە و کارو چالاکییەکانی دوو ساڵی رابردووی پەیمانگاکەیان خستەڕوو کە بەپێی پلانێکی ستراتیژی و نەخشەڕێگایەکی تۆکمە و بەشێوەی زانستیانە پلان بۆ داهێنان داڕێژراوە لە کوردستاندا کە مەبەستیان بوو دامودەزگاکانی کوردستان بەتایبەت ئەو دامەزراوەنەی کە پەیمانگای کوردستان بۆ داهێنان وەک هاوبەش دەیانبینێت کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشێکە لەم نەخشە رێگایە و هاوبەشێکیش دەبێت لە جێبەجێکردنی.

د.ئازاد نەجاڕ راشیگەیاند کە یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانیان ئەوەیە کە کوردستان بکەوێتە سەر نەخشە رێگای داهێنان لە سەرجەم کەرتەکانی وەک کشتوکاڵ، پزیشکی، گۆڕانکارییەکانی ژینگە و ئاو و هەوا کە چۆن بتوانن بەشداربووانن پێکەوە بە داهێنان رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە ببنەوە ئەمەش لەسەر بنەمای کاری هاوبەش و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی کە لەم رێگەیەوە توێژەران بتوانن رۆڵی خۆیان ببین، هەروەها ببێتە هەنگاویش بۆ رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان.

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پ.ی.دبۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا بە وردی را و سەرنجی خۆیان بۆ کارەکانی ئێستا و داهاتووی پەیمانگای کوردستان بۆ داهێنان خستەڕوو لەگەڵ خستەڕووی رۆڵی زانکۆ لە جێبەجێکردنی ئەم نەخشە رێگایە و لەمبارەیەوە ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هەر جۆرە هاوکاریی و هەماهەنگییەک.

کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (٩)ی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ بەڕێوەچوو

رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ١٨-١٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بە سەرۆکایەتی پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (٩)ی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە دوای بەخێرهێنانی ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، هاوکات سوپاس و پێزانینی راگری کۆلێژ و پەیمانگاکان و سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ کرد کە لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ بەوپەڕی دڵسۆزیی و لێهاتووییەوە کارەکانیان ئەنجامدرا و ساڵی خوێندن بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات.

هاوکات ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی راسپارد کە لە ئێستاوە ئامادەکاری تەواو بکەن بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن لە رووی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی تقایگە و هۆڵەکانی خوێندن و دابینکردنی پێداویستییەکان.

پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر لە پرێزنتەیشنێکدا بە پوختی باسی سەردانەکەی لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکانی کوردستان بۆ ئەمریکا و بەشدارییکردنی لە کارەکانی کۆنفرانس و پێشانگای ساڵانەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی مامۆستایان NAFSA 2025 کرد کە لە شاری سانتیاگۆ لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە ئەمریکا بەڕێوەچوو.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر باسی لە ناوەڕۆکی کۆنفڕانسەکە و چالاکییەکانی شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و زانکۆکانی کوردستانی کرد لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمیی و پەرەوردەییەکانی بەشداربوو کە رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر پڕۆسەی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستاندا.
لە تەوەری کاروباری قوتابیاندا پلانی وەرگرتنی ساڵی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ پەسەند کرا کە بەپێی پلانەکە ئەمساڵیش ئامادەکاریی کراوە بۆ وەگرتنی زۆرترین ژمارەی قوتابی لە کۆلێژ و پەیمانگاکان کە زانکۆمان بە وەرگرتنی زۆرترین ژمارەی قوتابی دەرچووی ئامادەیی لە کۆلێژ و پەیمانگاکانی پێشەنگی زانکۆکانی کوردستانە.

ئەنجوومەنی زانکۆ بە ستایشەوە باسی لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان زانکۆمان و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و رێکخراوی سەنەد بۆ گەشەپێدانی ئابووری کرد کە ناوەڕۆکەکەی رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لە خزمەتکردنی کۆمەڵگا.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بڕیاریدا وانەی ژیری دەستکرد وەک بابەتێک لە نێو پڕۆگرامی خوێندن لە گشت بەشەکانی کۆلێژ و پەیمانگاکان بخوێندرێت و بۆ ئەمەش بڕیاردرا بە پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ دانانی پڕۆگرامی پێویست کە لەگەڵ ئاستی زانستیدا گونجاوبێت، هەرچەندە پێشتر زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بایەخی تایبەتی بەم بابەتە داوە و لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ بەشێکی تایبەتی بە ژیری دەستکرد لە کۆلێژی تەکنیکی کۆمپیوتەر و ئینفۆرماتیک کردەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا و لەمیانی دوو رۆژی کۆبوونەوەکەدا راگرانی کۆلێژ و پەیمانگاکان باسیان لە کار و چالاکییەکانی کۆلێژ و پەیمانگاکانیان لە ماوەی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ و پلانیان بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن لەسەرجەم بوارەکانی کارگێری، زانستی و بوارەکانی دیکەدا کرد.
هاوکات باسیان لە پێشکەوتنەکان لە رووی ژمارەی مامۆستایان و بەرزبوونەوەی پلەی زانستی مامۆستایان و چالاکییە زانستیەکان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمەلگا و رێکخراوەکان و دامەزراوەکانی دیکەدا کرد هەروەها چالاکییەکانی قوتابییان و یادکردنەوەی بۆنە نەتەوەییە و نیشتمانییەکان کرد کە هەردەم سەرۆکی زانکۆ خەختی لەسەر دەکاتەوە کە پێویستە زانکۆ ناوەندی پاراستنی کولتوور و نەریت و بایەخدان بە بۆنە و یادە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و زمانی دایک بێت.
ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر میوانداریی ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرەکانی زانکۆ کرد و هەریەکەو بەجیا و بە کورتی باسی لە کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کرد بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ خستەڕوو.
هەر لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، گفتۆگۆ لەسەر چەند بابەتێک کرا لە تەوەرەکانی زانستی، کارگێری و دارایی و کاروباری قوتابیان، سەنتەری توێژینەوەی زانستی و دوای گفتوگۆکردن لەبارەیانەوە، لەلایەن ئەنجوومەنی زانکۆوە بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.