رۆژی چوارشەممە ٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بە سەرۆکایەتی پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (١)ی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە دوای بەخێرهێنانی ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێی خوێندنی لە مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان کرد و هیوای خواست ئەمساڵی خوێندن ساڵی پڕ دەستکەوت بێت بۆ زانکۆمان.
هاوکات ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی راسپارد کە لە ئێستاوە ئامادەکاری تەواو بکەن بۆ پێشوازیی لە ساڵی نوێی خوێندن و پێشوازیی لە قوتابیان لە رووی دابینکردنی پێداویستی هۆڵەکانی خوێندن و تاقیگەکان و بڵاوکردنەوەی هەڵمەتی هۆشیاری لەنێو قوتابیان بەتایبەتی لە پاراستنی کەلوپەلەکان و پاکڕاگرتنی ژینگەی ناو کەمپەسەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پێویستی جێبەجێکردنی ساڵنامەی زانکۆ کرایەوە و هاوتەریب لەگەڵ جێبەجێکردنی ساڵنامەکە بایەخی تایبەت بدرێت بە چالاکییەکانی قوتابییان و یادکردنەوەی بۆنە نەتەوەییە و نیشتمانییەکان.
پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر راگری کۆلێژ و پەیمانگاکانی راسپارد له ئێستاوە ئامادەکاریی تەواو بکەن بۆ بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیان.
هەر لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، گفتۆگۆ لەسەر چەند بابەتێک کرا لە تەوەرەکانی زانستی، کارگێری و دارایی و کاروباری قوتابیان، سەنتەری توێژینەوەی زانستی و دوای گفتوگۆکردن لەبارەیانەوە، لەلایەن ئەنجوومەنی زانکۆوە بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.









































