لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی؛ پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر سیمپۆزیۆمێکی زانستی ساز کرد

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٦ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، وەک بەشێک لە چالاکییەکانی هەڵمەتی جیهانیی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی مێرگەسۆری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، سیمپۆزیۆمێکی زانستی و مەیدانیی لەژێر دروشمی “کاتێک ئافرەت سەلامەت و پارێزراو بێت، هەموومان سەلامەت و پارێزراو دەبین” ڕێکخست.

مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی پ.ی.د. تالیب محەمەد شەریف، ڕاگری پەیمانگە، و ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان و کەسایەتییە ئەکادیمی و حزبی و حکومییەکان و چین و توێژە جیاوازەکان و قوتابیان بەڕێوەچوو، کە ئامانج لێی خستنەڕووی دیدگا زانستی و کۆمەڵایەتییەکان بوو بۆ پاراستنی شکۆی ئافرەتان و خێزان.

لە دەستپێکی سیمپۆزیۆمەکەدا، پ.ی.د. تالیب محەمەد شەریف، ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی ئافرەتان پاراستنی کۆی کۆمەڵگەیە. ڕاگرى پەیمانگە ئاماژەی بە گرنگیی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تاکەکان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فۆرمە جیاوازەکانی توندوتیژی و تیشکی خستە سەر ڕۆشنبیریی دەڤەری بارزان و کوردستان وەک سەرمایەیەکی ڕەمزی بۆ پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە مافەکان. هەروەها باسی لە مەترسییەکانی سەردەمی تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەستکرد کرد و ڕایگەیاند کە پێویستە لەم سەردەمەدا بە دیدگایەکی سەردەمییانە کار بۆ بەهێزکردنی تواناکانی ئافرەتان و پاراستنی ئاسایشی دیجیتاڵییان بکرێت.

بڕگەی زانستیی سیمپۆزیۆمەکە بە پێشکەشکردنی بابەتێک لەلایەن دکتۆر وەلی عومەر دەستی پێکرد، کە تێیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی خێزان و شێوازی ژیانی دروست. دواتر لە ڕێگەی دوو پانێلی تێروتەسەلەوە باس لە تەوەرە سەرەکییەکان کرا؛ پانێلی یەکەم تایبەت بوو بە “خۆراکی تەندروست و کاریگەریی لەسەر ئافرەت” کە تێیدا بە وردی گفتوگۆ لەسەر لایەنە تەندروستییەکان کرا. پانێلی دووەمیش کە ناونیشانی “هۆشیاریی زیرەکیی دەستکرد لە بەهێزکردنی تواناسازیی ئافرەت”ـی هەڵگرتبوو، وەک بابەتێکی هەنووکەیی گفتوگۆی لەسەر کرا و تێیدا شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیا و یاسا و کۆمەڵناسی، ڕەهەندەکانی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و چۆنیەتی خۆپاراستن لە مەترسییە ئەلیکترۆنییەکانیان بۆ ئامادەبووان شیکردەوە.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا بڕوانامەی ڕێزلێنان پێشکەش بە بەڕێوەبەرانی پانێل و پانێلیستەکان کرا. شایانی باسە زانکۆ و پەیمانگەکەمان هەمیشە بایەخێکی تایبەت بەم جۆرە چالاکییە زانستی و ئەکادیمی و ڕۆشنبیرییانە دەدات، ئەمەش لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و مەعریفیی مامۆستایان و قوتابیان و دروستکردنی پردێکی بەهێز لەگەڵ پرسە هەنووکەییەکانی کۆمەڵگە.