بە نوێنەرایەتیی بەڕێز پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لە رۆژانی ٣ و ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، شاندێکی ئەکادیمیی پەیمانگەی تەکنیکی خەبات کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان پ.ی.م. بیلال ئیبراهیم محەمەد، سەرۆکی بەشی تەکنیکیی هایدرۆپۆنیک و مامۆستایان م. کاروان تەڵعەت محەمەد و م. ژیان حەمید ئەحمەد، بەشدارییان لە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی کشتوکاڵی لە شاری موسڵ کرد. کۆنفرانسەکە لەلایەن زانکۆی تەکنیکیی باکوور (کۆلێژی تەکنیکیی کشتوکاڵی) لە هۆڵی (المنتدی العلمي) ڕێکخرابوو، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژەران و پسپۆڕانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئامادەی بوون.
تەوەرەکانی کۆنفرانسەکە تایبەت بوون بە خستنەڕووی نوێترین توێژینەوە زانستییەکان و تەکنەلۆژیای سەردەم لە بواری کشتوکاڵدا، بەتایبەتیش جەختکردنەوە لەسەر چەمکی کشتوکاڵی زیرەک، باشتر بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و پاراستنی ئاسایشی خۆراک. لەم چوارچێوەیەدا گفتوگۆی چڕ لەسەر داهێنانە کشتوکاڵییەکان و ئەنجامی توێژینەوە مەیدانییەکان کرا، بە ئامانجی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و خزمەتکردنی کۆمەڵگە، هەر لە میانەی بەڕێوەچوونی پانێڵەکاندا و وەک پێزانینێک بۆ ڕۆڵ و بەشداریی کارایان، قەڵغانی ڕێزلێنان بەخشرایە هەر سێ مامۆستاکەی زانکۆمان، ههروهها نوێنهرانی زانكۆمان لهلای خۆیانهوه دیارییهكی زانكۆی پۆلیتهكنیكی ههولێریان پێشكهش به سهرۆكی زانكۆی (التقنیة الشمالیة)كرد.
جێگەی ئاماژەیە، سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەمیشە بایەخێکی تایبەت بەم جۆرە چالاکییە زانستی و ئەکادیمییانە دەدات و هانی بەشداریی کارا دەدات، ئەمەش لەپێناو زیاتر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و مەعریفیی مامۆستایان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی ئەکادیمی لەگەڵ زانکۆکانی دیکەدا.













