لەژێر چاودێریی پ. د. ئیدریس محەمەد تاهیر، سەرۆکی زانکۆ و لە چوارچێوەی پڕۆگرامی (REACH) بۆ برەودان بە تواناکانی کۆمەڵگە، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی و سەلامەتیی، زانکۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و تیمی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان (RRU) لە پارێزگای هەولێر، هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیارکردنەوەیان ڕێکخست.
ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە، ئامادەکردنی هاووڵاتییان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوە نەخوازراوەکان و چۆنیەتیی خۆپاراستن لێیان.
لە میانی ئەم هەڵمەتەدا، خولێکی چڕ بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە بەڕێوەچوو، کە تێیدا ژمارەیەک لە مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیانی کۆلێژەکە بەشدار بوون.
لە خولەکەدا گرنگی بە چەندین تەوەری هەستیار درا، لەوانە برەودان بە کاری خۆبەخشی و فێربوونی بنەماکانی فریاگوزاریی سەرەتایی، هاوکات ڕێنمایی پێویست بۆ خۆپاراستن لە کاتی کارەساتی وەک لافاو و بوومەلەرزە و چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوە پێشکەش کران، تاوەکو بەشداربووان بتوانن لە کاتی تەنگانەدا پارێزەری سەلامەتیی خۆیان و دەوروبەریان بن.












