زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، خزمەتکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە ڕۆژی جیهانیدا

لە  2025/12/1، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەت، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر مەراسیمێکی گەورەی ڕێکخست، کە جەختی لەسەر ڕۆڵی زانست و تەکنەلۆژیا لە خزمەتکردنی ئەم توێژە گرنگەی کۆمەڵگە کردەوە. ئەم مەراسیمە بە هەماهەنگییەکی پتەو لەنێوان بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکانی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر، دەزگای ڕوانگە، و خاچی سووری نێودەوڵەتی (ICRC) بەڕێوەچوو، ئەمەش نیشانەی بایەخدانی زانکۆ و لایەنە نێودەوڵەتییەکانە بە دۆزی ئەم چینە.

مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی پ.د. ادریس محەمەد تاهر، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، و پ. ی. د. مراد ئەمیر ئەحمەد، ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر، لەگەڵ ژماره‌یه‌ك له‌ میوانانی حزبی و حکومی و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیان. سەرەتا، راگری کۆلێژ وتەیەکی پێشکەش کرد و پاشان سەرۆکی زانکۆ بە گرنگییەوە باسی لە پێویستی تێڕوانین و پشتیوانیکردنی ئەم توێژە کرد، ئامادەیی سەرۆکایەتی زانکۆی دەربڕی بۆ هەر هەنگاوێکی زانستی و پراکتیکی کە لە توانایدایە خزمەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بکات.

بەشێکی دیكه‌ی مەراسیمەکە، سیمینارێکی تایبەت بوو کە لەلایەن دکتۆرە ذکری عەلی عەزیز، سەرۆکی بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان، پێشکەش کرا، تیایدا نوێترین داتا و زانیارییە هەنووکەییەکانی سەبارەت بەو چارەسەرانە خستەڕوو کە بەشەکە پێشکەشیان دەکات. پاشان، پۆلێک لەو چارەخوازانەی کە سوودمەندبوون لە چارەسەرە تەکنیکییەکان، لە بەردەم ئامادەبوواندا باسیان لە چیرۆکی گەڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە کرد. ئەوان تیشکیان خستە سەر ڕۆڵی چارەسەری گونجاو و دروستکردنی پارچە جێگرەوەکانی جەستەیان، کە وای لێکردبوون بەسەر کارەسات و ڕووداوەکانی ڕابردوودا زاڵ بن.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، وەک ڕێزێک بۆ ئەو هەوڵانەی دراون، قەڵغانی ڕێزلێنان بەسەر لایەنە بەشداربووەکاندا دابەش کرا. دواتر، ئامادەبووان سەردانی بەشەکانی پێشانگایان کرد، کە چەندین ئامێر و پێداویستی پزیشکی و نوێترین تەکنەلۆژیای پەلی دەستکردی لەخۆگرتبوو، بەمەش مەراسیمەکە کۆتایی هات و پەیامی پشتگیری زانکۆ بۆ ئەم توێژە گرنگە دووپات کرایەوە.