مامۆستایانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە پڕۆگرامێکی پێشکەوتووی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی به‌شداری ده‌كه‌ن

لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و باشترکردنی پەیوەندی لەگەڵ بازاڕی کار، به‌ڕێزان (پ. ی. د. هەتاو کریم خضر)، بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، و (م. هدی صباح نجم الدین)، ڕێکخەری سەنتەری پەرەپێدانی کار لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر، بەشدارییان لە پڕۆگرامێکی مەشق و ڕاهێنانی پێشکەوتوودا کرد، کە لەلایەن ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO)  بەڕێوەچوو.

 

ئامانجی سەرەکی ئه‌م پرۆگرامه‌، بەهێزکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەکارخستنی گشتی (PES) و باشترکردنی پەیوەندی لەگەڵ خاوەنکاران لە بازاڕی کاردا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا. خوولەکە لە شاری سلێمانی لە ماوەی نێوان 24تا 27ی تشرینی دووەمی ساڵی 2025 بەڕێوەچوو و بە کۆی 32 کاتژمێر ڕاهێنانی پێشکەوتووی بەخۆوە بینی.

 

زیاتر لە 45 بەشداربوو لەم خولەدا ئامادە بوون، کە پێکهاتبوون لە ڕاوێژکارانی بەکارخستن لە دەزگاکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و نەینەوا، هەروەها بەڕێوەبەران و ستافی سەنتەرەکانی پەرەپێدانی کار (CDC)ی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی خاوەنکاران  لە ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەولێر.

 

ئەم بەرنامەیە بەشێکە لە هەوڵە فراوانەکانی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) بۆ بە مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەکارخستن و باشترکردنی بەڕێوەبردنی بازاڕی کار. هەروەها ئامادەکردنی فەرمانگەکانی بەکارخستن و سەنتەرەکانی پەرەپێدانی کاری زانکۆکانی کوردستان؛ تاوەکو ڕۆڵێکی سەرەکی لە جێبەجێکردنی سیاسەتی نیشتمانی بەکارخستن و پاڵپشتیکردنی کارخوازان ، خاوەنکاران، و دەرچووانی زانکۆ لە هەرێمی کوردستاندا بگێڕن. بەشداریکردنی ستافی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەم پڕۆگرامەدا نیشانەی پابەندبوونی زانکۆکەیە بە بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی ستافەکەی و خزمەتکردنی کۆمەڵگە لە ڕێگەی پەرەپێدانی کار و دامەزراندنەوە.