Daily Archives: ئەیلوول 24, 2025

پەیامی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەبۆنەی کردنەوەی بەشی ئەندازەی تەلارسازی باخچەکان لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری

د.عەلی ڕەشید خۆشناو سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە پەیامێکدا بەناوی خۆی و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێرەوە، سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆمان ئاراستەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەکات، بە سەرۆکایەتی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، و سەرجەم ستافی ئەکادیمی و کارگێڕی، بەبۆنەی کردنەوەی بەشی تەلارسازی باخچەکان لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری.

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە پەیامەکەیدا نووسیوویەتی “ئەم دەستکەوتە زانستییە هەنگاوێکی ستراتیژی و پێشەنگانەیە، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگییە بەرچاوەکەی لە پڕکردنەوەی بۆشایی ئەکادیمی لە بوارەکانی پلاندانانی شار و هەماهەنگی تەلارسازی لەگەڵ دیمەنە سرووشتی و ژینگەیی و شوێنەوارییەکان. هەروەها نوێنەرایەتی زیادکردنێکی چۆنایەتی دەکات بۆ پرۆگرامە ئەکادیمییەکان لە هەرێمی کوردستان و بەشدارە لە ئامادەکردنی نەوەی ئەندازیاری پسپۆڕ کە توانای بەشداریکردنی کاریگەرانەیان هەبێت لە پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی بەردەوامدا”.

د.عەلی ڕەشید خۆشناو جەختی لەوەشکردووەتەوە کە کردنەوەی ئەم بەشە دەستکەوتێکی نیشتمانی و ڕۆشنبیرییە و هەنگاوێکی دیارە بۆ بەستنەوەی خوێندنی باڵا بە پێداویستییە شارستانی و ژینگەییەکانی کۆمەڵگا.

لە بەشيکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێردا هاتووە “لە کاتێکدا ئێمە ئەم دەستپێشخەرییە زۆر بە نرخ دەزانین، پیرۆزبایی لە د. ئەرخەوان جەوهەر شەریف دەکەین بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە نوێیە و پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ ئەم جۆرە پڕۆژە زانستیانە دووپات دەکەینەوە، کە پێگەی زانکۆکانمان بەرز دەکەنەوە و خزمەت بە ئێستا و داهاتووی هەرێمی کوردستان دەکەن”.

لە کۆتاییدا د.عەلی رەشید خۆشناو رایگەیاندووە “بەدڵنیاییەوە بڕینی ڕێگایەکی هەزار میل بە هەنگاوی یەکەمەوە دەستپێدەکات”.

جێی ئاماژەیە، بەشی ئەندازەی تەلارسازی باخچەکان لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری بەشێکی نوێیە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێت و بڕیارە بۆ ئەمساڵی خوێندن قوتابی وەربگرێت.