رۆژی دووشەممە 18ی ئابی 2025، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پ.ی.د. ئەمیر چالی و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی و د. طالب محمد شریف راگری پەيمانگەى تەكنيكى مێرگەسۆر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی و حزبی و سەربازیی دەڤەرەکە پەيمانگەى تەكنيكى مێرگەسۆر به هاوبەشى لەگەڵ كۆلێژى ڤێتێرنەری پزيشكى زانكۆى سەڵاحەدین و ڤێتێرنەری زوم و باخچەی ئاژەڵانى هەولێر خولی ڕاهێنانى فرياگوزارى سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی ئاژەڵه کێوییەکان و پەرەپێدانی كارامەييه كردارييەكان بۆ پێشمەرگەکانی بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان ئەنجامدا.
لە سەرەتای مەراسیمەکەدا د. طالب محمد شریف راگری پەيمانگەى تەكنيكى مێرگەسۆر وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی ئامادەبووان و میوانانی کرد و باسی لە ناوەڕۆکی چالاکییەکە کرد کە بریتی بوو لە رێکخستنى خولێکی راهێنانی پراکتیکییە، بەناونیشانی(فریاگوزاری سەرەتایی بۆ ئاژەڵە کێوییەکان: پەرەپێدانی کارامەییە کردارییەکان بۆ پێشمەرگە ژینگە پارێزەکان)، کە بە هاوبەشی لەگەل کۆلێژی پزیشکی ڤێتێرنەریی زانکۆی سەلاحەدین هەولێر، ڤێتێرنەری زۆم، باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێڕنەری هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەل فەرماندەیی ژینگەپارێزی بارزان ئەنجامدەدرێت، تێیدا تیشک دەخرێتەسەر تەکنیکی مامەڵەکردنی درووست بۆ پاراستن و سەلامەتیی ئاژەڵە کێوییەکان.
راگری پەیمانگای تەکنیکی مێرگەسۆر راشیگەیاند ئەمڕۆ ئێمە لە چالاکییەکى ئەکادیمی گرینگ و بەنرخداین، بەڵام بەنرخى ئەم کارە، تەنیا پەیوەست نییە بەوەى کە ئەکادیمییە، بەڵکو پەیوەستە بەوەوە کە ئێمە سوود لە زانست وەردەگرین بۆ پاراستنى ژینگە، بۆ گێڕانەوەى هاوسەنگى بۆ سرووشت، بۆ پێداگرى لە پاراستنى ئەم دەڤەرە رەنگینە، کە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی نەک تەنیا کوردستان، بەڵکو عێراق و رۆژهەلاتی ناوەراستیشە، لەڕووى فرە چەشنیی و جۆراجۆری زیندەیی( بایۆدایڤرسیتی).
د. طالب محمد شریف گوتیشی ئەم دەستپێشخەرییە، جگە لەوەى ئەرکێکى زانستییە، بەڵام زیاتر، ئیلهامێکە لە بەها پیرۆزەکانی شێخەکانی بارزانەوە بۆ پاراستنى سرووشت، کە زیاتر لە سەدەیەکە بناغەکەى داڕێژراوە و بە جدیەتەوە جیبەجێدەکرێ؛ لەم سۆنگەیەوە، ئیزن دەخوازم، ئەم خولە پێشکەش بە گیانى بەرزەفڕى ئەوان دەکەم. بەڵێنیان پێدەدەین ئەوەى ئەوان وەک ئەرکێکى ئەخلاقى بنیاتیاننا، ئێمە بە زانستى سەردەم پەرەیپێدەدەین و، کاردەکەین تا بیکەینە نەریتێکى گشتی لە سەرجەم کوردستان.
راشیگەیاند، وەک ناوەندێکى زانستى، بەپێویستمان زانى، ئەم چالاکییەى ئەمڕۆ رێکبخەین؛ لە ڕێگەی ئەم خولەوە، ئێمە دەمانەوێ ئاستى زانستیى فریاگوزاری سەرەتایی، بەو ئامراز و تێڕوانینانەی، کە بۆپاراستنی ژیانی ئاژەڵە کێوییەکان لە هەر بارودۆخێکی نەخوازراودا پێویستە، ببەینە سەر؛ ئەمەش لەرێگەى گواستنەوەى زانستە پێویستە کردەییەکان بۆ پێشمەرگە ماندوونەناسەکانى پاراستنى ژینگە بۆ ئەم خولە کە راهێنانی کردەیی پێیدەدرێت.
دواتر پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا وێڕای دەستخۆشی لە رێکخەرانی چالاکییەکە، هیوای خواست ئەم جۆرە چالاکییە خزمەتی زیاتر بە ژینگەی ناوچەی بارزان بگەیەنێت.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر گوتیشی “ئەرکی زانست تەنها پێدانی مەعریفە نییە، بەڵکو یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی زانکۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگایە کە بەخۆشحاڵییەوە زانکۆمان پێشەنگە لەم بوارەدا”.
پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی ئاماژەی بەوەشکرد کە وەک زانکۆ بایەخی تایبەتییان بە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی پەرەپێدانی بەردەوام داوە کە بابەتی ژینگەپارێزی یەکێکە لەم ئامانجانە و لەمبارەیەوە کۆمەڵێک هەنگاوی کرداریمان ناوە لەوانەش واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ رێکخراو و دامەزراوە پەیوەندارەکان، هەروەها سەوزکردنی کەمپەسی زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگاکان و کردنەوەی چەندین خولی تایبەت لەم بوارەدا.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئاماژەی بە مێژووی ژینگەپارێزی لە دەڤەری بارزان کرد و رایگەیاند، لە کاتێکدا پرسی ژینگەپارێزی لەسەر ئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان چەندین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی بۆ دەبەسترێت، کەچی بەر لە زیاتر لە ١٠٠ ساڵ لەسەر دەستی سەرکردەکانی بارزان هەر لە شێخ ئەحمەدەوە تا بارزانی نەمر و سەرۆک مەسعود بارزانی دەڤەری بارزان پرسی ژینگەپارێزی بایەخی تایبەتی پێدراوە و لەو کاتەوە ئەم بابەتە بووە بە کولتوور و نموونەیەکی جوانی ناوچەکە.
راشیگەیاند، ئەگەرچی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق ژینگە ناوچەکانی کوردستانیان شێواند و بەشێکی زۆری دار و رووبەری سەوزایی سرووشتی کوردستانیان سووتاند، کەچی ژینگە بارزان هەر بەجوانی مایەوە و لەسەر بنەمای فەرمایشتی تەریقەتی بارزان خەڵکی دەڤەرەکە ژینگەیان ناوچەی بارزانیان بوژاندەوە و کردیانە نموونەی ژینگەپارێزگای کوردستان.
سەرۆکی زانکۆ ئومێدی خواست ئەم خولە سوودی زیاتر بە پێشمەرگەکانی ژینگەبارێزی بارزان بگەیەنێت تاوەکو ژینگەی بارزان بایەخی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و بارزان بە نموونەی جوانی کوردستان بمێنێتەوە و کوردستانیش ببێتە نموونەیەکی جوانی ژینگەپارێزی ناوچەکە و جیهان.
پاشان پ.ی.د.ئەمیر چالی بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتارێکی پێشکەش کرد و تیادا دەستخۆشی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و رێکخەرانی خولەکە کرد و ئەم هەنگاوەی وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی لەقەڵەمدا، و هەروەها پاڵپشتی وەزارەتی خوێندنی باڵای بۆ ئەو جۆرە چالاکییانە دووپاتکردەوە.
گوتیشی کولتووری ژینگەپارێزی پێشینەیەکی مێژووی زیاتر لە سەدە و نیوێکی هەیە لە سەرەتاکانی شێخانی بارزان و تەکیەی بارزان. رێنماییەکانی شێخ عبدالسالم بارزانی و شێخ ئەحمەدی بارزان و جەنەرالی چیاکان بارزانی نەمر و تا دەگاتە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەڵگری ئەو پەیامەی پاراستنی ژینگەن.
بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راشیگەیاند کار و پرۆژە گرنگرکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی گوردستان رێزدار مەسرور بارزانی وەکو پرۆژەی بەنداوەکان، پرۆژەی رووناکی دروستکردنی ئەو هەموو پارک و سەیرانگایە و کەمەرەی دارستانی دەوری هەولێر درێژە پێدەری ئەو
تەریقەتەێە کە کەرامەت و بەختەوەری مرۆڤ سەنتەری هزر و ئامانجیە.
پ.ی.د.ئەمیر چالی ئاماژەی بەوەشکرد کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە سالی ٢٠١٢ لە کۆنفرانسی گشتی سالانەی خۆی کە لە شاری ریۆدیجێنێرۆی بەرازیل ئەنجامی دا کۆمەلێکی ١٧ ئامانجی دەستنیشان کرد بۆ هەمو ولاتانی جیهان کە تا سالی ٢٠٣٠ دەبێ پەیرەو بکرێت بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و گۆرانی کەش و هەوا و دابینکردنی یەکسانی کۆمەلایەتی و نەهێشتنی نەداری و برسێتی و …لە ورکشۆپی ئەمرۆی دەڤەری بارزان ئەم خالانە بۆ خەلکەکە تازە نەبوون ئەوان لە باب و باپیرانەوە و لە زاری شێخانی بارزان ئەم خالانە بونەتە کەلتوری ژیان و هزرینی کوردانەیان. ئەوان زیاتر لە سەدەیەکە لە گەل سروشت و ئاژەلی کێوی دراوسێ و ئاوێتەن. ئێستا لە سالی ٢٠٢٥ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ولاتانی جیهان لەم ئەرکە
ئاگادار دەکاتەوە. چەند جێگای بەختەوەری یە کە کوردستانین و پەیرەوی ئەو رێبازە.ن
دواتر خولەکە لەلایەن ئەم مامۆستایانەی پسپۆری ئەم بابەتە بەشێوەیەکی تیۆری باسکرا :
١- عادل سلمان موسا
پسپۆری ئاژەلانی کێوی لە باخچەی ئاژەلانی هەولێر
(تێگەیشتن لە رەفتاری ژیانی ئاژەڵی کێوی لە حالەتی فریا گوزاریدا – ئاژەلەکان چۆن کاردانەوە نیشان دەدەن لە کاتی برینداریدا – نیشانەکانی فشاری دەررونی ئاژەل و ئازاروو توندو تیژی – رێکاری پاراستن لە کاتی فریا گوزاری سەرەتایی)
٢- د. مستەفا محمد زەکی پزیشکی ڤێتێرنەری و پسپۆری نەشتەرگەری لە بەرێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری هەولێر.
( بنەماییەکانی یەکەم فریا گوزاری سەرەتایی بۆ ئاژەلانی کێوی – جێگیرکردنی خوێن لێهاتن – شکانەوە و بریداربوون و برین و ئاوسبون
ئامرازەکانی بنەڕەتی بۆ یارمەتیدانی سەرەتایی و کیتەکان)
٣- پ .ی . د. ئەحمد ئیبراهیم , راگری کۆلێژی پزیشکی ڤێتێرنەری لە زانکۆی سەلاحەدین هەولێر.
(هەلسەنگاندنی بارودۆخی ئاژەلە کێوییەکان)
٤- د. کەیفی جبار حسن , زانکۆی پۆلیتەکنیک هەولێر
کۆلیژی تەکنیی شەقلاوە, پسپۆری خۆراکی ئاژەڵ
(ژینگە و خۆشگوزەرانی ئاژەلە کێوییەکان)
٥- د. عبدالرضا خلیل عزیز , پزیشکی ڤێتێرنەری بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری زۆم.
(خزمەت گوزاری زۆم ڤێتێری بۆپاراستنی ژیانی ئاژەلە کێوییەکان)
وانە کردارییەکان نمایشە کردارییەکان و مەشق و راهێنان لەلایەن پسپۆران
( د. عادل سلمان, د. مستەفا , د. ئەحمەد)
-جێگیرکردنی خوێن لێهاتن
-شکانەوە و بریداربوون
• نەشتەر گەری وگێرانەوەی ئەندامەکان
• مامەکردن و گواستنەوەی ئاژەڵە بریندارەکان
-کێسە مەیدانییەکان و لێکۆلینەوە
• چۆنیەتی راپۆتکردن و گواستنەوەی ئاژەلەکان بۆ نەخۆشخانە پزیشکییەکان
لە کۆتاییدا سوپاس و پێزانین بە مامۆستایانی پسپۆری بوارەکە درا و بڕوانامەی بەشداربوون بە ئەفسەر و پێشمەرگەکانی ژینگە پارێزی بارزان دران.





