یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆى پۆلیتەکنیکی هەولێر و کۆمپانیای (Eagle Post) بۆ خزمەتگوزارییەکانی پۆستە و گەیاندن واژۆ کرا

لە ڕێوڕەسمێکدا، کە لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو، یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆى پۆلیتەکنیکی هەولێر و کۆمپانیای ئیگڵ پۆست (Eagle Post) بۆ خزمەتگوزارییەکانی پۆستە و گەیاندن واژۆ کرا.

یاداشتەکە لەلایەن پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و، دانا شەمسەددین، نوێنەرى  کۆمپانیای ئیگڵ پۆست بۆ خزمەتگوزارییەکانی پۆستە و گەیاندن واژۆ کرا؛ بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پۆستەی خێرا و دڵنیا بۆ قوتابیان و دەرچووانی زانکۆ و هاووڵاتییان.

بەپێی ناوەڕۆکی یاداشتەکە، کۆمپانیای ئیگڵ پۆست، کە هاوبەشێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، دەبێتە گەیەنەری فەرمی و تایبەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ گواستنەوەی سەرجەم بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتە فەرمییەکان. ئەم خزمەتگوزارییە قوتابیان و دەرچووان و هاووڵاتییان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەهۆیەوە ئاسانکارییەکی گەورە بۆ ئەو قوتابیانە دەکات کە لە دەرەوەی شاری هەولێر یان لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق نیشتەجێن. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی زانکۆدایە بۆ بەدیجیتاڵکردن و خێراکردنی ڕاییکردنی مامەڵەکانى زانکۆ بەگشتى و قوتابیان بەتایبەت.

میکانیزمی کارکردنەکە لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیای سەردەم بنیات نراوە، بەجۆرێک زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەژمارێکی تایبەت لەسەر پلاتفۆرم و ئەپلیکەیشنی زیرەکی (iOS & Android) ئیگڵ پۆست وەردەگرێت. لە ڕێگەی ئەم سیستمەوە، زانکۆ داواکارییەکان تۆمار دەکات، فۆرمی بارکۆدکراو بۆ پاکێجەکان چاپ دەکات و، دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ (online) چاودێریی قۆناغەکانی گەیاندنی پۆست و بەڵگەنامەکان بکات. هەروەها وەرگر پێویستە ناسنامەی خۆی بسەلمێنێت و واژۆی دیجیتاڵی لەسەر وەرگرتن بکات، کە ئەمەش ئاستی دڵنیایی و پاراستنی زانیارییەکان بەرز دەکاتەوە.

ئەم هاوبەشییە ستراتیژییە کە ئارەزوومەندانەیە نەک هەر خزمەتگوزارییەکی پێشکەوتوو پێشکەش بە قوتابیان و دەرچووانی زانکۆى پۆلیتەکنیکی هەولێر دەکات، بەڵکو وەک هەنگاوێکی گرنگیش بۆ پەرەپێدانی کەرتی پۆستە لە هەرێمی کوردستاندا سەیر دەکرێت. کۆمپانیای ئیگڵ پۆست، وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی ئەم بوارە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی متمانەپێکراو و داهێنەرانە دووپات دەکاتەوە. نرخی خزمەتگوزارییەکانیش بە شێوەیەکی کێبڕکێکارانە و بە دراوی عێراقی دیاری کراون.

وادەی پێشکەشکردن بۆ بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر درێژکرایەوە

وادەی پێشکەشکردن بۆ بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر درێژکرایەوە

لە چوارچێوەی بایەخی زانکۆمان بە کۆلێژ و پەیمانگاکان و بەشە زانستییەکانی، داواکاریی بۆ پێشکەشکردن لە بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان لە کۆلیژی تەندروستی و پزیشکی دەکاتەوە.

خوازیاران دەتوانن بەشێوەی ڕاستەوخۆ و لە ڕێگای ئەو لینکەی خوارەوە داواکاری پێشکەش بکەن و پێویستە پێشکەشکار دەرچووی ئامادەیی لقی زانستی بۆ ساڵانی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ و ٢٠٢٤-٢٠٢٥  هەروەها دەرچووانی بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان لە پەیمانگە تەکنیکییەکان بێت، بە ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

١-پرۆسەی پێشکەشکردن لە رێگای ئەم لینکەی خوارەوە بەردەوام دەبێت تاکو ٢٠٢٥/٨/٣١ 

https://docs.google.com/forms/d/e/1FAIpQLScdO9cHdho4FzHJngcfBVKNkMNz8DTlyC9prDw5PypzSyKYoA/viewform

٢- ناوەکان بەپێی پێوەرەکانی وەرگرتن لە ماوەی ١ تاکو ٩ /٩ /٢٠٢٥ جیادەکرێتەوە.

٣- چاوپێکەوتنی قوتابیان لە ماوەی نێوان ١٠-١٥ /٩/ ٢٠٢٥ ئەنجام دەدرێت.

٤- راگەیاندنی لیستی سەرەتایی کاندیدان لە ٢١ /٩ /٢٠٢٥ دەبێت.

٥- وەرگرتنی گازاندە لە ماوەی نێوان ٢٢ – ٢٣ /٩ /٢٠٢٥.

٦- راگەیاندنی لیستی کۆتایی کاندیدان لە ٢٨ /٩ / ٢٠٢٥ دەبێت

٧- پرۆسەی خوێندن بۆ قوتابیانی وەرگیراو لە رێکەوتی ٥ / ١٠ / ٢٠٢٥ دەست پێدەکات.

جێی ئاماژە بەشی پەلى دەستکرد و پاڵپشتەكان لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی تاکە بەشە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کە قوتابی لە دوای دەرچوونی لەم بەشە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پسپۆرى پەلى دەستکرد وپاڵپشتەكان پێ دەبەخشرێت.

 

دوو مامۆستای زانکۆمان بەشداریی لە وۆرکشۆپى ڕاهێنانى ڕاهێنەران بۆ چۆنییەتى وتنەوەى پرۆگرامى کارسازى لە زانکۆکان دەکەن

پ.ی.د.هەتاو کەریم بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و م.هدی سەباح رێکخەری سەنتەری پەرەپێدانی کار لە پەیمانگای تەکنیکی کارگێری بە نوێنەرایەتی زانکۆمان بەشدارییان لە بەڕێوەبەرى (CDC) لە وەزارەت و زانکۆکان، وۆرکشۆپی (راهێنانى راهێنەران بۆ چۆنییەتى وتنەوەى پرۆگرامى کارسازى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرد کە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە هاوکارى دەزگاى ڕەوانگە بۆ سەنتەرەکانی پەرەپێدانی کاری زانکۆکانى هەرێمى کوردستان رێکخرابوو.

 

وۆرکشۆپەکە بەمەبەستى زیادکردن و گرنگیدانە بە وانەى چۆنییەتى بوون بە خاوەن کارى خۆت بۆ خوێندکاران و قوتابیانى زانکۆ، تیایدا بۆ ماوەى سێ رۆژ بەردەوام بوو.

لە وتەیەکدا د.خەتاب شێخانى بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون رایگەیاند: ماوەی چەند ساڵێکە و لە دوای ٢٠١٠ بەدواوە، وردە وردە گەنجانمان نەیانتوانی لە کەرتی گشتی دابمەزرێن یان بە شێوەیەک دامەزراندن زۆر کەم بۆتەوە لە کەرتی گشتی کە تا ئاستێکی زۆر کەرتی گشتی نەیتوانیوە وەڵامی داخوازییەکانى دەرچوانی زانکۆ بداتەوە. بۆیە لە دوای ئەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان بە دیاریکراوی دەستیان کردوە بە ڕاهێنانی قوتابیان و خوێندکاران بۆ ئەوەی لە کەرتی تایبەت و لە بازاڕی کاردا بتوانن جێگەی خۆیان بکەنەوە. ماوەی چەند ساڵێکیشە ئەم کارە لەناو زانکۆکان ئەنجام دەدرێت. بەدیاریکراوى لە دوای ٢٠٢٠ەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ ئەوەی بتوانێ گەنجان ڕابهێنێ بۆ بازاڕی کار.