رۆژی دووشەممە 18ی ئابی 2025، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پ.ی.د. ئەمیر چالی و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د.ئیدریس محمد تاهیر و د. طالب محمد شریف راگری پەيمانگەى تەكنيكى مێرگەسۆر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حوکمی و حزبی و سەربازی دەڤەرەکە پەيمانگەى تەكنيكى مێرگەسۆر به هاوبەشى لەگەڵ كۆلێژى ڤێتێرنەری پزيشكى زانكۆى سەڵاحەدین و ڤێتێرنەری زوم و باخچەی ئاژەڵانى هەولێر خولی ڕاهێنانى فرياگوزارى سەرەتایی بؤ ئاژەڵه کێوییەکان و پەرەپێدانی كارامەييه كردارييەكان بۆ پێشمەرگەکانی بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان ئەنجامدا.
سەرەتای مەراسیمەکە د.طالب محمد شریف وتارێکی پێشکەش کرد
ئەمەش دەقی وتارەکەیە :
بهناوی خودای گهوره و میهرهبان
- ئامادەبووانی بەڕێز
- میوانانی قەدرگران بەرپرسانی حزبی و حکومی
- فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکان و ئەفسەرانی ژینگە پارێز
- ئەم کاتەتان باش:
بەناوی ئەنجومەنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەگەرمى بەخێرهاتنتات دەکەم بۆ ئەم چالاکییە ئەکادیمییە، کە رێکخستنى خولێکی راهێنانی پراکتیکییە، بەناونیشانی(فریاگوزاری سەرەتایی بۆ ئاژەڵە کێوییەکان: پەرەپێدانی کارامەییە کردارییەکان بۆ پێشمەرگە ژینگە پارێزەکان). ئەم چالاکییە، کە بە هاوبەشی لەگەل کۆلێژی پزیشکی ڤێتێرنەریی زانکۆی سەلاحەدین هەولێر، ڤێتێرنەری زۆم، باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێڕنەری هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەل فەرماندەیی ژینگەپارێزی بارزان ئەنجامدەدرێت، تێیدا تیشک دەخرێتەسەر تەکنیکی مامەڵەکردنی درووست بۆ پاراستن و سەلامەتیی ئاژەڵە کێوییەکان.
ئامادەبووانی بەرێز:
ئێمە ئەمڕۆ لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆرو، لە چالاکییەکى ئەکادیمی گرینگ و بەنرخداین، بەڵام بەنرخى ئەم کارە، تەنیا پەیوەست نییە بەوەى کە ئەکادیمییە، بەڵکو پەیوەستە بەوەوە کە ئێمە سوود لە زانست وەردەگرین بۆ پاراستنى ژینگە، بۆ گێڕانەوەى هاوسەنگى بۆ سرووشت، بۆ پێداگرى لە پاراستنى ئەم دەڤەرە رەنگینە، کە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی نەک تەنیا کوردستان، بەڵکو عێراق و رۆژهەلاتی ناوەراستیشە، لەڕووى فرە چەشنیی و جۆراجۆری زیندەیی( بایۆدایڤرسیتی).
وەک هەمیشە گوتوومانە، ئەوڕۆش دەیڵێینەوە، زانست ئەوکاتە نرخ و بەهاى هەیە، کە بۆ پەرەپێدانى ژیانى راستەقینە بخرێتەکارو خزمەتکردن؛ ئەمەش ئەو کارەیە کە ئەمڕۆ ئێمە بە ئامادەبوونى ئێوەى بەڕێز، خەریکین ئەنجامیدەدەین.
بەڕێزان:
ئەم چالاکییە بەرلەوەى بەرپرسیارێتییەکى زانستى بێت، ئەرکێکى ئەخلاقییە لە سەرشانمان؛ هەموومان دەزانین، باوباپیرانمان پێش ئەوەی یاساکانى پاراستنی ژینگە یان یاسای ژینگەیی بنووسرێن، ئەوان یاسا عورفییەکانى پاراستنى ژینگەیان خوڵقاند و جێبەجێیان کردن؛ توانیویانە بناغەى پاراستنى جۆراوجۆرى زیندەیى دابنێین، بەجۆرێک کە دەتوانین بڵێین، ئەمەى ئەمڕۆ لە دەڤەرى بارزان دەبینرێ، تەنیا لە پێشکەوتووترین وڵاتانى دنیادا دەبینرێ؛
بەڵێ، باوباپیرانى ئێمە، زۆر بە باشى تێگەیشتبوون کە هەر زیندەوەرێک شوێنی خۆی لە ئیکۆسیستەمدا هەیە و، رۆڵێکى کاریگەر لە پاراستنى هاوسەنگى سرووشتیدا دەگێڕێ. بۆیە ئەم کارەى ئێستا دەکرێ، ئەمە هەم ئەرکێکى ئایینى، هەم زانستى، هەم ئەخلاقى و هەم نەتەوەییش بووە و هەیە.
بۆیە ئەم دەستپێشخەرییە، جگە لەوەى ئەرکێکى زانستییە، بەڵام زیاتر، ئیلهامێکە لە بەها پیرۆزەکانی شێخەکانی بارزانەوە بۆ پاراستنى سرووشت، کە زیاتر لە سەدەیەکە بناغەکەى داڕێژراوە و بە جدیەتەوە جیبەجێدەکرێ؛ لەم سۆنگەیەوە، ئیزن دەخوازم، ئەم خولە پێشکەش بە گیانى بەرزەفڕى ئەوان دەکەم. بەڵێنیان پێدەدەین ئەوەى ئەوان وەک ئەرکێکى ئەخلاقى بنیاتیاننا، ئێمە بە زانستى سەردەم پەرەیپێدەدەین و، کاردەکەین تا بیکەینە نەریتێکى گشتی لە سەرجەم کوردستان.
هێژایان:
توێژینەوە و سەرچاوە زانستییەکان پێمان دەڵێن، ئاژەڵە کێوییەکان بەشێکی زیندووی سروشت و هێزى راگرتنی هاوسەنگیی ژیان و, جوانیین بۆ مرۆڤایەتی. لە دێرزەمانەوە, پەیوەندییەکى پتەو لەنێوان ژیان و گوزەرانی مرۆڤ و ئەو جۆرە ئاژەڵانەدا هەبووە؛ بەڵام بەداخەوە، مرۆڤ هەمیشە مامەڵەیەکى گونجاوى لەگەڵ نەکردوون و ، هەر ئەمەش کێشەى جدى بۆ ژینگە و هاوسەنگیی ژینگەیى درووستکردووە.
بەرێزان:
جیهان لەڕووى ژینگەییەوە، رووبەڕووى ئاڵنگارى جدى بووەتەوە؛ تەنانەت هەندێک باس لەوە دەکەن، کە سرووشت و ژینگە چیدیکە بەدیار بێباکی و خراپکارییەکانى مرۆڤەوە دانانیشن؛ راستییەکەشى، کاتێک سەیرى نەهامەتییە ژینگەییەکانى پەیوەست بە کەش و هەوا، ئاو، وە نەمانى جۆرە جیاوازەکانى ئاژەڵە کێوییەکان بە رێژەى نزیکەى ٧٠% دەکەین، وەک رێکخراوى WWF رایگەیاندووە، راستى ئەو قسەیەمان بۆ دەردەکەوێ. ئێستا زۆر بە سانایى دەتوانین بڵێین، هاوسەنگى ژیان تێکچووە یان خەریکە تێکدەچێت. هەربۆیەشە، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە بەردەوامى داوا لە حکومەت و وڵاتان دەکەن، کە پارێزگاری لە جۆراوجۆرى زیندەیى بکەن و هۆشیاریی بدەنە هاوڵاتییان بۆ پاراستنی ئەو سامانە.
بۆیە بە تەواوى باوەڕمان وایە، یارمەتیدانى ژیانی ئاژەڵی کێوی، وەک یەکێک لە رەگەزە گرنگە ژینگەییەکان، نەک تەنها ئەرکێکی زانستی، بەڵکو ئەرکێکى ئایینى، ئەخلاقى، ژینگەیى و مرۆییشە. ئەوەى لەم خولەدا ئەزمووندەکرێ و فێردەکرێ، سەرەتایەکە، کە تێیدا بەشداربوان فێری ناسینەوەی نیشانەکانی برینداربوون یان نەخۆشیی ئاژەڵان دەبن؛ چاودێری لەناکاو دەبەخشن و، گرنگتر لە هەمووان، بەرپرسیارانە و بەبەزەییەوە مامەڵەدەکەن.
لە کۆتاییدا، بەڵام زۆر بە بایەخەوە، دەمەوێت سوپاسێکی زۆر تایبەتی جەنابی مەلامستەفا بارزانی و نوسینگەی بەرێزیان بکەم، کە وەک هەمیشە، لەم چالاکییە گرنگەشدا هاوکارمان بوون.
هەروەها پڕبەدڵ سوپاسی مامۆستا، ڕاهێنەر و هاوبەشەکانمان و هەموو بەشداربووانى بەڕێز، بە تابیەت پێشمەرگە قەرەمانەکان و ئەفسەر ژینگەپارێزەکانى بەتالیۆنی بارزان دەکەم، بۆ پابەندبوونیان بەم ئەرکە پیرۆزە. هەروەها سۆ
وپاسی کارگەی زۆم دەکەم بۆ هاوکاری و پالپشتییەکانیان، کە هەمیشە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتى و مرۆیى و پاراستنى ژینگە، لە پێشینەی کارە جوانەکانیانە. سوپاسی لێژنەکانی پرتۆکۆڵ، تەکنیکی و هەموو ئەندامانی لێژنەکانی تر دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم چالاکییە بەنرخە. هیوادارم خولێکى سەرکەوتوو و راهێنانێکى کاریگەر و ئیلهامبەخشمان هەبێ..
دواتر پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا باسی لە گرنگی ئەو جۆرە چالاکییانەی تایبەت بە پاراستنی ژینگە و پەرەپێدانی تواناکانی پێشمەرگە ژینگەپارێزەکان کرد و بە ئەرکی سێیەمی زانکۆی وەسف کرد بەتایبەتی لە سنووری دەڤەری بارزان چونکە لە دێرزەمانەوە رێبازی بارزان گرنگییەکی زۆر و تایبەتی بە پاراستنی ژینگە داوە.
پاشان پ.ی.د. ئەمیر چالی بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتارێکی پێشکەش کرد و تیازدا ئاماژەی ئەرکی پاراستنی ژینگە کرد و وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی لەقەڵەمیدا، و هەروەها پاڵپشتی وەزارەتی خوێندنی باڵای بۆ ئەو جۆرە چالاکییانە دووپاتکردەوە.
دواتر خولەکە لەلایەن ئەم مامۆستایانەی پسپۆری ئەم بابەتە بەشێوەیەکی تیۆری باسکرا :
١- عادل سلمان موسا
پسپۆری ئاژەلانی کێوی لە باخچەی ئاژەلانی هەولێر
(تێگەیشتن لە رەفتاری ژیانی ئاژەڵی کێوی لە حالەتی فریا گوزاریدا – ئاژەلەکان چۆن کاردانەوە نیشان دەدەن لە کاتی برینداریدا – نیشانەکانی فشاری دەررونی ئاژەل و ئازاروو توندو تیژی – رێکاری پاراستن لە کاتی فریا گوزاری سەرەتایی)
٢- د. مستەفا محمد زەکی پزیشکی ڤێتێرنەری و پسپۆری نەشتەرگەری لە بەرێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری هەولێر.
( بنەماییەکانی یەکەم فریا گوزاری سەرەتایی بۆ ئاژەلانی کێوی – جێگیرکردنی خوێن لێهاتن – شکانەوە و بریداربوون و برین و ئاوسبون
ئامرازەکانی بنەڕەتی بۆ یارمەتیدانی سەرەتایی و کیتەکان)
٣- پ .ی . د. ئەحمد ئیبراهیم , راگری کۆلێژی پزیشکی ڤێتێرنەری لە زانکۆی سەلاحەدین هەولێر.
(هەلسەنگاندنی بارودۆخی ئاژەلە کێوییەکان)
٤- د. کەیفی جبار حسن , زانکۆی پۆلیتەکنیک هەولێر
کۆلیژی تەکنیی شەقلاوە, پسپۆری خۆراکی ئاژەڵ
(ژینگە و خۆشگوزەرانی ئاژەلە کێوییەکان)
٥- د. عبدالرضا خلیل عزیز , پزیشکی ڤێتێرنەری بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری زۆم.
(خزمەت گوزاری زۆم ڤێتێری بۆپاراستنی ژیانی ئاژەلە کێوییەکان)
وانە کردارییەکان نمایشە کردارییەکان و مەشق و راهێنان لەلایەن پسپۆران
( د. عادل سلمان, د. مستەفا , د. ئەحمەد)
-جێگیرکردنی خوێن لێهاتن
-شکانەوە و بریداربوون
- نەشتەر گەری وگێرانەوەی ئەندامەکان
- مامەکردن و گواستنەوەی ئاژەڵە بریندارەکان
- کێسە مەیدانییەکان و لێکۆلینەوە
- چۆنیەتی راپۆتکردن و گواستنەوەی ئاژەلەکان بۆ نەخۆشخانە پزیشکییەکان
- لە کۆتاییدا سوپاس و پێزانین بە مامۆستایانی پسپۆری بوارەکە درا و بڕوانامەی بەشداربوون بە ئەفسەر و پێشمەرگەکانی ژینگە پارێزی بارزان دران


















































