زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەسپێکی پرۆسەی خوێندن بۆ ساڵی نوێی ئەکادیمی 2022-2023 رادەگەیەنێت

ئەمڕۆ چوارشەممە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە نووسراوی ژمارە 6965 لە 31.8.2022 کە ئاراستەی گشت کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان کراوە تیایدا دەستپێکی پرۆسەی خوێندنی ساڵی نوێی ئەکادیمی 2022-2023 دیاریکرد.

هەروەک لە ناوەرۆکی نووسراوەکەدا هاتووە رۆژی شەممە رێکەوتی 10.9.2022 یەکەم رۆژی دەستپێکی دەوامی فەرمی دەبێت و داوا لە قوتاببیان و خوێندکارانی ئازیز دەکەین کە پابەند بن بە پرۆسەی خوێندن و ئامادەبوونیان لە هۆڵ و تاقیگەکان بەپێی خشتەی وانەوتنەوە.

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری لە کار و چالاکیەکانی کۆنفرانسی زانستی تایبەت بە پرۆسەی بۆلۆنا دەکەن

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە سەرۆکایەتی سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی بەشداری لە کارو چالاکیەکانی کۆنفرانسی زانستی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کە تایبەت بە پرۆسەی بۆلۆنا کرد کە بۆماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.

کۆنفرانسەکە لە رۆژانی 28 و29ـی ئابی 2022 لە هۆتێلی رۆتانا – هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا شاندی زانکۆمان لە ڕێگای پانيل و پرێزنتێشن و گفتوگۆی راستەوخۆ بەشداربوون.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر یەکێکە لەو زانکۆیانەی کە لە ماوەی رابردوودا کاری لەسەر پرۆسەی بۆلۆنا کردووە و بەشدارییەکی کاریگەری هەبوو لە کۆنفرانسەکە.
شایانی باسە نوێنەرانی گشت زانکۆ حکومی و تایبەتەکان، هەروەها شارەزایانی بیانی لە چەند وڵاتێکی ئەوروپی و دەوروبەر لە بواری پرۆسەی بۆلۆنا بەشدار بوون لەم کۆنفرانسە.

ئامانج له‌م كۆنفرانسه‌ پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنە بۆ ڕەهەندە جیاجیاکانی بۆڵۆنیا پڕۆسێس‌، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیبەیتی زانستی گرفت و ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئەم پڕۆسەیە دەستنیشانبكرێت و رێکار و نەخشەڕێگای گونجاو بۆ چارەسەرکردنیان دیاری بكرێن کە ماوەی حەوت ساڵە بڕیاری جێبەجێکردنی دراوە.

ئەمڕۆش کۆنفرانسی بۆلۆنا بەشێوەیەکی سەرکەوتوو کۆتایی بە کارکانی خۆی هێنا.

دوو قوتابی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر مەشقی هاوینەیان لە زانکۆی (نزوی) لە سەڵتەنەتی عوممان ئەنجام دا

لە چوارچێوەی کاروچالاکییەکانی بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆمان و دوای پرۆسەی هەڵسەنگاندن دوو قوتابی قۆناغی سێیەمی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر بەشدارییان کرد لە مەشقی هاوینە لە زانکۆی (نزوى) لە وڵاتی عوممان کە ماوەی سێ هەفتە لە 1/8 تاکو 21/8/2022 بەردەوام بوو.

لە میانەی مەشقەکەیاندا قوتابییان ئاشنا بوون بە کەلتووری سەڵتەنەی عوممان و پرۆگرام و سیستەمی خوێندنی زانکۆی (نزوى)، هەر لەو ماوەیەشدا قوتابییان سەردانی چەندین تاقیگەی کۆلێژی ئەندازیارییان کرد و راهێنانیان لەسەر چەند ئامێرێکی پێشکەوتوو پێکرا و هەروەها قوتابییانی زانکۆمان چەند چالاکییەکی کەلتوری و زانستییان ئەنجام دا و وەک سیمنار دەربارەی سیستەمی خوێندن لە زانکۆمان و ناساندنی کەلتوری کوردستان.

شیاوی باسە ئەم پرۆگرامە دوای بەشداری کردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە 27ـەمین کۆڕبەندی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ راهێنانی هاوینە کەوتە بواری جێبەجێ کردن و بڕیارە ساڵانی داهاتووش بەردەوام بێت بۆ ئەوەی دەرفەت بە قوتابیانی قۆناغی سێیەمی کۆلێژەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە بوارە جیاوازەکان بدرێت مەشقی هاوینە لە یەکێک لە زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی ئەنجام بدەن.

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە نوێنەری کۆمپانیای (بی. بی. دەبلیو)ـی ئەڵمانی دەکات

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 24ـی ئابی 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی پێشوازی لە نوێنەری کۆمپانیای (بی. بی. دەبلیو)ـی ئەڵمانی کرد.

لە دیدارێکدا بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، گفتوگۆ کرا دەربارەی بەرەو پێشبردنی ئاستی پراکتیکی و پیشەیی زانکۆمان لە رێگەی ئەنجامدانی خولی راهێنان لە لایەن کۆمپانیای ناوبراو بۆ مامۆستایان و ستاف و قوتابیانی زانکۆمان بەشێوازی ستانداردی جیهانی و پەیڕەو کردنی (دواڵ سیستەم)، کە بڕیارە لەئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت.

1 2 3 5