هەردوو وەزارەتى خوێندنى باڵا و کار، یاداشتنامەیەکی لێک تێگەیشتن واژوودەکەن

بەئامانجى بەستنەوەى زیاترى پرۆگرامەکانى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بە بازاڕى کار و ئاشنابوونى زیاترى قوتابیان بەیاساکانى کارو خانەنشینى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى، یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى واژوو کرا.

ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى 8ـی ئابی 2022 بەسەپەرشتى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کوێستان محمد، وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى و ئامادەبونى بریکارانى هەردو وەزارەت و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی و ڕاوێژکار و بەڕێوبەرانى گشتى هەردوو وەزارەت ، لە ڕێوڕەسمێکدا یاداشتنامەى لێکگەیشتنى نێوان هەردوو وەزارەت بۆ پەرەپێدانى زیاترى پرۆسەى بەکارخستن و بنیادنانى کارامەیى ئیمزاکرا.

لە دەستپێکدا وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى ئاماژەى بە گرنگى ئیمزاکردنى ئەم یاداشتە کردو ڕایگەیاند: ئامانجى سەرەکى لەم یاداشتە دروستکردنی هەماهەنگی زانستی و سود وەرگرتنە لە توانا ماددی و مرۆییەکانی نێوان هەردو وەزارەت و ئاڵوگۆڕی زانیاری سەبارەت بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و گونجاندنی لەگەڵ ناوەڕۆکی پڕۆگرامی خوێندن و ڕاهێنان لە زانکۆکان. وتیشى: بەپێى خاڵەکانى یاداشتەکە هەماهەنگى دەکرێت لەنێوان (بەشەکانی بەکارخستنی بەڕێوەبەرایەتیەکانى کار)ى سەر بە وەزارەتى کار لەگەڵ (سەنتەرەکانی گەشەپێدانی کار-(سی، دی، سی)ی زانکۆکانی کوردستان بۆ تۆمارکردنى ناوى دەرچوانى زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ مەبەستی ڕاهێنان و دۆزینەوەى هەلى کار لە کەرتى تایبەت بۆ دەرچوانی بێکار.

لەلایەن خۆیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە خاڵە گرنگەکانى ئیمزاکردنى یاداشتنى نێوان هەردو وەزارەت کردو ڕایگەیاند: فراوانکردنی پانتایی خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ و بەستنەوەی زیاتری پرۆسەی خوێندنی تەکنیکی بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و داڕشتنەوەی ستراتیجی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە کوردستان، لە کارە گرنگەکانى وەزارەتەکەمانە لەم کابینەیە، بۆیە ئیمزاکردنى ئەم یاداشتنامەیە یارمەتیدەرمان دەبێت بەمەبەستى گرنکى دانى زیاتر بە خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى.

هەروەک وتیشى: ئەنجامدانی کاری هاوبەش بۆ دەستنیشانکردنی کارامەییە پێویستەکان و کەلێنی کارامەیی و گونجاندنی لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابوری کوردستان، هەروەها هەماهەنگی بۆ بەدواداچونی دەرچوان بەمەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری لە بارەی ڕێژەی دەستکەوتنی کار و هەڵسەنگاندنی ئاستی پەیوەندی  کاری دەرچوان بە پسپۆڕی و کارامەییەکانیانەوە خاڵى سەرەکى نێو یاداشتەکەن.

جێگەى ئاماژەیە بەشێکى دیکەى یاداشتنامەى لێکگەیشتنى نێوان هەردو وەزارەت بریتیە لە: هاندانی توێژەران لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی دەربارەی کاریگەرییەکانی جێبەجێکردنی (یاسای کار و یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران) لەسەر بازاڕی کار و گەشەکردنی ئابوری هەرێمی کوردستان، هەروەها ڕەخساندنی دەرفەتی ڕاهێنان بۆ خوێندکارانى زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان بەمەبەستى سود  وەرگرتن لە وەرشەکانى ڕاهێنانى پیشەیی سەر بە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و هاندانی دەرچوانى زانکۆکانی هەرێمى کوردستان بۆ بەشداریکردن لە خولەکانى ڕاهێنانى پیشەیی و خولەکانى بەهێزکردنى تواناکان بۆ ئامادەکردنى گەنجان تاوەکو بتوانن دوای دەرچون بە پڕۆژەوە بچنە ناو بازارى کار.

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە ژمارەیەک قوتابی کرد کە بڕیارە گەشتی مالیزیا بکەن بۆ ئەنجامدانی مەشقی هاوینە

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 9ـی ئابی 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی پێشوازی لە ژمارەیەک قوتابی زانکۆمان کرد کە بڕیارە لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی قوتابییان لە نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆکانی جیهان گەشتی وڵاتی مالیزیا بکەن بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقی هاوینە.


لە دیدارێکدا کە هەریەک لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و قوتابییان، بەرێوبەری ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسی هۆبەی پەیوەندییە رۆشنبیرییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ کورتەیەکی دەربارەی وڵاتی مالیزیا و پێشکەوتنەکانی لە گشت بوارەکان باسکرد بەتایبەتی لە بواری زانستی و ئەکادیمی و کلتوری پێکەوەژیان لەو وڵاتە.


هەروەها بەرێزیان هیوای خواست کە گەشتی بەدەستهێنانی زانست و زانیاری بێت بۆ قوتابییان و پاڵپشتی تەواوی سەرۆکایەتی زانکۆی بۆ دەربڕین و بەرێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی راسپارد کە بەردەوام لەگەڵیان لە پەیوەندیدا بن.


هەر لەو دیدارەدا سەرۆکی زانکۆ رێنمایی قوتابییانی کرد کە هەوڵ بدەن لە سیمنار و چالاکییەکانیاندا لەو وڵاتە باسی پێشکەوتن و گەشەسەندنەکانی کوردستان بکەن لە بوارەکانی زانستی، ئەکادیمی، ئاوەدانی و ئەو کلتوری پێکەوە ژیانەی کوردستان کە لە نێوان نەتەوە و ئایینەکاندا هەیە.


لە بەرامبەردا قوتابییان زۆر سوپاسی سەرۆکی زانکۆیان کرد بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە تا لەرێگەیەوە قوتابییان ئاشنابن بە ئەزمون و کلتوری وڵاتان، هەروەها داوایان کرد کە ئەم جۆرە گەشتانە لە ساڵانی داهاتووش بەردەوام بن بۆ قوتابییان.