قوتابیانی میوانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە و پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر دەکەن

لە چوارچێوەی پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پڕۆگرامی ئالۆگۆڕی قوتابیان لەگەڵ زانکۆکانی جیهان، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 7ـی ئابی 2022 شاندێکی قوتابیانی زانکۆکانی (نجاح الوطنية)ـی فەڵەستینی، پۆلیتەکنیکی فەڵەستینی و (نزوى)ـی عوممانی سەردانی کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە و پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆریان کرد.


لە میانەی سەردانەکەیاندا بەش و تاقیگەکانیانی کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوەیان بەسەرکردەوە و بەشدارییان لە چەند چالاکییەک کرد. دواتر سەردانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆریان کرد و لە سمینارێکدا بۆ قوتابییانی میوان لە راگری پەیمانگەی ناوبراو رۆشنیایی خستە سەر گرنگی و ستراتیژیەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ئێستا و ئایندە. پاشان تیشکی خستە سەر مێژووی گەلی کورد و کوردستان ئەو مەینەتیانەی بەسەر گەلی کوردا هاتوون وەک جینۆسایدکردن و کیمیابارانکردنی گەلی کورد، و ئەو پێشکەوتنانەی کوردستان بەخۆیەوە بینیویەتی بە تایبەتی لە رووی کەلتوری پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن و رێزگرتن لە بیروڕا جیاوازەکان. هەروەها قوتابیانی میوان سەرسامی خۆیان بە پێشکەوتنەکان و ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان و کەلتوری پێکەوە ژیان و رۆشنبیری هاوڵاتیانی کوردستان دەربڕی.


هەر لەمیانەی سەردانەکەدا قوتابییانی میوان سەردانی مەزاری نەمرانیان کرد لە بارزان و تاجە گوڵینەیان لەسەر گلکۆی نەمران دانا، پاشان سەردانی مۆنۆمێنتی جینۆسایدی ئەنفالکراوانی بارزانیان کرد.