دوو قوتابی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر مەشقی هاوینەیان لە زانکۆی (نزوی) لە سەڵتەنەتی عوممان ئەنجام دا

لە چوارچێوەی کاروچالاکییەکانی بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆمان و دوای پرۆسەی هەڵسەنگاندن دوو قوتابی قۆناغی سێیەمی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر بەشدارییان کرد لە مەشقی هاوینە لە زانکۆی (نزوى) لە وڵاتی عوممان کە ماوەی سێ هەفتە لە 1/8 تاکو 21/8/2022 بەردەوام بوو.

لە میانەی مەشقەکەیاندا قوتابییان ئاشنا بوون بە کەلتووری سەڵتەنەی عوممان و پرۆگرام و سیستەمی خوێندنی زانکۆی (نزوى)، هەر لەو ماوەیەشدا قوتابییان سەردانی چەندین تاقیگەی کۆلێژی ئەندازیارییان کرد و راهێنانیان لەسەر چەند ئامێرێکی پێشکەوتوو پێکرا و هەروەها قوتابییانی زانکۆمان چەند چالاکییەکی کەلتوری و زانستییان ئەنجام دا و وەک سیمنار دەربارەی سیستەمی خوێندن لە زانکۆمان و ناساندنی کەلتوری کوردستان.

شیاوی باسە ئەم پرۆگرامە دوای بەشداری کردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە 27ـەمین کۆڕبەندی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ راهێنانی هاوینە کەوتە بواری جێبەجێ کردن و بڕیارە ساڵانی داهاتووش بەردەوام بێت بۆ ئەوەی دەرفەت بە قوتابیانی قۆناغی سێیەمی کۆلێژەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە بوارە جیاوازەکان بدرێت مەشقی هاوینە لە یەکێک لە زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی ئەنجام بدەن.