کۆبوونەوەی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵای هەرێم وعێراق و خاچی سوور بەرێوەچوو

رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 16ـی ئابی 2022 لە هۆتێلی کانیۆن لە هەولێر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زاسنتی بەشداری کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی لە نێوان نوێنەرانی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی/عێراق و هەرێم، وەزارەتی تەندروستی/ عێراقی فیدرال، رێکخراوی نێودەوڵەتی خاچی سوور(ئای.سی.ئاڕ.سی) کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی تێروتەسەل کرا سەبارەت بە میکانیزمی وەرگتنی قوتابیان و دابین کردنی ستافی ئەکادیمی و پێداویستیەکانی بەشی تەکنیکی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان لە کۆلیژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر. و هەروەها کردنەوەی خوێندنی باڵا/ ماستەر تایبەت بەم بەشە بە هاوکاری گشت لایەنەکانی سەرەوە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بوو.

شایانی باسە بەشی تەکنیکی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان تاکە بەشی زانستیە لەسەر ئاستی عێراق کە بەهاوکاری و بەشداری گشت لایەنەکانی سەرەوە و پاڵپشتی دارایی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە ساڵی ئەکادیمی 2019-2020 هاتە دامەزراندن.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و یەکێتی ئەوروپا پرۆژەیەکی تایبەت بە پێشخستنی پرۆگرامەکانی خوێندنی کشتوکاڵ رادەگەیەنن

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 16ـی ئابی 2022 یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی پێشوازی کرد لە مارک ڤانستینکیست شارەزای پێشکەوتوو لە فێرکاری تەکنیکی و پیشەیی لە کۆمپانیای کۆواتەر .

لە دیدارێکدا بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابییان و بەرێوبەری پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن، گفتوگۆ کرا دەربارەی پرۆژەی (تی.ڤی.ئی.تی) کە خۆی لە “شێوازی نوێی ڕاهێنانی مامۆستا، پرۆگرامی خوێندن و تاقیکردنەوەی لێهاتوویی بۆ (تی.ڤی.ئی.تی) لە کەرتی کشتوکاڵ و زنجیرەی بەهای خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ بەرهەمێکی کشتوکاڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان” دەبینێتەوە.

ئامانجی پرۆژەکە گرنیگی دانە بە گەنجانی عێراق و هەرێمی کوردستان تاکو لەرێگەیەوە (هەلی کار و بەرزکردنەوەی شارەزایی لە بازاڕی کار) لە سێکتەری کشتوکاڵ بەدەست بهێنن.

پرۆژەکە بە هاوبەشی لەلایەن (کۆمپانیای کۆواتەر ئینتەرناشناڵ، (جی.ئای.زێت) ئینتەرناشناڵ و ستارز ئۆربیتی) جێبەجێ دەکرێت کە ڕاستەوخۆ لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت و لە هەرێمی کوردستان تەنها زانکۆمان دیاریکراوە.

لە ماوەی سەردانەکەیدا نوێنەرەکەی کۆمپانیای کۆواتەری کەنەدی هەر یەک لە کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە و پەیمانگەی تەکنیکی خەبات بەسەردەکاتەوە بەمەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتێک دەربارەی چۆنیەتی جێبەجێکردنی پرۆژەکە بۆ بەشە کشتوکاڵیەکان و چۆنیەتی پێشخستن و دیزاینکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن بە پێی پێویستی بازاری کار و پێشکەش بە یەکێتی ئەوروپای دەکات.

شیاوی باسە بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 پرۆژەکە دەچێتە بواری جێبەجێ کردن لە هەردوو کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە و پەیمانگەی تەکنیکی خەبات.